ژنێکی ئاوارە لە یەمەن لەلایەن حوسییەکانەوە ڕفێندرا و ئەشکەنجەدرا
ژنان لە یەمەن ڕووبەڕووی تەحەدای زیاتر دەبنەوە و بەشێکی زۆریان لە کامپەکانی پەنابەران یان ئەو ناوچانەی کە حوسییەکان کۆنترۆڵی دەکەن، ڕووبەڕووی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دەبنەوە.
ناوەندی هەواڵ
لە ڕووداوێکدا کە تێکچوونی دۆخی مرۆیی پارێزگای حودەیدە نیشان دەدات، بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٨ی کانوونی یەکەم، تەرمی فاتمە عایش ئەحمەد تەمەن ٤٥ ساڵ، کە ١٠ ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن حوسییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە کامپی پەنابەران لە ناوچەی دیرەهمی، لە باشووری پارێزگای حودەیدە، لە ڕۆژئاوای یەمەن ڕفێندرابوو، دۆزرایەوە.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، تەرمی فاتمە عایش ئەحمەد لە ناوچەیەکی دوورەدەستی دەرەوەی ناوەندی دیرەهمی دۆزراوەتەوە و نیشانەکانی ئەشکەنجەدانی دڕندانە دەرکەوتووە، ئەمەش ئاماژە بەوەدەکات فاتمە تا ئاستی مردن ئەشکەنجە دراوە، فاتمە لە ماڵەکەی خۆی لە کامپی پەنابەرانی مەرکوزە لەلایەن چەکدارانی دەمامکدار و سەر بە حوسییەکانەوە ڕفێندرا، هەروەها بەبێ ئەوەی هیچ هۆکارێک و تۆمەتێکی بخرێتە پاڵ، بە زۆرەملێ گواسترایەوەتە بۆ شوێنێکی نادیار.
نوسینگەی زانیاری لە حودەیدە ئەم تاوانەی بە بەشێک لە زنجیرەیەک پێشێلکاری بەردەوامی مافی مرۆڤ لەلایەن حوسییەکانەوە بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی پێناسەکردووە، کە بریتین لە ڕفاندن و ئەشکەنجەدان و کوشتن، نوسینگەکە ڕایگەیاندووە کە ئەم ڕووداوە جەخت لەسەر تێکچوونی دۆخی مرۆیی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان دەکاتەوە کە نیگەرانییەکی بەرفراوانی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دروستکردووە.
دوابەدوای ئەم تاوانە، کاردانەوەی بەرفراوانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چالاکانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەم ڕێکخراوانە داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کە ڕێوشوێنی خێرا بگرنەبەر بۆ لێکۆڵینەوە لەم ڕووداوە و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ئەو ڕووداوە بکەن، هەروەها جەخیتیان لەسەر پێویستی دابینکردنی پاراستن بۆ ئەو ئاوارانە کردەوە کە لە ناوچەکانی ژێر کونترۆڵی حوسییەکاندا بەردەوام ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە .
پارێزگای حودەیدە ساڵانێکە لە حاڵەتی ململانێ و شەڕی بەردەوامدایە، ئەمەش ئازاری هاوڵاتیانی مەدەنی و ئاوارەکان و بەتایبەت ژنانی زیاتر کردووە، کە شایەتحاڵی زیادبوونی بەرچاوی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ وەک کوشتن و ڕفاندن و ئەشکەنجەدان بوون.