کۆمپانیای گزنگی بەربەیان هەڵوێستی خۆی بەرامبەر ڕاگرتنی کارەکانیان خستەڕوو

لە بارەی ڕاگرتنی کارەکانیان لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە، کۆمپانیای گزنگی بەربەیان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، بڕیاری ڕاگرتنی کارەکانمان قبوڵ ناکەین و ڕەتی دەکەینەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ئاسایشی سلێمانی هەڵیکوتایە سەر ناوەندەکانی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، ڕێکخراوی نوێگەر بۆ گەشەپێدانی هونەری، ڕێکخراوی مەرزییە و کۆمپانیای گزنگی بەربەیان.

 

لە بارەی ڕاگرتنی کارەکانیان، کۆمپانیای گزنگی بەربەیان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، بڕیاری ڕاگرتنی کارەکانمان قبوڵ ناکەین و ڕەتی دەکەینەوە.

 

 

دەقی بەیاننامەی گزنگی بەربەیان؛

بۆ ڕای گشتی

ڕۆژی ٣١ی کانوونی یەکەم و کۆتا ڕۆژی ساڵ، لە چوارچێوەی بڕیارێکدا کە هەریەک لە حکومەتی ناوەندی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگای ئاسایشی هەرێم لە سلێمانی تیایدا بەشدارن،  بە بێ بوونی هیچ نووسراوێکی فەرمی و ئاگادارکردنەوەیەک، بڕیاری ڕاگرتنی کۆمپانیای گزنگی بەربەیان، بۆ بەرهەمهێنانی بەرنامەی تەلەفیزیۆنی سنوردار، کە بۆ ژن تیڤی بەرنامە بەرهەم دەهێنێت.

ئەم هەوڵە لە کاتێکدایە کە تێکۆشانی ژنان لە چوار پارچەی کوردستان گەیشتووەتە قۆناغێکی بێ وێنە و لە جیهانیشدا باس لە پێشەنگایەتی ژنانی کورد دەکرێت، بەڵام بە سیاسەتێک کە لە بەرژەوەندی دەسەڵات و داگیرکەراندایە و لە هەرێمێکی سەربەخۆی کوردستانیدا کە ماوەی ٣٣ ساڵە فەرمانڕەوایی کوردیی تیایدا بەڕێوە دەچێت، بڕیاری ڕاگرتنی کۆمپانیایەکی میدیای دەدرێت.

ئەم بڕیارە سەرەڕای ژێردەستەیی بڕیاری داگیرکارانی کوردستان، پێشێلکردنی ئازادی ڕۆژنامەگەرییە لە هەرێمی کوردستان و ئەقڵیەتی شکاندنی ئیرادەی ژن و ناسنامە و بوونی ژنە.

وەک کۆمپانیای گزنگی بەربەیان، کە ماوەی 7 ساڵە لە باشووری کوردستان کار دەکەین و دەنگ و ڕەنگی ژنانی باشووری کوردستانین، بە هەموو شێوەیەک ئیدانەی ئەو هەوڵە دەکەین و ڕایدەگەیەنین، بڕیارەکە پێچەوانەی هەموو قوربانیدانەکانی ژنانی باشوورە لە کایەکانی ژیاندا، بە هەموو شێوەیەک بڕیاری ڕاگرتنی کارەکانمان ڕەت دەکەینەوە و قبوڵی ناکەین، ڕاشیدەگەیەنین کە ڕێکاری یاسایی دەگرینە بەر و تا کۆتایی بەردەوام دەبین.

٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤
کۆمپانیای گزنگی بەربەیان