زەینەب جەلالیان لە چارەسەری پزیشکی بێبەشکراوە

بارودۆخی تەندروستی زەینەب جەلالیان، زیندانی سیاسیی کورد لە زیندانی یەزد ناجێگیرە و لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بێبەش کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

چەوساندنەوەی ژنانی زیندانییکراوی کورد لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە درێژەی هەیە و لەو چوارچێوەیەشدا، زەینەب جەلالیان لە زیندانی یەزد بارودۆخی تەندرووستیی ناجێگیرە و لە چارەسەری پزیشکی بێبەشکراوە و پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە.

 

ماڵپەری دەنگی دەستگیرکراوەکانی کورد و ئێران لەبارەی بارودۆخی زەینەب جەلالیان، زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی یەزد ڕایگەیاند، بارودۆخی تەندرووستیی زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی یەزد ناجێگیرە و لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بێبەش کراوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ژنە زیندانییە سیاسییە کوردە ئێستا لە ١٨ هەمین ساڵی زیندانیی هەتاهەتاییدایە و تۆشی نەخۆشی چاو، گورچیلە و ڕیخۆڵە بووە و بەپێی ئەنجامی پشکنینەکانی پێشوو پێویستی بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری هەیە.

باس لەوەشکراوە، زەینەب جەلالیان چەندین جار لەلایەن بەرپرسانی زیندانی یەزد ڕووبەڕووی توندوتیژی و سوکایەتیکردن بووەتەوە.

 

زەینەب جەلالیان لەدایکبووی ١٩٨٢ ـە و خەڵکی گوندی دێم قشڵاقی شارۆچکەی ماکۆی سەر بە پارێزگای ورمێ ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لە ١٠ـی ئاداری ٢٠٠٧ لە دەروازەی شاری کامیاران دەستگیر کرا، لە ٤ـی تشرینی دووەمی ٢٠٠٨ لەلایەن لقی ١ـی دادگای شۆڕشی کرماشان بە سەرۆکایەتی دادوەرعەلی مورادی بە تۆمەتی “چەکداری و هاوکاری و ئەندامێتی لە پژاک و پرۆپاگەندە دژ بە دەوڵەت” سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، لە ساڵی ٢٠٠٩ دادگای تێهەڵچوونەوە لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرۆکایەتی محەمەد عەلی ڕۆشنی سزای لەسێدارەدانەکەی پەسەند کرد.

 

لە ساڵی ٢٠١١ پاش هەڵوێستی بەرفراوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و بەیاننامە یەک لەدوای یەکەکانی ڕێکخراوی جیهانیی چاودێری مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەڵەوتی، سزاکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی زیندانی یەزد کرا.