بە ئامانجگرتنی کامپێکی ئاوارە لە دارفور ژمارەیەک گیان لەدەستدان و برینداربوونی لێکەوتەوە
ژووری فریاکەوتنی کامپی ئەبو شووک بۆ ئاوارەکان لە ویلایەتی دارفور بڵاویکردەوە، سوپای سودان ڕاستەوخۆ کامپەکەی کردۆتە ئامانج و لە ئەنجامدا ژمارەیەک گیان لەدەستدان و برینداری لێکەوتووەتەوە.
ناوەندی هەواڵ
ململانێی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ٢٠٢٣ەوە بەردەوامە و قەیرانی مرۆیی دروست کردووەو هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان ژن و منداڵن و ملیۆنان کەسیش ئاوارەبوون.
دوێنێ ٣ی کانوونی دووەم، ژووری فریاکەوتنی کامپی “ئەبو شووک” بۆ ئاوارەکان لە باکووری دارفور لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای سودان بۆ سەر ناوچەکە ڕایگەیاند، فڕۆکەکانی سوپای سودان “ئەبو شووک”ی کردۆتە ئامانج و بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە تۆپخانە ماڵە مەدەنییەکانی کردۆتە ئامانج، ئەمەش بووەتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی هاوڵاتیانی مەدەنی و بەهۆی سەختی دەستگەیشتنیان لە ئەنجامی پچڕانی خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت، ژمارەیان دیاری نەکراوە، هەروەها لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، قەدەغەی هاتوچۆ سەپێندرا.
ئەوەشخراوەتەڕوو، لە ئەنجامی نەبوونی هاوکاری مرۆیی و ئەو گەمارۆیەی کە هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەسەر کامپەکەدا سەپاندوویەتی، دانیشتووان تووشی برسێتی ڕاستەقینە دەبن.
ژووری فریاکەوتنی کامپی ئەبو شووک داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد دەستوەردان بکەن و تەقەکردن لەلایەن هەردوو لایەنی ململانێکانەوە لە کامپەکەدا ڕابگرن.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی فریاگوزاری پزیشکانی بێ سنوور، سودان شاهیدی یەکێک لە خراپترین قەیرانەکانە، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە ١٤ ملیۆن کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات.