لەسەر دۆسیەی ڕفاندنی منداڵانی ئێزدی دوو عێراقی دادگایی دەکرێن
بەتۆمەتی ئەندامێتی لە ڕێکخراوی داعش و ڕفاندن و دەستدرێژیکردن بۆ سەر دوو منداڵی ئێزدی، دانیشتنێکی نوێی دۆسیەی دادگاییکردنی دوو هاوژینی عێراقی لە دادگای باڵای هەرێمی باڤاریا لە شاری میونخ بەڕێوەچوو.

ناوەندی هەواڵ
دوێنێ ٦ی حوزەیران، لە دادگای باڵای شاری میونخی ئەڵمانیا، دانیشتنێکی نوێ سەبارەت بە دۆسیەی دادگاییکردنی دوو هاوژینی عێراقی بەڕێوەچوو. ئەو دوو هاوژینە کە پێکهاتوون لە پیاوێکی تەمەن ٤٣ ساڵ و ژنێکی تەمەن ٢٩ ساڵ، تۆمەتی ئەندامێتی داعشیان دراوەتەپاڵ، هەروەها بە تۆمەتی بەشدارییکردن لە کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان، دۆسیەی بازرگانیی بە مرۆڤ و تاوان لە دژی مرۆڤایەتی دادگایی دەکرێن.
لە دۆسیەکەدا هاتووە: پیاوەکە لەساڵی ٢٠١٥ و لەسەر داواکاریی هاوژینەکەی، منداڵێکی ئێزدی تەمەن ٥ ساڵی بۆ هاوژینەکەی کڕیوە لەبری مارەیی، کە هەتا دوو ساڵ لەلای ئەو خێزانە دیل بووە، لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٧ـدا ئەو دوو هاوژینە منداڵێکی تری ئێزدی تەمەن ١٢ ساڵیان کڕیووە، کە هەمان چارەنووسی هەبووە، دواتر هەردوو منداڵەکەیان فرۆشتووەتەوە بە خێزانێکی تری داعش، دواجار بنەماڵەی منداڵە کچە ١٢ ساڵەکە توانییان منداڵەکەی خۆیان بەرامبەر بە بڕێک پارە وەربگرنەوە، لەکاتێکدا تا ئێستا چارەنووسی منداڵە بچوکەکە نادیارە.
ئەو دوو هاوژینە لە ساڵی ٢٠٢٤ لە هەرێمی باڤاریا لە ئەڵمانیا دەستگیرکراون و دۆسیەی دادگاییکردنەکەیان بەردەوامە.