ژنانی سودان لە نێوان ئاوارەبوون و برسێتی و توندوتیژیدا گیریان خواردووە

دوای هەزار ڕۆژ لە سەرهەڵدانی ململانێی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، ژنانی سودان باجی سەخت دەدەن، ڕووبەڕووی چەندین جۆری دەستدرێژی دەبنەوە، دیارترینیان توندوتیژی سێکسی، دووبارە ئاوارەبوون، لەدەستدانی بژێوی ژیانە.

میرڤەت عەبدولقادر

 

سودان-دوای هەزار ڕۆژ لە سەرهەڵدانی ململانێ لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە ١٥ی نیسان، ژنانی سودان بەردەوامن لە هەڵگرتنی قورسایی ئەم ململانێیە، لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر ڕۆژێکدا ئازارەکانیان توندتر دەبێت، تووشی جۆرەها دەستدرێژی دەبنەوە، لەوانە توندوتیژی سێکسی، ڕفاندن، کۆیلەکردن و بازرگانیکردن، ئەمەش لە نێوان نەبوونی یاسا بۆ پاراستنیان و نەبوونی هاوسۆزی کۆمەڵایەتی ڕوودەدات، هەروەها ژنان ڕووبەڕووی سەختی ئاوارەبوون و لەدەستدانی بژێوی ژیانیان دەبنەوە و بارگرانی پەروەردەکردنی منداڵ لە ناو شەڕدا سەختە.

 

ژنانی سودان لەم کاتەی ململانێیەدا بەرگەی سەختترین ئەزموونەکانیان گرت، بۆ چەند ڕۆژێک بە پێ مەودای بەرفراوانیان تێپەڕاند، منداڵەکانیان لەسەر پشتیان هەڵگرت، بەبێ کەلوپەل و ئاو و خواردن، هەروها ترسێکی بەردەوام لە نەزانراوەکان هێرشی دەکردە سەریا، لە گەشتێکدا کە هیچی کەمتر نییە لە ئەزموونکردنی دڕندانەی مرۆڤایەتی و خۆڕاگری.

 

بۆ ژنانی سودان ئاوارەبوون تاقیکردنەوەیەکی دووبارەبووەوەیە، هەر ناوچەیەک کە هێزەکانی پشتیوانی خێرا پێی دەگات، دەبێتە جێگەی نیشتەجێبوون، ئەمەش ناچاریان دەکات جارێکی دیکە هەڵبێن و بەدوای پارێزراوی و پاراستنی خۆیان و منداڵەکانیاندا بگەڕێن، لە کامپێکی شاری ئەبەز لە پارێزگای کۆردۆفانی باکووری ڕۆژئاوای سودان، کامێرای ئاژانسەکەمان بەشێک لە بارودۆخی ژنانی ئاوارە لە جەرگەی شارەکەی گرتووە، لە ناوچەیەکی نیمچە بیابانیدا، چادرە سادەکان بۆ داڵدەدانی ئەو کەسانە دانراون کە لە ترسناکییەکانی ململانێی دارفۆر هەڵدێن، ئەمەش بووە بە بەڵگە لەسەر توندی ئاوارەیی و ئازارەکانی ئەو ژنانەی کە بارگرانی مانەوە لە هەلومەرجێکدا هەڵدەگرن کە نزیکە لە پێداویستییە سەرەتاییەکان.

 

"بەرگەی برسێتی و برینداربوونیان گرت"

زەینەب مالیک کە لە شاری فاشری ڕۆژئاوای سودان ئاوارە بووە، دوای ئەوەی برسێتی شارەکەی وێران کرد و گەمارۆکە لە دەوری هاوڵاتیانی مەدەنی توندتر بوو، هیچ بژاردەیەکیان بۆ نەما جگە لە هەڵاتن، لە کۆتاییدا، پەناگەیەک لە شاری ئەبیەز نیشتەجێ بوو.

 

زەینەب مەلیک گەشتە سەختەکەی پێنج ڕۆژی بە پێ دەگێڕێتەوە، کۆرپەکەی لەسەر شانی هەڵگرتووە و یاوەری منداڵەکانی دیکەی کردووە، بەبێ ئەوەی هیچ خۆراکێکیان پێ بدات و ئازارەکانیان کەم بکاتەوە، وتی: ئەوە تەنها گواستنەوە نەبوو لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر، بەڵکو ئەزموونێکی تاڵ بوو بۆ ئارمی و ئیرادە لە بەرامبەر برسێتی و ترس و نەزانراوەکاندا، لە کاتی هەڵاتندا تەقەم لێکرا، فیشەکەکە لە پێمدا جێگیر بوو، بووە هۆی ئەوەی بێ جووڵە بم، ناچار بووم منداڵەکانم بنێرم داوای هاوکاری لە دانیشتووانی شار بکەن بۆ ئەوەی بتوانم پێداویستیان دابین بکەم لەکاتێکدا هاوژینەکەم بۆ ماوەیەکی زۆر لێمان دوورە بەبێ هیچ پەیوەندییەک.

 

"گەشتێکی ئاوارەبوون: لە نێوان لەدەستدان و هیوادا"

لە بورتسودان، لە ڕۆژهەڵاتی سودان، لەنێو ئاستەنگەکانی کامپەکانی ئاوارەبووندا، نەسمە محەمەد کە بەڕەچەڵەک هاوڵاتی فاشرە، بەرگەی زنجیرەیەک گەشتی دوورودرێژی ئاوارەیی لە سەرانسەری پارێزگاکانی سودان گرت، دواجار لە بورتسودان نیشتەجێ بوو، وتی: هێزەکانی پشتیووانی خێرا هاوژین و باوکمیان کوشت، ناچاریان کردم لەگەڵ منداڵەکانم و دایکمدا هەڵبێم بۆ گەڕان بەدوای پارێزراویدا، دایکم بەرگەی سەختی گەشتەکە و برسێتی و تینوێتی نەگرت و لەکاتی ئاوارەبوونی لە فاشر گیانیلەدەستدا.

 

ئاماژەی بەوەشکردەوە، کە هێزەکان پێشێلکارییان بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی ئەنجامداوە، هەموو خێزانەکەی و هەموو ئەو شتانەی کە خاوەندارێتییان کردووە لەدەستداوە و لەم ژیانەدا جگە لە منداڵەکانی هیچی بۆ نەماوە، وتی: هیوادارم شەڕەکە کۆتایی پێبێت، بتوانین بگەڕێینەوە بۆ ماڵەکانمان، کە ئێستا جگە لە هەندێک یادەوەری کاڵبووەوە، کە ئەو یادگاریانەی کە ڕووخساری ئازیزانمان بیر دێننەوە کە شەڕ بردیان، وەک شایەتحاڵی دڕندەیی لەدەستدان و نامۆبوون دەمێننەوە.

 

زەینەب و نەسمە نموونەی ملیۆنان ژنن لە سودان کە ئازارێکی بێئەندازەیان چەشتووە، هەموو شتێکیان لەدستداوە و تەنها بەو هیوایەی کە ئەم ململانێیە ساڵانێکە کۆتایی پێدێت و بتوانن ئەوەی کەمێک لە ژیانیان ماوە ڕزگاری بکەن.

 

هەروەها ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر هۆشداری دابوو کە ژنان لە کاتی گەڕان بەدوای خۆراکدا ڕووبەڕووی مەترسی توندوتیژی سێکسی دەبنەوە، لە ڕاگەیاندراوێکی ئەم دواییەدا دووپاتی کردەوە، کە ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی سێکسی دەبنەوە و قورسایی قەیرانی مرۆیی لە سودان لە ئەستۆ دەگرن، زۆرینەی ئەو ماڵانەی کە ژنان سەرۆکایەتی دەکەن، خۆراکی پێویستیان نییە.

 

بەپێی خەمڵاندنەکان لە ئێستادا زیاتر لە ٢١ ملیۆن کەس لە سەرانسەری سودان بەدەست نائاسایشی خۆراکی توندەوە دەناڵێنن کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: ٣٤ ملیۆن کەس کە لە٥٠٪ یان منداڵن، پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە.

 

"دەستگیرکردن"

چەمکی پارێزراو بۆ ژنان لە سودان زیاترە لە تەنها جێهێشتنی ناوچە جێناکۆکەکان، جێهێشتنی ئەو ناوچانەی کە لایەنێکی ململانێکان کۆنترۆڵی کردوون، بەرەوڕووی مەترسی نوێ دەبنەوە، دیارترینیان دەستگیرکردن و زیندانیکردنی درێژخایەنن بە بیانووی هاوکاری لەگەڵ لایەنی بەرامبەر، هەرچەندە بوونیان لەو ناوچانەدا زۆرەملێ و بەپێچەوانەی ویستی خۆیان بووە.

 

لە ڕاگەیاندراوێکی ئەم دواییەدا، دەستپێشخەری ژنانی سودان "نا بۆ ستەمکاری ژنان" پشتڕاستی کردەوە کە هێزەکانی پشتیوانی خێرا ٦٠٠ ژن و منداڵی کچی لە زیندانی نیالا لە دارفور زیندانی کردوون، هەندێکیان لەگەڵ منداڵەکانیان، لە بارودۆخێکی زۆر سەختدان، ئەوان بەدەست کەمی ئاوی خواردنەوە و خۆراک و کەمی چاودێری تەندروستی و نەبوونی سەرەتاییترین پێداویستییەکان دەناڵێنن.

 

هەروەها هەندێک لە ژنانی دەستگیرکراو ناچار دەکرێن لە دەرەوەی زیندان کاری زۆرەملێ ئەنجام بدەن و بە تاوانی وەک "سیخوڕی" و "هاوکاری" تۆمەتبار دەکرێن، بەبێ هیچ ڕێکارێکی یاسایی دادپەروەرانە یان دادگاییکردنێک و لە نەبوونی تەواوەتی ڕوون و لێپرسینەوەدا.

 

بەم شێوەیە ئازاری ژنان لە سودان بەردەوامە تا ئەو کاتەی شەڕ بەردەوام بێت و پێشێلکارییەکان بەردەوام بن، نە ئیدانەکردن و نە سزادان سەرکەوتوو بوون لە وەستاندنی ئازارەکان و ژنانی سودان بەردەوامن لە پێدانی قورسترین باج لەم کارەساتە مرۆییە بەردەوامەدا.