ژیان لە مەنبەج تاریکتر دەبێت
دانیشتووانی شاری مەنبج داوای گەڕانەوەی هێزەکانی قەسەدەو یەپەژەیان کردو ئاماژەیان بەوەکرد، دوای چوونی چەتەکان بۆ منبج، خراپەکاری و کوشتن و کۆچ زیادی کردووە، شارەکە لە تاریکیدا ماوەتەوە.
سیلڤا ئیبراهیم
مەنبج- بارودۆخی مەنبج تا دێت مەترسیدارتر دەبێت، گروپە چەتەکان کە شارەکەیان داگیرکردووە بەردەوامن لە ئەنجامدانی کردەوەی بێ ڕەوشتی، دانیشتووانی شارەکە دەیانەوێت هێزەکانی سووریای دیموکراتیک "قەسەدە"و یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" بگەڕێنەوە شارەکە و ڕزگاریان بکەن.
بەهۆی قەرەباڵغی و نەبوونی ئاسایش لە مەنبج، خێزان و گەنجان بەرەو دەرەوەی ناوچەکە دەڕۆن، هەروەها ژنان لەگەڵ زیادبوونی حاڵەتەکانی ڕفاندن و ئازاردان لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین، دانیشتووانی شارەکە داوایان لە یەپەژە کرد، لە دەستی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی ڕزگاریان بکات، داواشیان لە قەسەدە کرد کە کانتۆنەکە لە داگیرکاری ڕزگار بکەن.
ئەو پڕۆسانەی کە منبج پێیدا تێپەڕی
دانیشتووانی شارەکە قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد سەبارەت بەو پرۆسانەی کە منبج لە سەردەمی قەیرانی سووریادا پێیدا تێپەڕیوە، ژنێک کە دانیشتوویەکی ڕاستەقینەی شاری مەنبجەو ناوی ڕاستەقینەی خۆی نەناساند، بەناوی سەوسەن میشێل، بۆچوونی خۆی دەربڕی و وتی: لەگەڵ قەیرانی سووریادا چەندین چەتە هاتوونەتە ناو مەنبج، بەڵام هەموویان لە یەکتر خراپتر بوون، چونکە کردەوەکانیان بەرامبەر بە خەڵک وەک یەک بوو، لەگەڵ دەستپێکی قەیرانەکەدا، سوپای ئازاد هاتە ناو ناوچەکە و دەستیکرد بە دزینی موڵکی هاوڵاتیان، پاشان داعش تاریکی خۆی بەسەر مەنبجدا سەپاند، هەموو شتێک ڕوویدا لە ڕفاندن و تیرۆر کردن تا کوشتن و بەردبارانکردن، واتە مرۆڤ دەتوانێت بڵێت ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بووە، مەنبج لە ساڵی ٢٠١٤ تا ٢٠١٦ بەو شێوەیە مایەوە، بەڵام بە ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و یەپەژە ڕزگاری بوو.
٢٠١٦: شارەکە لە تاریکی ڕزگاری بوو
بە خەباتی یەپەژە و یەپەگە، شاری مەنبج لە ساڵی ٢٠١٦ لە دەستی داعش ڕزگار کرا، دانیشتووانی شارەکە ئەم مێژووە بە ڕزگاربوون لە تاریکی پێناسە دەکەن، سەوسەن میشێل ئەمەی بە ساتێکی مێژوویی بۆ گەلی مەنبج و بەتایبەتی ژنان پێناسە کرد و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "هێزەکانی یەپەژە قەسەدەو ئەنجومەنی سەربازی مەنبج ڕۆڵێکی پیرۆزیان بینی لە گێڕانەوەی کەرامەتی خەڵکی شارەکە، بە تایبەتی ڕۆڵیان هەبوو لە ڕزگارکردنی ژنان لە تاریکی، ئازادکردنی مەنبج مژدەی ژیانێکی نوێ بوو بۆ ئێمە.
"دوای ڕزگاربوون لە داگیرکاری، چەندین دەزگا دامەزران"
سەوسەن میشێل ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتی ڕزگارکردنەکەدا هێزەکانی قەسەدە چاوەڕێی هیچیان نەکردووە، دەستبەجێ بەپێی پلانێکی ڕێکخراوەیی بۆ بەڕێوەبردنی شارەکە بەردەوامبوون، دوای ڕزگاری وڵاتیان ڕێکخست و دامەزراوەی خزمەتگوزاری، پەروەردە، تەندروستی، کۆمەڵایەتی، سەربازی و ئەمنییان دامەزراند. بۆ گەڕاندنەوەی جوڵە و چالاکییەکان بە پارێزگارییەکی باش لە ناو شار، ئەم دامەزراوانە لە ژێر چاودێری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک لە کانتۆنی مەنبج دامەزراون و ساڵانێکە درێژە بە کارەکانیان دەدەن.
"ناتوانین شەو و ڕۆژ بچینە دەرەوە"
سەبارەت بە ئازارەکانی ژنان لە کاتی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکدا، سەوسەن میشێل وتی: ئێمەی ژنان دەترسین لە ماڵەوە دەربچین. چونکە هەفتەیەک لەمەوبەر منداڵێکی تەمەن ٧ ساڵان لەلایەن چەتەیەکی هەتەشەوە لە کانتۆنەکە هێرشی کرایە سەر، هاووڵاتیان بۆ منداڵ و ژنان دەترسن. چونکە چەتەکان ئامادەن هێرش بکەنە سەر هەموو ماڵێک و ژنان بڕفێنن، ژنان هەمیشە زیانبەرکەتووی شەڕن، بەڵام هیچ شتێکمان لەوە قورستر نەبینیوە کە ئەم شەڕە لەسەر جەستەی ژن و منداڵانە. خزمەتگوزاری کارەبا و ئاو وەستاوە و نانیش نییە، چونکە چەتەکان هەموو شتێکیان دزیوە.
"ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات لە مەنبج کەس نامێنێتەوە"
سەوسەن میشێل لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە هێزەکانی قەسەدە کرد لە دەستی چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ڕزگاریان بکەن. بانگەوازێکی تایبەتی ئاراستەی یەپەژە کرد کە ناوچەکە لە چەتەکان ڕزگار بکات، هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، ژنان بەتایبەتی ڕووبەڕووی چەندین مەترسی دەبنەوە و وتی: دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی پارێزراوی و ئارامی خۆمان. بەڵام ئێمە ناتوانین ئەمە بکەین ئەگەر هێزەکانی قەسەدەو یەپەژە نەبن، لە دوای قەیرانی سووریاوە لە ئازادی و ئاسایشدا نەژیاوین، تەنها ئەو کاتە نەبێت کە ئەوان مەنبجیان دەپاراست، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بمێنێتەوە، کەس لە مەنبج نامێنێتەوە و هەمووان کۆچ دەکەن.