شاندی کەنەکە سەردانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی کرد
شاندی کەنەکە بە مەبەستی جەختکردنەوە لە گرنگی یەکگرتوویی گەلی کورد لە بارودۆخی ئێستادا، سەردانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی کرد.
سلێمانی
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، شاندی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان-کەنەکە لە شاری سلێمانی، لە درێژەی سەردانەکانیان بۆ لای لایەنە سیاسییەکان، بە مەبەستی دروستکردنی کۆنفرانسی ڕاوێژی نەتەوەیی بە پشتگیری پارتە سیاسیەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان و کۆکردنەوەی کۆدەنگی و پشتگیری بۆ دۆخی ئێستای ڕۆژئاوا، سەردانی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانیان کرد.
ئەم شاندە کە لە زەینەب موراد- هاوسەرۆکی کەنەکە، ڕەفیق غەفور- ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەنەکە، شەهلا عەفید- ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری كەنەكە، زەینەب مستەفا-بەرپرسی ئۆفیسی کەنەکە و یوسف حەسەن- ئەندامی کەنەکە پێکهاتبوو، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە ئامادەکارییەکان بۆ ئەم کۆنفڕانسە لە هەر چوار پارچەی کوردستان و ئەوروپا، چۆنییەتی چارەسەری پرسی کورد، پاڵپشتی لە گەلی رۆژئاوای کوردستان کرد. هەروەها بارودۆخی ئێران و ڕۆهەڵاتی کوردستان لە دوای شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" و ڕژێمی ئێران و کارییگەری گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە لەسەر ئێران هەڵسەنگێنرا.
کەوسەر ئیبراهیم، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە باسی لەوەکرد، کە یەکێتی نەتەوەیی کورد لە پێناو بەرژەوەندی گەلی کورددا گرنگە و وتیشی: بە هۆی یەکنەگرتنی گەلی کوردەوە دەرفەتێکی زۆر لەدەستچوون و لە باری ئەمنییەوە زۆر گوشار خراوەتە سەر کورد، لایەنە سیاسییەکان و دەوڵەتانی سەردەستیش بەو شێوازە باشتر توانیوویانە دەستوەردان بکەن لە پارچەکانی کوردستاندا، لە ئێستاشدا یەکڕیزی و یەکێتی گەلی کورد دەتوانێت لە بەرژەوەندی گەلی کورددا بێت.
وتیشی: ئەگەر هەرێمی کوردستان پاڵپشتی پارچەکانی دیکەی کوردستان بێت، دەتوانرێت دەستکەوتی باشتر لە کوردستان بەدەستبێت.
سەردانی شاندی کەنەکە بۆ لای لایەنە سیاسییەکان بە مەبەستی ڕێکخستنی کۆنفرانسی ڕاوێژی نەتەوەیی لە باشووری کوردستان بەردەوامە و بڕیارتە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندی کەنەکە سەردانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران بکات و لە ڕۆژانی داهاتووشدا سەردانەکان بەردەوام دەبێت.