ژنێک لە گەرمیان لەلایەن هاوژینی پێشووی کوژرا
شەوى ڕابردوو لە گوندى تازەدێی سنوورى شارۆچکەى کەلار ژنێک بە چەقۆ کوژرا، پۆلیسی گەرمیان دەڵێت: بکوژەکە دەستگیرکراوە و لێکۆینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە.
ناوەندی هەواڵ
کوشتنی ژنان لە باشووری کوردستان بەردەوامی هەیەو لە نوێترین ڕووداودا ژنێک لە گەرمیان بە چەقۆ کوژرا.
لە راگەیاندراوی پۆلیسی گەرمیاندا هاتووە: نزیکەی کاتژمێر ١١:٣٠ خولەکى شەوى ڕابردوو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان ئاگادارکرانەوە لە ڕووداوێکی کوشتن لە گوندی تازەدێی سەر بە شارۆچکەى کەلار، دواتر پۆلیس گەرمیان و بەشی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان بەخێرایی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد.
ئەوەشی خستەڕوو، بکوژەکە بە فەرمانی دادوەر و بە مادەی ٤٠٦ دەستگیرکراوە، هەروەها پۆلیسی لەسەر هۆکار و چۆنییەتی ڕووداوەکە بەردەوامە لە لێکۆڵینەوە.
بەپێی زانییارییەکان ژنەکە بە چەقۆ لەلایەن هاوژینی پێشوویەوە کوژراوە.