لە سلێمانی دارێکی ٢٠٠ ساڵە لەلایەن کەسێکەوە بڕدرایەوە
پۆلیسی دارستانی سلێمانی ڕایگەیاند، لە سنووری شارەدێی بەرزنجە هاوڵاتییەك بە تۆمەتی بڕینی دارێکی تەمەن ٢٠٠ ساڵ دەستگیر کرا و بەپێی بەدواداچوونەکان ئەم درەختە لە ڕیزبەندی درەختە بە تەمەنەکان ئەژمار دەکرێت.
ناوەندی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لەبارەی بڕینەوەی دارێكی بە تەمەن لە سنووری شارەدێی بەرزنجە لە سنووری سلێمانی ڕاگەیەندراوێكی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکرد، سروشت و ژینگەیەکی پاك و دروست یەکێکە لەو ڕەگەزانەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە تەندروستی مرۆڤەوە هەیە، لە پێناو بونیادنان و درووستکردنی ژینگەیەكی تەندروست پێویستە هەموومان بە گیانێکی بەرپرسیارانەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە پێناو پاراستنی ژینگەی وڵاتەكەمان هێزەکانمان لەسەرجەم سنوورەکانی سەر بە بەڕێوبەرایەتیمان هەمیشە لە ئەرك و هەوڵەکانیان بەردەوامن و تیمەكانمان ڕێگری لە سەرپێچیکاران و دوژمنانی ژینگە دەکەن و پاراستنی سروشت و ژینگە لە پێشینەی کارەکانیانە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، لەو پێناوەدا تیمێكی بنکەی پۆلیسی دارستانی بەرزنجە دوای ئەوەی زانیارییان پێگەیشت دارێکی سروشتی تەمەن گەورە کە تەمەنی زیاتر لە ٢٠٠ ساڵ دەبێت بڕاوەتەوە و دوای لێكۆڵینەوە هاوڵاتییەك بە تۆمەتی بڕینی دارەکە دەستگیر کرا.
ڕاشگەیەندراوە، بەپێی بەدواداچوونەکان ئەم درەختە لە ڕیزبەندی درەختە بە تەمەنەکان ئەژمار دەکرێت و لە ئێستاشدا تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەر بەند كراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە کراوەتەوە.