"پێویستە ژنان لەسەر هزری ڕێبەر ئۆجالان تێکۆشان بکەن"

ژنانی ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان دۆخی ژنان و هێرشە بە ئامانجەکانی توندوتیژی سەر ژنانیان هەڵسەنگاند و ڕایانگەیاند، ژنان دەتوانن بە هزری ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان تێکۆشان بکەن.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین- تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان لەگەڵ ڕاگەیاندنی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سیمینار و چالاکییەوە، هۆشیاری لەبارەی توندوتیژی و ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە دژی ژنان بڵاو دەکاتەوە.

 

سارا ڕەزا، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، لە سەرەتای قسەکانیدا وتی: "لە کەسایەتی خوشکانی میراباڵدا بەژنی خۆم بۆ هەموو ئەو ژنانەی لە پێناوی ئازادیدا تێکۆشانیان کرد، نەوی دەکەم"، هەروەها مێژووی ٢٥ی تشرینی دووەمی باسکرد، کە سێ لە خوشکانی میراباڵ لەلایەن دەسەڵاتی ئەوکاتی دۆمێنیکاوە دەستدرێژییان دەکرێتەسەر و دەکوژرێن، ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ زیادکردنی تێکۆشانی ژنان دژی هەر نادادی و دەستدرێژییەک و تا ئەمڕۆژە بووەتە جیهانی و هەموو ساڵێک لەو کاتەدا چالاکی بەرەنگاری دژی توندوتیژی بەڕێوەدەچێت.

 

"شەڕ زۆرترین توندوتیژی بۆ سەر ژنان هێناوەتە کایەوە"

سارا ڕەزا باسی لە دۆخی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد، بە تایبەتی ژنانی کورد، کە زۆرترین توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، چونکە بووەتە ناوەندی شەڕ و هەژاری، وتیشی: ئەمڕۆ ژنان بەهۆی ئەقڵیەتی دەسەڵاتخوازی و پیاوسالارییەوە ڕووبەڕووی زۆرترین توندوتیژی دەبنەوە، لە هەمان کاتدا بە ئەقڵیەتێکی ئیسلامی سیاسی جارێکی تر ژنان دەکرێنە ژوورەکانەوە و بێبەش دەکرێن لە مافەکانی خۆیان، هەروەها لە باشووری کوردستان چەمکی ئازادی بە لاڕێدا براوە، ئەمەش مەترسییە و لەژێر ئەو ئەقڵیەتەدا و بە ناوی ئازادییەوە بازرگانی بە جەستەی ژنانەوە دەکرێت، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی و ڕاگەیاندنەکاندا ژنان بە شێوەیەکی بەرفراوان کەوتوونەتە بەر هەڵمەتی توندوتیژی.

 

سارا ڕەزا باسی لە یاساکان کرد و وتی: ڕێبەری گەلی کورد، عەبدولا ئۆجالان دەڵێت لە شوێنێک یاسا هەبێت، ئەخلاق بوونی نییە، ئەمە لەبەرئەوەیە کە یاساکان لەلایەن پیاوانەوە دادەڕێژرێن و لە سوود و قازانجی خۆیاندایە، لەو چوارچێوەیەشدا ژنان دەکەونەوە بەردەم توندوتیژی، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسنامەی ژن لەناوبرابوو، ڕێبەر ئۆجالان دەرگای لە بەردەم ئەم دۆزە کردەوە و دەستیبرد بۆ باسکردن لە ژنان، ئێستاش ژنان لەسەر بنەمای ئازادی ژن لە کار و تێکۆشاندان و پێشەنگایەتی لە کاری سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و دیبلۆماسیدا دەکەن.

 

لە کۆتاییدا سارا ڕەزا جەختی کردەوە کە، ئامانجیانە ژن و پیاو بگەڕێتەوە سەر ژیانی کۆمەڵگەی سروشتی، کە یەکسانی و هاوسەنگی هەبووە و وتی: پێویستە ژن مێژوو و ئیرادە و ناسنامەی خۆی بناسێت، لەبەرئەوەی ژنان کاتێک ئیرادە و ناسنامەی خۆیان دەناسن هیچ دەسەڵاتێک و دوژمنێک ناتوانن ڕێگرییان لێبکەن و ببنە بەربەست لەبەردەم تێکۆشانیان بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە.

 

"پێویستە توندوتیژییەکان قبوڵ نەکەین"

سارا کریم، ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لە ڕانیە، باسی لە دۆخی ژنان کرد، کە هۆکارەکەی ئەقڵیەتی نێرە و لە ئامانجی ئایدۆلۆژی و سیاسی داهێنراوە بۆ دەستەمۆکردنی ژنان، وتیشی: بێ گومان ئەم ئەقڵیەتە بەردی بنا‌غەی سیستمی سەرمایەدارییە، بۆیە تا ئەو ئەقڵیەتە بەردەوام بێت، ئێمە لەو بارودۆخە ڕزگارمان نابێت، پێویستە ئێمەی ژنان لە سەر فکری ڕێبەر ئاپۆ هاوسەنگی ڕەگەزی خۆمان و ئەو بارودۆخە تێپەڕێنین و خۆمان ڕزگار بکەین لەو ئاستەی کە ژنیان تیادا قەتیس کردووە، بۆیە داوا لە هەموو ژنانی جیهان دەکەم بە تایبەتی ژنانی گەلی کورد، ئەو توندوتیژییەی کە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، قبوڵی نەکەن، چونکە ئێمەش مافی ڕەوای خۆمان هەیە و پێویستە ئێمەی ژن هەموو بە ئازادی ژیان بکەین و بتوانین مافی ڕەوای خۆمان دەستەبەر بکەین .