چالاکوانی ئەفغانی: دەستگیرکردن سیاسەتێکی سیستماتیکە بۆ سەرکوتکردنی ژنان
لە نێوان پەرەسەندنی سەرکوتی ژنان لە ئەفغانستان، لەیلا فروغ، چالاکوان جەختی لەوەکردەوە کە ئەوەی ڕوودەدات تاقیکردنەوەی ویژدانی جیهانە، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بێدەنگی خۆی بشکێنێت و لەگەڵ ژنانی ئەفغانستان بوەستێت لە خەباتیان بۆ ئازادی و کەرامەت.

بەهاران لەهیب
فاریاب- کوشتن و زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان و ئازاردان و لێدانی ژنان لە شەقامەکاندا بەشێکە لەو کولتوورە توندڕەوەی کە تاڵیبان و گروپە جیهادییەکانی دیکە لە باوەشی گرتووە و زیاتر لە چوار دەیەیە لە کۆمەڵگەی ئەفغانستاندا چەسپاوە، ئەم پراکتیزانە ژیانی هەزاران ژنی وێران کردووە.
لەگەڵ پەرەسەندنی چالاکی هێزە ئاسایشییەکانی ئەفغانستان لە سەردەمی وەزارەتی بەرەوپێشبردنی فەزیلەت و ڕێگریکردن لە خراپەکاری، شەپۆلێکی ترس و دڵەڕاوکێ بەهۆی دەستگیرکردنی ژنان و کچان لە ئەفغانستان بڵاوبووەتەوە و فشارێکی بەرچاوی خستۆتە سەر کۆمەڵگە، بەڵام ژنانی خەباتکەران وڵات بێدەنگ نەکراون؛ جارێکی تر دەنگیان بەرزکردۆتەوە وەک ناڕەزایەتی.
سەبارەت بەم بابەتە، لەیلا فروغ، داکۆکیکاری مافەکانی ژنان ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کابول جارێکی دیکە بووەتە گۆڕەپانی دەستگیرکردنی بەربڵاو و دڕندانەی ژنان لەلایەن تاڵیبانەوە، ئەم دەستگیرکردنانە کە زۆرجار بەهۆی لەبەرنەکردنی باڵاپۆشی ناچاری ئەنجامدەدرێن، نەک هەر نایاسایین بەڵکو بە ڕوونی نوێنەرایەتی سیاسەتە ژنکوژییەکانی ئەم گروپە توندڕەوە دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ژنان لە شەقام و بازاڕ و گواستنەوەی گشتی لەلایەن ئەندامانی تاڵیبانەوە دەڕفێنرێن و دەبرێنە شوێنی نادیار تەنها لەبەر ئەوەی چی لەبەر دەکەن و سەرپێچی لە سنووردارکردنەکان دەکەن، لەم شوێنانەدا کە چاودێری دادوەری و مافەکانی مرۆڤ نین، ژنان لە دۆخێکی نامرۆڤانەدا ڕاگیراون، هەروەها ڕاپۆرتی ئەشکەنجەدان و هەڕەشەکردن و مامەڵەی خراپ بە شێوەیەکی سیستماتیکی هەبووە.
ڕوونیشیکردەوە، تالیبان وەک ئەوەی لە ناوەوە ئایدیۆلۆژییەکەیدا ڕوونە، نوێنەرایەتی هێزێکی ژنکوژی دەکات کە ئازادییە بنەڕەتییەکانی ژنان ڕەتدەکاتەوە، تاڵیبان بە سەپاندنی ئەو فشارانە هەوڵدەدات بوونی ژنان لە کایەی گشتیدا بە تەواوی نەهێڵێت، لەگەڵ ئەوەشدا سەرەڕای ئەم هەڵمەتە ترسناک و سەرکوتگەرییە، ژنانی ئەفغانستان خۆیان بەدەستەوە و بە بوێری و هۆشیارییەوە بەردەوامن لە بەرخۆدانی مەدەنی و دەنگیان بە دەنگی بەرز دەمێنێتەوە لە بەرگریکردن لە ماف و ئازادی و کەرامەتی مرۆڤایەتی، سەرەڕای ئەو هەڕەشە سەختانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەم هەلومەرجەی ئێستادا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت بێدەنگی خۆی بشکێنێت و لەگەڵ ژنانی ئەفغانستان بوەستێت، دەزگا نێودەوڵەتییەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تەڤگەری پێشکەوتنخوازەکان و هەموو هاوڵاتیانی ئازادیخواز لە سەرانسەری جیهاندا دەبێت بە کۆی دەنگ ئەو دەستگیرکردنانە شەرمەزار بکەن و لێپرسینەوە لە تاڵیبان بکەن لە بەرامبەر پێشێلکارییە ئاشکراکانی مافەکانی مرۆڤ و کەرامەتی مرۆڤ، پێویستە هەموو ئامرازەکانی بەردەست لە فشاری سیاسییەوە تا پشتیوانی دارایی و ڕاگەیاندنی، بۆ ڕاگرتنی ئەم سەرکوتکردنە دڕندانەیە بەکاربهێنرێن، لە هەمان کاتدا پێشکەشکردنی پشتیوانی کاریگەر بۆ بەرخۆدانی ژنان لە ئەفغانستان و دابینکردنی سەلامەتی، ڕێگاکانی ڕزگارکردنی ژیانی ژنانی هەڕەشەلێکراو دەبێت لە پێشینەی کارەکانیدا بێت.
جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەفغانستان ئەمڕۆ نوێنەرایەتی تاقیکردنەوەیەکی ویژدانی جیهان دەکات، وتی: بەردەوامی چەوساندنەوەی ژنان تەنها قەیرانێکی ناوخۆ نییە، بەڵکو کارەساتێکی مرۆییە کە لە سنوورەکانی ئەفغانستانەوە درێژدەبێتەوە، بانگەواز بۆ هەموو ویژدانێکی زیندوو دەکەین، گوێ لە دەنگی ژنانی ئەفغانستان بگرن، لە پاڵیان بوەستن، ڕێگە نەدەن مێژوو بێدەنگی جیهان لە بەرامبەر ئەم تاوانە لەبیر بکات.
لەیلا فۆروغ لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: وەک داکۆکیکارێکی مافی ژنان، بەرپرسیارێتی ئەوەم لە ئەستۆ گرتووە کە بە توندی لە دژی ئەم ستەم دڕندە و سیستماتیکیەی تاڵیبان بوەستم، بە دەنگی بەرزتر لە جاران بۆ ئازادی و کەرامەتی ژنانی گیری خواردووە لە چنگی ئەم دەسەڵاتە ستەمکارەدا، بێوچان درێژە بە خەبات بدەم.