مەلیکە، ژنە بەخشراوەکەی هەڵەبجە کۆچی دوایی کرد

مەلیکەی هەڵەبجە و خۆشەویستی هەڵەبجەییەکان کۆچی دوایی کرد و دڵگرانی بۆ شاعیر و هاوڵاتیانی هەڵەبجە هێنا.

هەڵەبجە

 

٢٣ی ئازار، مەلیکە پاش ئەوەی ململانێیەکی زۆری کرد لەگەڵ نەخۆشیدا، ئێوارەیەکی درەنگ کۆچی دوایی کرد، مەلیکە کە ناسراوە بەمەلیحە، لەساڵی ١٩٣٥ لە گوندی هاواری سەربە پارێزگای هەڵەبجە لەدایکبووە، پاش ئەوەی گوندی هاوار ڕادەگوێزرێت لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە لەگەڵ باوکیدا لە هەڵەبجە نیشتەجێ دەبن، سەرەتای ژیانی بەکاری دەست ڕەنگینییەوە خەریک دەبێت، بەڵام بەهۆی نەخۆشی و کۆچی دوای باوکی باری دەروونی ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو خراپ بوون دەچێت.

مەلیکە خۆشەویستی هەموو هەڵەبجە و هەورامان بوو کاری ڕۆژانەی مەلیکە کۆکردنەوەی خاشاک و خۆڵی گەڕەکەکانی هەڵەبجە بوو هەمیشە لەسەر زاری خۆیەوە دەیوت "ڕۆژێک دێت هەموو خەڵک پێویستیان بەو کەلوپەلانە دەبێت کە من کۆمکردونەتەوە.

 

مەلیکە لەگەڵ ئەوەی خۆشەویستی هەڵەبجەییەکان بووە، قسە نەستەق بووە و پێی بەناوبانگ بووە، دەگێڕنەوە کاتی خۆی چووەتە لای پارێزگاری پێشووی هەڵەبجە و پارێزگار پێی وتووە مەلیکە خان بەخێر بێیت، لەوەڵامدا بەدەم پێکەنینەوە وتویەتی پارێزگاکەی تۆ و خانەکەی من وەک یەکن.

 

مردنی مەلیکە شەعیران و نوسەرانی هەڵەبجەی هێنایە دەنگ

نوسەری هەڵەبجەیی سەبا ئەحمەد بۆ کۆچی مەلیکە دەڵێت:

ئــای مەلیحە ..!!

چەند بێ دەنگ هاتی

چەند تەنیا ژیاییت

چەند سادە مردی

مەلیحە هەموو خەمت ئەوەبوو ڕۆژێک مرۆڤەکان لاتبن، ڕووتبن، خاڵیبن لە بەها، بۆیە هەمیشە لە هەوڵدابوویت خاشاک کۆکەیتەوە ئەو خاشاکانەی ڕۆژانە خەڵکی وەک بێزاریەک فڕیان دەدات و لەکۆڵ خۆیان دەکردەوە ،تۆش بەشان بۆ ماڵەکەی خۆت دەهێنانەوە، ئەوەی تۆ پێشبینیت کرد بە زیندوو بونی خۆت نەهاتەدی، بەڵام دڵنیابە ڕۆژێک دێت هەموومان سواڵی ئەو شتانە دەکەین کە لە کاتی غروردا فڕێمانداون..

 

 

کوێستان ئەکرەم فەرەج سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە بەم جۆرە وەسفی مەرگی مەلیکە دەکات و دەڵێت: ڕۆحت شاد و ئاسودە بێت هاوڕێ ئەزیز خاتوو ملیحە هاواری هیچ ووشەیەك شك نابەم بۆت بنوسم تەنها ئەوەندە دەڵێم ئازار و ئەشکەنجه و هه ستکردنت بە ژیان باری دەروونی شێواندی ڕۆحت شاد و ئاسودەبێت.

 

مەلیحە دانیشتووی گەڕەکی شارەوانیی بوو لە شاری هەڵەبجە، بەهۆی ئەوەی بەردەوام لەناو خەڵکدا بوو، هەڵەبجەییەکان هەموو دەیانناسی و خۆشەویست بوو لەلایەن، لە ئێوارەی ٢٣ی ئازاردا لە شاری هەڵەبجە کۆچی دوایی کرد.

 

ت.پ