مامۆستایان و فەرمانبەرانی سلێمانی: لە ئێستادا متمانەمان بە حكومەتی هەرێم نەماوە
مامۆستايان و فەرمانبەرانی سنووری سلێمانی ڕایانگەیاند، حكومەتی كار بەڕێكەری هەرێم موچەكانیانی بە بارمتە گرتووەو لە ئێستادا متمانەیان بە حكومەتی هەرێم نەماوە.
ناوەندی هەواڵ
زریان عەلی بەناوی مامۆستايان و فەرمانبەرانی سنووری سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا سەبارەت بە پێنەدان و دابەش نەكردنی مووچەكانیان لەلایەن حكومەتی كار بەڕێكەری هەرێمەوە ڕایگەیاند، حكومەتی كار بەڕێكەری هەرێم موچەكانمانی بە بارمتە گرتووە، چونكە بەغدا مووچەی ناردووە، بەڵام ئەمان دابەشی ناكەن.
وتیان: لە ئێستادا متمانەمان بە حكومەتی هەرێم نەماوە و داوا دەكەین كار بە بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی بكرێت و لە ڕێگەی بانكەكانی ڕەشید و ڕافیدەینەوە موچەكانمان تەوتین بكرێت.
ئەوەشیان خستەڕوو، فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی گرفتەكانمان خەم ساردبوون بۆیە داوا لە فراكسیۆنەكانی دیكەی پەرلەمانی عێراق دەكەین پاڵپشتی داواكانمان بكەن.
ئەوەش لەكاتێكدایە، تا ئێستا فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان سەرەڕای ناردنی پارە لەلایەن بەغداوە، بەڵام مووچەی دوو مانگی ساڵی ڕابردوویان دابەش نەكردووە.