کاریگەری ململانێکانی سودان لەسەر ژنان و منداڵان لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤دا

ململانێکان لە سودان لە ١٥ی نیسانی ٢٠٢٣ەوە کاریگەری نەرێنی لەسەر ژنان و منداڵان بەتایبەتی هەبووە و بووەتە هۆی تێکچوونی بارودۆخی مرۆییان کە بەپەلە پێویستیان بە دەستوەردانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤دا، ململانێکان دانیشتووانی سودانی وێران کرد، چونکە ڕووبەڕووی برسێتی و خراپی بارودۆخی ئابووری بوونەتەوە کە کڕینی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانیان سنووردار کرد، هەروەها نەخۆشی و پەتاکانیش لەناویاندا بڵاوبووەوە، ئەمەش ئازارەکانیانی زیاتر کرد.

 

ژنان و منداڵان لە دیارترین زیانبەرکەوتووئ ئەم شەڕە بوون کە کاریگەری لەسەر هەمووان هەبوو، نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتەکەیدا سەبارەت بە قەیرانە مرۆییەکان لە سودان بۆ ساڵی ٢٠٢٤ ڕوونیکردەوە کە بارودۆخی مرۆیی لە وڵاتەکەدا گەیشتوەتە ئاستێکی بێوێنە.

 

سەبارەت بە قەیرانە مرۆییەکانی سودان بۆ ساڵی ٢٠٢٤، ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کردووە کە دۆخی مرۆیی سودان لە خراپترین دۆخەکانی جیهانە، کە لە پێشەنگی لیستی چاودێریکردنی قەیرانە مرۆییەکانە، ژیانی ملیۆنان کەس لە سودان کارەساتبارە، بەو پێیەی ژمارەی ئاوارەکان ١٤ ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە، ک٣ ١١ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار ئاوارە لە ناوخۆ و سێ ملیۆن پەنابەر لە وڵاتانی دراوسێ و زیاتر لە ٦٠ هەزار لە خەرتوم ڕووبەڕووی ەترسی گیان لەدەستدان دەبنەوە.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاشیگەیاندووە، کە زۆرێک لە دەوڵەتانی سودان کەوتوونەتە ژێر کاریگەری ئەو پێکدادان و ئۆپەراسیۆنە سەربازییە توندوتیژانەی کە بەردەوامە، بووەتە هۆی ئاوارەبوونی دانیشتووان و لەناوچوونی ژێرخانی وڵاتەکە، وەک خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە بەدەست نەبوونی سەرچاوەی سەرەتایی دەناڵێنن.

 

پەتاکان بڵاوبوونەوە

لە ڕاپۆرتێکی وەزارەتی تەندروستی سودان، ئاماژە بەوەکراوە، بڵاوبوونەوەی پەتاکان لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤ یەکێک بووە لە مەترسییە دیارەکانی بەردەم ژنان و منداڵان لەو وڵاتە، بەو پێیەی زیاتر لە ٤٧هەزار حاڵەتی کۆلێرا لە ١١ ویلایەت تۆمار کراوە، و تای خوێنبەربوون و مەلاریاش بڵاوبووەوە، ئەمەش ئازاری سودانییەکان بە تایبەتی منداڵانی زیادکرد.

 

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی ململانێکانەوە نزیکەی ٨٠%ی نەخۆشخانەکان کارکردنیان وەستاوە، ئەمەش وایکردووە دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی لە زۆر بواردا ئەستەم بێت.

 

بەگوێرەی ئاماری بەرنامەی خۆراکی جیهانی، نزیکەی ٣.٤ ملیۆن منداڵی خوار تەمەنی ٥ ساڵ بەدەست بەدخۆراکی توندەوە دەناڵێنن، هاوکات ٤.٧ ملیۆن منداڵ بەدەست بەدخۆراکی توندەوە دەناڵێنن، ١.٢ ملیۆن ژنی دووگیان و شیردەریش بەدەست بەدخۆراکی توندەوە دەناڵێنن.

 

منداڵان لە خوێندن و خۆراک بێبەشن

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتەکەیدا کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤دا بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە کە منداڵان لە سودان لە ئەنجامی بارودۆخی ئابووری سەختدا ئازارێکی زۆریان هەیە، چونکە ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبنەوە لە بەدەستهێنانی خوێندن و خۆراک و چاودێری تەندروستی، زۆرێک لە خوێندنگەکان و ناوەندەکانی خوێندنیش زیانیان بەرکەوتووەو پرۆسەی پەروەردە وەستاوە.

 

ڕاپۆرتەکان پشتڕاستیان کردەوە، ژنان بە تایبەتی دایکان بەهۆی بەردەوامی ئاوارەبوون و نەتوانینی دابینکردنی پێداویستییەکانی منداڵەکانیانەوە بەدەست دوو بارگرانی دەناڵێنن.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ڕاپۆرتەکەیدا کە لە مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٤دا بڵاویکردۆتەوە ڕایگەیاندووە، دۆخی تەندروستی سودان پێویستی بە دەستوەردانی بەپەلەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە، سەرەڕای هەوڵدان بۆ ناردنی هاوکاری مرۆیی بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان، بەڵام ململانێی بەردەوام ڕێگری لە گەیشتن بە زۆرێک لەو ناوچانە دەکات کە زۆر پێویستیان پێیەتی.

 

بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، نیوەی دانیشتووانی سودان بەدەست برسێتییەکی زۆرەوە دەناڵێنن، چونکە دۆخی مرۆیی پێویستی بە وەڵامدانەوەی مرۆیی گشتگیر هەیە کە دڵنیابێت لەوەی یارمەتی پارێزراوو دەستبەجێ بگاتە ناوچە زیانلێکەوتووەکان.