بە دەستی ژنان؛ خانووە قوڕەکان ناسنامەی گوند دەپارێزن

لە سەردەمێکدا کە مۆدێرنیتە خێراتر دەبێت و تاوەرە کۆنکرێتییەکان شار و گوندەکان داگیر دەکەن، خانووە قوڕەکان بەردەوامن لە لێدان لەگەڵ یادەوەری خاک و گێڕانەوەی چیرۆکی داپیران و باپیرانمان، ئەم ماڵانە ڕۆحی گوند و گەرمی سەربەخۆی بەرجەستە دەکەن.

حەلا ڕەمەزان

 

ڕەققە – ماڵی قوڕ تەنها پەناگە نین کە لە خاک و ئاو دروستکراون، ئەوان پەیوەندی مرۆڤایەتی لەگەڵ خاکەکەی و داهێنەری باوباپیرانمان لە گۆڕینی سروشت بۆ پەناگەیەکی سەلامەت بەرجەستە دەکەن، لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، نەوەکان هونەری تەلارسازی دەستی دەگوازنەوە، تیشک دەخەنە سەر ڕۆڵی ژنان لە پاراستنی میراسی تەلارسازیدا، هەروەها جیهان حسێن یەکێکە لە پارێزەرانی ئەم میراسە.

 

لە گوندەکانی شارەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ماڵە قوڕەکان وەک ئایکۆنی بێدەنگ وەستاون و چیرۆکی باوباپیرانمان دەگێڕنەوە، ئەوان تەنها دیوار و سەقف نین، بەڵکو یادەوەرییەکن کە ڕەگیان لە خاکدا داکوتاوە، لەگەڵ ژیاندا دەچڕێن و هەستی سەربەخۆی دەدرەوشێننەوە، لە نێوان ئەو قەدی دارانەی کە پاڵپشتی سەقفەکان دەکەن و ئەو دیوارانەی کە ژنانی لێهاتوو دروستیان کردووە، ڕۆحی گوندەکە دیارە، کە پارێزگاری لە وێنە سادەکانی ژیان دەکات کە هەبوون و ئێستاش هەن.

 

جیهان حسێن، ژنێکی تەمەن ٤٠ ساڵان و هاوڵاتی گوندێکی شاری ڕەققەیە، نمونەیەکی زیندوی ئەم میراسە نیشان دەدات، هەر لە تەمەنی گەنجیەوە لەگەڵ دایکیدا بوو لە بواری تەلارسازی قوڕدا، سەیری دەکرد کە خاک و ئاو و پوشدا تێکەڵ دەکات و خشتە قوڕەکانی دەبڕی بە قاڵبی دار و بەجێی دەهێشت تا لەبەر خۆردا وشک ببنەوە.

 

جیهان حسێن، وتی: بە جۆش و خرۆشەوە شوێن پێی دایکم کەوتم، سەیری ئەوەم دەکرد کە چۆن قوڕەکە دەگۆڕێت بۆ دیوار، و چۆن بە دەستی خۆی ماڵکی دروستکردووە بەبێ ئامێر و چیمەنتۆ، من ئەم پیشەیەم خۆشدەویست تا بوو بە بەشێک لە ژیانم.

 

هونەری دروستکردنی قوڕ

جیهان حوسێن، ڕوونیکردووەتەوە، کە  پرۆسەی دروستکردنی ماڵی قوڕ بە ئامادەکردنی قوڕ دەست پێدەکات، کە تێکەڵەیەک لە خۆڵ و ئاو و پوشە، بەباشی تێکەڵ دەکرێت و بەجێدەهێڵرێت بۆ تووندبوونەوە بۆ تێکەڵەیەکی گونجاو بەدەست بهێنێت، پاشان تێکەڵەکە دەڕژێتە ناو قاڵبی لاکێشەی نەریتی و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە خۆردا وشک دەبێتەوە، دوای ئەوە، پرۆسەی دروستکردن دەست پێدەکات، کە بلۆکە قوڕەکان لەسەر یەکتر کۆدەکرێنەوە بە بەکارهێنانی قوڕ وەک ماددەی بەستنەوە، و دیوارەکان بە قەدی دار یان ستوونی دار پاڵپشتی دەکرێن، لە کۆتاییدا، سەقفەکە بە چینێک قوڕ و پووش داپۆشراوە.

ئەم پرۆسەیە نزیکەی پێنج ڕۆژ دەخایەنێت بۆ ئامادەکردنی خشتە قوڕەکان، دواتر نزیکەی پانزە ڕۆژی پێدچێت بۆ تەواوکردنی تەلارسازی، بەپێی قەبارەی ماڵەکە و ژمارەی کرێکارەکان، هەروەک جیهان حسێن جەختی لەسەر دەکاتەوە، کە ژنان لەم پیشەیەدا چالاکترینن، هەر لە ئامادەکردنی خشتی قوڕەوە تا دەگاتە بۆیاخکردنی دیوار و سەقف، دیمەنێک کە ڕەنگدانەوەی ڕۆڵی ژنانە لە پاراستنی میراسی تەلارسازی ناوخۆییدا.

 

تایبەتمەندی ژینگەی و تەلارسازی ناوازە

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ماڵە قوڕاوییەکان تەنها هێما نین، بەڵکو خاوەنی تایبەتمەندی ژینگەییشن کە وایان لێدەکات ببێتە هەڵبژاردەیەکی نمونەی لە کەشوهەوای سەختی ناوچەکەدا، لە وەرزی هاویندا فێنکن و لە زستاندا گەرمن، کە ئەمەش بەهۆی توانای قوڕەکە بۆ ڕێکخستنی پلەی گەرمی و شێیە،  جگە لەوەش کەرەستەکانیان لە ناوخۆدا بەردەستە، ئەمەش وایکردووە تێچوونەکانیان زۆر کەم بێت بە بەراورد بە بیناسازی مۆدێرن.

 

بەڵامسەرەڕای سوودەکانی، ماڵە قوڕییەکان ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری دەبنەوە، بەتایبەتی لە وەرزی زستاندا کە ئاو لە سەربانەکانەوە دزە دەکات بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، کە لەم جۆرە ئاڵەنگاریانەدا دانیشوان پەنا بۆ چاککردنەوەی سەقفەکە دەبەن بە تێکەڵکردنی قوڕەکە یان داپۆشینی بە کیسە و نایلۆن تاوەکو وشک دەبێتەوە، ئەم پاراستنە بەشێکە لەو ڕێوڕەسمە وەرزییانەی کە دانیشتوان پێی ڕاهاتوون و زۆرجار بەکۆمەڵ ئەنجام دەدرێت، کە ئەمەش ڕۆحی هاوکاری لە نێوان ئەندامانی کۆمەڵگەدا بەرز دەکاتەوە.

لە نێوان ڕەسەنایەتی و مۆدێرنیزاسیۆن

لە هەندێک گوند وەک بوعاسی هێشتا ڤێلاکان لە قوڕ دروست دەکرێن و لە دیمەنێکدا، کە ڕەنگدانەوەی بوونی ئەم میراسە لە تەلارسازی هاوچەرخدا دەکات، دانیشتوان بە پەرۆشن بۆ چاکسازی ئاسان وەک خشت کردنی زەوی یان بەهێزکردنی سەقفەکان، بەڵام بناغەی ماڵە قوڕەکە دەپارێزن، وەک جیهان حسێن، وتی: گەورەترین ئاڵەنگاری هاوسەنگییە لە پاراستنی ناسنامەی میراسی و لە هەمان کاتدا ناساندنی توخمە مۆدێرنەکان، بەبێ لەدەستدانی ڕۆحی ماڵە قوڕەکان.

 

پێیوایە، فێرکردنی نەوەی نوێ ئەم پیشەیە زۆر گرنگە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامبوونی میراسەکە و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بە تەلارسازی بەردەوام، هەروەها ماڵی قوڕ تەنها بژاردەیەکی ئابووری نییە، بەڵکو درێژکراوەی ژیانی باوباپیرانمان و سەرچاوەی ئیلهامبەخشە بۆ توێژەرانی تەلارسازی ژینگەی، هەموو ماڵێکی قوڕ چیرۆکێکی هەیە، هەر دیوارێکیش نیشانەی ڕابردووی پێوەیە، پێویستە منداڵەکانمان فێری ئەوە بکەین کە چۆن بە دڵی خۆیان پێش دەستیان بونیاد بنێن.