"سەرکەوتن بۆ گەلی ڕۆژئاوا دەبێت"
لە بەرامبەر هێرشەکانی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەو ژنانەی دوای ١٠ ساڵ جارێکی دیکە لە سنووری کۆبانێ ئێشکگری دەکەن وتیان: چارەسەر و ئاشتیمان دەوێت، پێویستە هەمووان سەردانی ئەم شوێنە بکەن، بە پشتیوانی گەلی ڕۆژئاوا جارێکی دیکە سەرکەوتوو دەبن.
مەدینە مامەدۆغڵو
ڕەحا - بە پێشەنگایەتی بزووتنەوەی ژنانی ئازاد "تەژەئا"، دەم پارتی، پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان "دەبەپە"، دژی هێرشەکانی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ناوچەی ڕەحا کە بەردەم کۆبانێیە، ئەو چالاکیی ئێشکگرییەی کە دەستیان پێکردووە بەردەوامە، لەو چالاکییەدا کە بە دروشمی "ئاشتی بەرامبەر شەڕ" و "ڕۆژئاوا هێڵی سووری ئێمەیە" بەڕێوەدەچێت، ئەو ژنانەی بەشدارییان کردووە، هیوای خۆیان بۆ یەکڕیزی و چارەسەرکردن دەربڕی، ڕاشیانگەیاند کە گەلی کورد ساڵانێکە لەگەڵ داواکارییەکانی ئاشتی شەرەفمەندانە خەبات دەکات و داوایان کرد خەبات بۆ ڕۆژئاوا لە هەموو بوارەکاندا بەڕێوە بچێت و یەکڕیزی نەتەوەیی بەدی بهێنرێت.
"ئەو باجەی دراوە و ئەو خوێنە ڕژاوە لەبیر ناکەین"
فەریدە پۆلات کە بەشداریی لەو چالاکییەدا کردووە، ئاماژەی بەوە کردووە کە وەک ١٠ ساڵ لەمەوبەر لە ساڵی ٢٠١٤ جارێکی دیکە چوونەتە ڕۆژئاوا و ئێشکگرییان ئەنجامداوە، گەلی ڕۆژئاوا خاوەن دەسکەوتن، باجیان داوە، داوای لە گەل کرد زیاتر خاوەندارێتی ڕۆژئاوا بکەن.
هەروەها وتی: ئێمە لێرەین بۆ کۆبانێ، کۆبانێ هێڵی سووری ئێمەیە، ١٠ ساڵ لەمەوبەر لێرە بووین، پێکەوە ئەم خاکەمان پاراست، ئەمڕۆش بۆ هەمان خەبات هاتووین بۆ ئێرە، تا کۆتایی ئەم هێرشانە بەردەوام دەبین لە ئێشکگری خۆمان، من هەر لەسەرەتاوە لێرەم و لەمەودواش بەردەوام دەبم، ساڵی ٢٠١٤ لە شەڕی کۆبانێدا سەدان منداڵی ئێمە لەوێ شەهید بوون، خوێن ڕژا، باجی زۆریش درا، ١٠ ساڵ لەمەوبەر لەم شوێنەدا ئێشکگریمان دەکرد، ئەمڕۆ دیسان لێرەین، ئەوکات سەرکەوتن دووبارە دەبێتەوە و ڕۆژئاوا دەبێتە شوێنی گەل، ئێمە هەمیشە لەگەڵ گەلی ڕۆژئاوا دەبین، پێویستە هەمووان بێنە ئێرە.
"با هەمووان بێنە ئێرە و دەنگیان بگاتە ڕۆژئاوا"
هەر سەبارەت بەم پرسە ئاینور کیلیچ ڕایگەیاند کە سیاسەتی شەڕ لە دژی ڕۆژئاوا ماوەی ١٠ ساڵە بەردەوامە و وتیشی: داوا لە هەموو لایەک دەکەین ڕێگری لە خوێنڕشتن بکەن، ئێمە ئاشتیمان دەوێت، با پێکەوە دەنگمان بەرز بکەینەوە، با دایکان و ژنان و گەنجان کە لە ڕۆژئاوا خەبات دەکەن بزانن ئێمە لەگەڵیانداین، هەرگیز بە تەنیا جێیان ناهێڵین، پێویستە هەموو لایەک پشتگیری ئەم داوایە بکەن، بۆ پشتیووانی لە خەباتکارانی بەرخۆدان بێنە ئێرە، تا دەگەینە ئەنجامەکە بەردەوام دەبین لە وریایی خۆمان.
"ئێمە و خەڵکی ڕۆژئاوا یەکین"
هاجیرە کاچیم خواستی سەرکەوتن و ئازادی بۆ گەلی ڕۆژئاوا دەربڕی و وتی: با ئێستا شەڕ کۆتایی پێبێت، ئەو سنوورانەی لە نێوان کورددا دروستکراون بێ واتایە، ئەگەر سنوورێکیش لە نێوان ئێمە و گەلی ڕۆژئاوادا هەبێت، ڕۆحی ئێمە یەکە، ئێمە یەکین، ئێمە هەمیشە لە پشتیانەوەین، با ئێستا ئەم شەڕە کۆتایی پێبێت، ئێمە یەکسانی و ئاشتیمان دەوێت، ئەوانەی وتیان 'کۆبانێ کەوت' ١٠ ساڵ لەمەوبەر وەڵامەکەیان وەرگرتووە و ئەوانەی هێرش دەکەن جارێکی دیکە ئەم وەڵامەیان دەستدەکەوێت، سەرکەوتن بۆ گەلی ڕۆژئاوا دەبێت، ئێمە هەمیشە پاڵپشتی هەموو لایەک دەکەین بۆ وەستانەوە و پاراستنی ڕۆژئاوا، با هەر چوار پارچەی کوردستان یەکبگرن، ڕێگری لە هێرش و کۆمەڵکوژی بکەن، لە پرسوسەوە بانگی گەلی ڕۆژئاوا دەکەم، تا کۆتایی درێژە بە خەباتی خۆمان دەدەین.
هەروەها مەیاسەر کۆرکماز ڕوونیکردەوە کە ئەو چالاکییە ئێشکگرییە بۆ "بەرخۆدان" و وتی: چەند ساڵێک لەمەوبەر لێرە پێکەوە ئێشکگریمان بۆ ڕۆژئاوا ئەنجامدا، ئێستا دیسان لێرەین دژی کۆمەڵکوژییەکان، با کەس بە پلان و یاری لەم گەلە نزیک نەبێتەوە، بۆ ئەوەی هێرشەکان شکست پێبهێنین، پێویستە لێرە دەنگمان بەرز بکەینەوە.