داستانێک لە کۆبانێوە بۆ ڕانیە؛ کاتێک باوکێک خوێنی جگەرگۆشەکەی دەسپێرێت و دەچێت خاک بپارێزێت
لەو ساتانەی کە ویژدانی جیهان لە ئاست زامی ڕۆژئاوای کوردستان نوستبوو، لە باشووری نیشتمانەوە هەزاران چیرۆکی وەفاداری وەک گوڵاڵە سوورەکان سەریان هەڵدا، بەڵام چیرۆکی "وەستا حاجی موسلیم" تەنها هەواڵێک نییە، بەڵکو ئەفسانەیەکی زیندووە.
ڕانیە
لە ساڵی ٢٠١٤ەوە، کاتێک "کۆبانێ" بوو بە سیمبوولی بەرخۆدان، وەستا حاجی موسلیم وەک هەزاران ڕۆڵەی دیکەی ئەو خاکە، ئاوارەی باشووری کوردستان بوو و لە باوەشی شاری ڕانیە گیرسایەوە. ژیان لێرە بە ئارامی دەڕۆیشت تا ئەو ساتەی زەنگە مەترسیدارەکانی هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوای نیشتمان لێدرانەوە، چارەنووس وای خواستبوو، لە هەمان کاتدا کە جەستەی ڕۆژئاوا لەژێر بۆردووماندا دەلەرزی، جەستەی بچووک و ناسکی کچە سێ ساڵانەکەی وەستا حاجیش بکەوێتە بەر نەشتەری نەخۆشی، کچەکە پێویستی بە نەشتەرگەرییەکی بەپەلە و چارەنووسساز هەبوو.
وەستا حاجی موسلیم، لە ڕێڕەوی نەخۆشخانەکەدا، بە مۆبایلەکەی سەیری دیمەنەکانی ڕۆژئاوای دەکرد و هەر دیمەنێکی ئاگر و دووکەڵ، وەک تیغێک لە دڵی دەچەقی. لە بەردەم دووڕیانێکی ویژدانیدا ڕاچڵەکی: لە لایەک جەرگی خۆی "کچەکەی" لەسەر تەختی نەخۆشخانە خەوێندراوە و چاوەڕێی دەستی پزیشکە، لە لایەکی تر دڵی خۆی "ڕۆژئاوا" خەڵتانی خوێنە و چاوەڕێی دەستی شەڕڤان و سەفەربەرانە.
ئەو نەیتوانی بەرگە بگرێت، نەیتوانی تەنها تەماشاکەر بێت کاتێک زێدەکەی دەسووتێت. بڕیارە سەختەکەی دا؛ کچەکەی سپارد بە خودا و پزیشکەکان، خۆیشی ڕووی کردە ئەو ڕێگایەی کە بۆنی مەرگ و ژیانی لێ دەهات.
لەمیا موسلیم، خوشکی وەستا حاجی کە شایەتحاڵی ئەم ساتە مێژووییە بوو، بە دەنگێک کە تێکەڵاوە لە شانازی و حەزی شۆڕشگێڕی وتی: ڕۆژی نەشتەرگەرییەکە بوو، حاجی وەک دەوی شێت و هار ببوو، ئارامی لێ بڕابوو، سەیری چاوەکانیم کرد، پڕ بوون لە هاوار بۆ کۆبانێ، پێم وت: براکەم! ئەگەر دڵت لێرە نییە و لای سەنگەرەکانە، بڕۆ! خەمی کچەکەت نەبێت، ئێمە لێرەین و دەبین بە دایک و باوک بۆی، ڕێگاکەی مەترسیدار بوو، ڕێگای هات و نەهات بوو، بەڵام ئێمە سەربەرزین بەو هەنگاوەی، ئەو ڕۆیشت تا شەرەفی هەموومان بپارێزێت.
ئەم خوشکە بەو وشە ئاگرینانە، پلێتی سەفەرێکی پڕ لە مەترسی بە براکەی بەخشی و سەلماندی کە ژنی کورد هەمیشە پاڵپشتیی شۆڕش بووە.
حاجی موسلیم گەیشتەوە ڕۆژئاوا، ئەو شوێنەی کە خاکەکەی تینووی بەرگری بوو، لەوێوە، لە نێوان دەنگی گولـلە و بۆنی بارووت، پەیوەندی بە "جیهان مستەفا''ی هاوژینییەوە دەکات، ئەو هاوژینەی کە لە نەخۆشخانە لە تەنیشت کچە بێهۆشەکەیان دانیشتووە.
بە دەنگێک کە ئیتر لەرزی دڵەڕاوکێی تێدا نەماوە و پڕ بووە لە ورەی پۆڵایین، بە هاوژینەکەی وت: خەمتان نەبێت، لێرەین، ورەمان بەرزە وەک چیاکان، شەڕڤانان وەک شێرن، دڵنیابە سەردەکەوین، چۆن کچەکەمان چاک دەبێتەوە، ئاواش نیشتمان لەم نەخۆشییە هەڵدەستێتەوە.
ئەمە چیرۆکی باوکێکە کە لە ڕانیەوە هەڵفڕی، تا لە کۆبانێ نەهێڵێت باڵندەی ئازادی باڵەکانی بشکێت.