"ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان گوماناوییە و هۆکارەکانی سروشتی نین"

شادان ئەبوبەکر، ئەندازیاری کشتوکاڵ و سەرۆکی کۆمەڵەی کوردستانی سەوز دەڵێت: دەبێت کێشە سیاسیەکان چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی ناوچە کشتوکاڵی و دارستانەکانی کوردستان چیتر نەکرێتە ئامانج.

سلێمانی

 

کەوتنەوەی ئاگر لە خاکی کوردستاندا بە تایبەت باشوور، ڕۆژئاوا ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دیاردەیەکی گوماناوییە، ناوچە شاخاوییەکان کەوتونەتە بەرهێرشی بەردەوامی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا و ڕژێمی ئیسلامی ئێران، کە کردنە ئامانجی ژینگەش بەشێکە لە پلانەکانیان. لەگەڵ ئەوەی هۆکاری سروشتی دەبێتە هۆی ئاگر کەوتنەوە لە وەرزی هاویندا، بەڵام واتای ئەوە ناگەیەنێت کە هەموو دیاردەکانی ئاگر کەوتنەوە دەستی مرۆڤی تیایدا نییە.

 

"زیادبوونی ئاگرکەوتنەوە لە ناوچەکانی کوردستان هۆکاری گوماوناوی هەیە"

شادان ئەبوبەکر، ئەندازیاری کشتوکاڵی و سەرۆکی کۆمەڵەی کوردستانی سەوز، ڕوونی کردەوە، لە ئێستادا دیاردەی ئاگر کەوتنەوە زیادی کردووە کە هەندێک هۆکاری لە پشتە، دارستانەکان کە پانتاییەکی فراوانی هەیە بە هۆکاری سروشتی و ناسروشتی ڕووبەڕووی سووتان دەبنەوە و لە هەموو جیهانیشدا ئەم حاڵەتانە ڕوودەدەن، بەڵام لە ڕاستیدا پێویست دەکات پارێزگاریان لێ بکرێت، چونکە مرۆڤ و زیندەوەرەکان بەهۆی ژینگەوە دەتوانن بەردەوامی بە ژیان بدەن، وتیشی: کوردستان بە دەگمەن ڕووبەڕووی ڕووداوی سروشتی دەبێتەوە، هۆکارەکانی ئاگر کەوتنەوە زیاتر دەستکردی مرۆڤە، کوردستان هاوسنوورە و وڵاتانی دراوسێشی دۆستی کورد نەبوون، تاکو ئێستاش بەردەوام هێرش دەکرێتە سەر ژینگە و سروشتی خاکی کوردستان و کێڵگەی کشتوکاڵیەکان و ناوچە شاخاوییەکان بە سووتان و بڕینەوەی دارستانەکان ناوەستن، لەبەرئەوە هۆکاری ئاگر کەوتنەوەکان هۆکاری سیاسین و دەوڵەتانی دراوسێی لە پشتە.

 

"هۆشیارکردنەوە و پاراستی دارستانەکان مەرامە خراپەکان پوچەڵ دەکاتەوە"

شادان ئەبوبەکر، ئەندازیاری کشتوکاڵی، وتی: دەبێت لە ڕێگەی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەوە دارستانەکانی خۆمان بپارێزین، ئاستی ڕۆشنبیری بەرز بکرێتەوە، لە نەوەی داهاتووەوە دەستپێبکرێت کە ژینگە و خاکی نیشتمانیان خۆشبوێت، پێویستە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان کار و چالاکییەکانیان زیاتر پەرەپێبدەن، ئەو کەرەستانەی لە کاتی ئاگر کەوتنەوەکاندا پێویستە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دەستەبەر ببێت و بەزووترین کات بگەنە شوێنی ئاگر کەوتنەوەکان.

 

لە درێژەی قسەکانیدا شادان ئەبوبەکرد ئاماژەی بەوە کرد، بۆ دیاردەی ئاگرکەتنەوە لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان وەک کۆمەڵەی کوردستانی سەوز و ڕێکخراوە ژینگەییەکان، چەند داواکارییەکمان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بەرز کردەوە، تا ڕێگری لە دەستدرێژی بۆ ژینگەی کوردستان و بۆردوومانەکان بۆ ناوچە سنوریەکانی ئێمە لەلایەن دوژمنانی کوردەوە ڕابگیرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا وەک پێویست کاری بۆ نەکراوە.

 

"نەبوونی یاسای سزادانی ژینگەیی هۆکاری کەمنەکردنەوەی کێشە ژینگەییەکانە"

شادان ئەبوبەکر تیشکی خستەسەر نەبوونی یاسایەک بۆ سزادانی هەر کەسێک کە هۆکاری زیان گەیاندن بە ژینگەیە و وتی: لەگەڵ ئەوەی ڕێنمایی و یاسای ژینگەی زۆر باش هەیە، بەڵام لە دادگادا کەسی سزادراو بە بڕە پارەیەک خۆی قوتار دەکات، کەواتە بە دانانی سزا ژینگەییەکان پێشێلکاری بەرامبەر بە ژینگە کەم دەبێتەوە، جگە لەوە، کۆمەڵێک ڕێکخراوی پارێزەری ژینگەیی هەیە لە ئێستادا کار و چالاکی بەڕێوە دەبەن بۆ زیادکردنی هۆشیاری و جوانتر کردن و پاراستنی ژینگە و بوونەتە هۆکاری بەرگریکردن لە سروشتی کوردستان، ئەگەر ئەم چالاکییانە بەردەوام بێت و پۆلیسی دارستان کەرەستەی تایبەت بە ئاگرکوژێنەوە و پاراستنی ژینگە دابین بکات، پێکەوە هەمووان دەتوانن لە هەموو بارۆدۆخێکدا ژینگە بپارێزن.

 

ئەو چالاکوانە ژینگەییە باسی لە چارەسەرەکان بۆ پاراستنی خاکی کوردستان کرد، کە چیتر سروشتی کوردستان ڕێگە نەدرێت بشێوێنرێت بە تایبەت لە ڕێگەی سووتانی ناوچە کێڵگەییەکان، وتی: ئێمە دەبێت بەردەوام بین لە دواکارییەکانمان بۆ ئەوەی چیتر کوردستان نەکرێتە ئامانجی وڵاتە هاوسنورییەکانی کوردستان، کێشە سیاسییەکان چارەسەر بکرێن لە ڕێگەی دانوستانەوە، ژینگە موڵکی هەموو کۆمەڵگەیە دەبێت بە هەموو چین و توێژەکان پارێزگاری لێ بکەین، چونکە ئەگەر ژینگە نەمێنێت واتا ژیانی مرۆڤایەتی و زیندەوەرەکان دەوەستێت، بۆیە پێویستە ئاستی هۆشیاری خەڵک بەرز بکرێتەوە.

 

شادان ئەبوبەکر وەک چالاکوانێکی ژینگەیی دەڵێت: پێویستە هۆشیارکردنەوە لە خێزانەکاندا دەستپێبکات، هەستی بەرپرسیارێتی هەر تاکێکی کۆمەڵگە بۆ پاراستی ژینگە زیاتر گرنگی پێبدرێت و زیاتر ببێت، پێویستە دایکان پەروەردەی ژینگەیی بە منداڵەکانیان بدەن و خۆشەویستییان بۆ ژینگە زیاد بکەن.