لە مەنبج سێ تەرم دۆزرایەوە کە ژنێکیان تێدایە
تاوان و کۆمەڵکوژی چەتەکانی داگیرکەری تورکیا لە کانتۆنی مەنبجی داگیرکراو ناوەستێت، پێش کشانەوەشیان، چەتەکان لە گوندی قشلە یوسف پاشا سێ کەسیان لە بنەماڵەیەکی کورد کۆمەڵکوژ کرد
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ ٣٠ی کانوونی دووەم، گەلی مەنبج، سێ تەرمی خێزانێکی کوردیان لە گوندی قشلە یوسف پاشا دۆزیەوە، سەرچاوەکان بۆ ئاژانسەکەمانیان ڕوونکردەوە کە چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا پێش کشانەوەیان کۆمەڵکوژیان کردوون و لە گوندەکەدا لە نزیک ماڵەکەیان فڕێیانداوە.
سەرچاوەکان لە لادێکانی کانتۆنی مەنبجی داگیرکراو لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ ئاژانسەکەمان ڕایانگەیاندووە کە سێ تەرمی خێزانێکی کورد لە گوندی قشلە یوسف پاشا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کانتۆنی مەنبج لە نزیک ماڵەکەیان کە دەکەوێتە کەناری ڕووباری فورات لە نزیک بەنداوی تشرین، دۆزراونەتەوە، کە بە کوژراوی فڕێدراونەتە خوارەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکە، پێش ئەوەی بە پێشڕەوی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک-قەسەدە لە گوندەکە چەتەکان بکشێنەوە، هێرشیان کردووەتە سەر ئەو خێزانە و کۆمەڵکوژیان کردوون، کە ناویان، فاتمە ئەل-شامان نزیک بە ٧٠ ساڵ، محەمەد خەلیلی هاوژینی بە نزیکەی هەمان تەمەن، و سلێمانی کوڕیان کە بە نزیکەی ٣٠ ساڵ دەبێت.
دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بەنداوی تشرین دەدەن بۆ ئەوەی وەک کارتێکی فشار بۆ سەر خەڵک بەکاری بهێنن، بەو پێیەی کە ئاو و کارەبا بۆ تەواوی ناوچەکە دابین دەکات، لە لایەکی دیکەشەوە داگیرکارییەکانی بۆ سەر ناوچەکان فراوانتر بکات، بەڵام هێزەکانی سووریای دیموکراتیک-قەسەدە و ئەنجومەنی سەربازی مەنبج و یەکینەکانی پاراستنی ژنان-یەپەژە هەموو هێرشەکانیان پووچەڵکردەوە و زیانێکی زۆریان بە چەتەکان گەیاند.