لەم هەفتەیەدا ٧ درۆن و موشەک لە هەرێمی کوردستان کەوتنە خوارەوە
نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە سنوری نێوان ناحیەی سەرقەڵا و کۆکس لە گەرمیان، درۆنێک کەوتوەتە خوارەوە، بەمەش لەم هەفتەیەدا ٧ درۆن و موشەک لە هەرێمی کوردستان کەوتوونەتە خوارەوە.

ناوەندی هەواڵ
چەند رۆژێکە درۆنی نەناسراو چەند ناوچەیەکی جیاوازی لە سنووری کەرکوک و سلێمانی و هەولێر و دهۆک کردووەتە ئامانج، تائێستاش دەستی پشتەوەی ئەم کارانە ئاشکرا نەکراون و حکومەتی هەرێمیش لەوبارەیەوە بە فەرمیی هیچ شتێکی نەوتووە.
بەپێی زانیارییەکان، نیوەڕۆی ئەمرۆ ٣ی تەمووز، درۆنێک لە پشت گوندی سەیدەـی سەر بە ناحییەی سەرقەڵا و نزیک گوندی سەید ماڵە و کانی گەرمک سەر بە ناحییەی کۆکس کەوتوەتە خوارەوە، ڕووداوەکەش زیانی گیانی و ماددی نەبووە.
ئەوە لە کاتێکدایە شەوی ١ی تەمووز، دوو درۆن لە سلێمانی کەوتنە خوارەوە، هەروەها لە کاتژمێر ١٢:٣٠ خولەکی بەرەبەیانی ١ی تەمووز، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە کامپی دەرکارێ لە سنووری شارەدێی دەرکارێی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کەوتە خوارەوە، لە شەوی ٣٠ی حوزەیران کاتژمێر١١:٣٠ خولەک، سێ موشەک لەجۆری کاتیۆشا ئاڕاستەی شاری کەرکوک کرا، دووانیان لە فڕۆکەخانەی کەرکوک کەوتنە خوارەوەو یەکێکیش بەر ماڵێک لە گەڕەکی عروبە کەوتووە.