ژولیا پارسی: تاڵیبان بە سێکسی زۆرەملێ هەڕەشە لە زیندانیانی ژن دەکات

ژولیا پارسی، چالاکوانی ژنانی ئەفغانستان ڕایگەیاند، تاڵیبان بە سێکسی زۆرەملێ هەڕەشە لە زیندانیانی ژن دەکات، بە هەڕەشەکردن و ئەشکەنجەدان دەیەوێت دەنگی ژنانی ناڕازی کپ بکات.

ناوەندی هەواڵ

 

ژولیا پارسی، چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان و یەکێک لەو كەسانەی لەلایەن تاڵیبانەوە دەستگیركراوە لەبارەی بارودۆخی زیندانیانی ژن لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکرد، لە زیندانەکانی تاڵیبان زیندانییەکان ئەشکەنجەیەکی زۆر دەدرێن و هەڕەشەی دەستگیرکردن و هەراسانکردنی خێزانەکانیان یەکێکە لە باوترین شێوازەکانی ئەشکەنجەدانی دەروونی لە گرتووخانەکانی تاڵیباندا.

 

وتیشی: لە ماوەی دەستگیر کردنم بە دەستگیر کردنی کچەکانم و دەستدرێژی سێکسی زۆرەملێی سەر ئەوان هەڕەشەم لێکراوە، هەروەها بە لێدانی کارەبا ئەشکەنجە دراوم، تاڵیبان بە هەڕەشە کردن و ئەشکەنجەدان دەیەوێت دەنگی ژنانی ناڕازی کپ بکات.

 

لە ساڵی ٢٠٢٢ ژولیا پارسی، چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان لە شاری کابولی ئەفغانستان لە لایەن تاڵیبانەوە دەستگیر کراو بۆ ماوەی سێ مانگ زیندانییکرا، هەروەها ئەو ژنە یەکێکە لە ناڕازییەکانی دژ بە سیاسەتەکانی تاڵیبان لە وڵاتەکەدا.