چیچەک کۆبانێ سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا
دوای دوو ساڵ بە دیل گرتنی چیچەک کۆبانێ لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، دادگای تورکیا سزای هەتاهەتایی بەسەردا سەپاند.
ناوەندی هەواڵ
دادگای باڵای تاوانەکان ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ئازار سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ دۆزگین تەمۆ (چیچەک کۆبانێ) دەرکرد، بێ هیچ تۆمەتێک دادگایی کردنی چیچەک لە ٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ لە شاری ئورفا دەستیپێکرد، دوای ئەوەی لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکەوە لە گوندی مشرەفای عەین عیسا بە دیلکراوی ڕفێندرا.
تیمۆ هیدایەت ئینمەک پارێزەری چیچەک کۆبانێ، ئاماژەی بەوە داوە ئەو کەسانەی چیچەک کۆبانێیان ڕفاندووە بەکرێگرتەی دەوڵەتی تورکن، لە کاتی ڕفاندنەکەشدا هەڕەشەی کوشتن و سەربڕینی لێکراوە، لەو ڤیدیۆیەشدا کە لەکاتی ڕفاندنەکەدا بڵاو بووەوە، چیچەک بریندار بووە و دەرکەوتووە یەکێک هەڕەشەی سەربڕین دەکات و یەکێکی دیکەش بە کەنیزە ناوی دەبات.
چیچەک کۆبانێ لە زیندانەوە بەشداری دانیشتنی دادگا بوو، پارێزەرەکەی چیچەک ئاماژەی بەوە داوە کاتێک ئەم دۆسیەیە ببرێتە دادگای نێودەوڵەتیەوە ڕاستییەکان ئاشکرا دەبن.
دۆزگین تەمۆ لە ساڵی ١٩٩٧دا لە شاری کۆبانێ لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا لەدایکبووە، لەکاتی هێرشەکانی داعش بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بەشداری هێزەکانی سوریای دیموکرات-قەسەدە بووە، لە کاتی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەرێکانی و گرێ سپی لە ٢٠١٩دا ڕفێندراوە.
٢٣ی ئازاریش لە کۆتا دانیشتنی دادگای باڵای تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا بە پاساوی "تێکدانی یەکێتی دەوڵەت و وڵاتان" و بە بیانووی ئەوەی لەکاتی شەڕدا کوشتن ڕویداوە و چیچەک بەشداربووە تێیدا، سزای هەتاهەتایی بەسەر چیچەک کۆبانێدا سەپێندرا.
ت.پ