کەژەکە داوای پاراتستی جەوهەری و خەباتی ڕێکخراو دەکات

کەژەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا کە بۆ ٢٥ی تشرینی دووەم بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت: دەتوانین لە ڕێگەی خەبات و ڕێکخستن و هێزی خۆپاراستنەوە جیهانی واتاکەمان فراوانتر بکەین و بوونمان بەهێز بکەین.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆردیناسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان "کەژەکە" بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان ڕاگەیانراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند کە بەهێزکردنی ڕێکخراوی ژنان لە دژی توندوتیژی پیاوسالاری زۆر گرنگە، لە هیچ سەردەمێکدا توندوتیژی دژی ژنان ئەوەندە قووڵ و سیستماتیک نەبووە، پێویستە هەڵوێستێکی ڕوون هەبێت بەرامبەر بە توندوتیژی پیاوان، کە لە ئاستێکی زۆر خراپدا سەرهەڵدەدات و هەموو مانگێک و هەموو ڕۆژێک و هەموو ساتێکی ساڵ خۆی دەردەخات، لەم چوارچێوەیەدا، تاکە ڕێگایە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی کاریگەر لە دژی 'ژنکوژی'". 'ئیکۆساید' (لەناوبردنی ژیان) و لەناوبردنی کۆمەڵگ٣ و سروشت، کە هەموو ئەمانە لەلایەن مۆدێرنیتە سەرمایەداری (سیستەمی کوشندەی ئێستا) و پێکهاتەکانی هاندەدرێن و لە هەموو خانەیەکی ژیاندا جێبەجێ دەکرێن، خەباتێکی بەکۆمەڵ و ڕێکخراوەی ژنانە.

 

ژیانێکی ئازاد دژی کولتووری توندوتیژی

ژنان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو کولتوورە توندوتیژییەی کە لە هەموو لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا چەسپاوە، پێویستە پلان و پڕۆژەیەک دابڕێژێت کە دیدێکی فرەلایەنە بۆ خەبات دابین بکات، ئەمەش زۆر لایەن لەخۆدەگرێت، هەر لە بونیادنانەوەی ژیانی ڕۆژانە و پەیوەندییە مرۆییەکانەوە تا دەگاتە دروستکردنی چوارچێوەی جێگرەوە بۆ ژیانێکی ئازاد، لە سەردەمێکدا کە ئێستا توندوتیژی بووەتە کولتوور و شێوازێکی ژیان، پڕۆسەی ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیک کە ڕێبەر ئاپۆ دەستیپێکردووە، دوو ئامانجی هەیە: هەموو گەل و گروپە چەوساوەکان لە چوارچێوەی دڵسۆزیدا کۆدەکاتەوە و لە هەمانکاتدا ڕێگای نوێی خەبات بۆ هەموو گەلانی ستەملێکراو بەتایبەت ژنان دەکاتەوە، لەگەڵ پەرەسەندنی پرۆسەی ئاشتی و دیموکراسی، هێڵی ئازادی ژنان و تۆوی شێوازی ژیانی بەدیلمان بە هێزێکی زۆر گەورەترەوە گەشە دەکات.

 

"پرۆسەی دیموکراتیک و ئاشتی چوارچێوەیەک دەبێت بۆ پێشخستنی ئازادی ژنان"

یەکێک لە ئامانجە بنەڕەتییەکانی پرۆسەی کۆمەڵگەی ئاشتی و دیموکراتیک، خۆشکردنی ڕێگایە بۆ بەشداریکردنی دیموکراسی و ئازادی ژنان. ئەمەش خەبات دژی ئەو هێزانە دەگرێتەوە کە ژنان لە ژیاندا پەراوێز دەخەن، بە پلەی یەکەم توندوتیژی دژی ژنان. بەم پرۆسەیە، بناغەی خەباتێکی فراوانترو قووڵتر لە دژی هەموو ئەو ڕێبازانەی کە ژنان بۆ ئاستی "ئۆبژە" بچووک دەکەنەوە، ئامادە دەکرێت، بەم شێوەیە پرۆسەی دیموکراتیک و ئاشتی دەبێتە چوارچێوەیەک بۆ پێشخستنی ئازادی ژنان و تێگەیشتنیان لە ئازادی و مافە سەرەتاییە مرۆییەکانیان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا.

 

ئەمساڵ بە تێڕوانینێکی نوێ و فراوانتر و قووڵترەوە لە ٢٥ی تشرینی دووەم، "ڕۆژی نێودەوڵەتی بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان" نزیک دەبینەوە. ئێمە وەک ژنان بە بەهێزکردنی یەکڕیزیمان لە کوردستان و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە سەرانسەری جیهان و بە بەرزکردنەوەی خەباتی بەکۆمەڵمان وەڵام دەدەینەوە. با ئەم ٢٥ی تشرینی دووەم بکەینە ڕۆژی هاوپشتی و یەکڕیزی و تێکۆشانی هاوبەشی زیاتری ژنان، بەهێزتر لە هەموو ساڵەکانی پێشووتر.

 

"دەتوانین کۆمەڵگەو پیاوان بگۆڕین"

حەقیقەتی ٢٥ی تشرینی دووەم ئەرک و بەرپرسیارێتی دەخاتە ئەستۆی ئێمە، تەڤگەرەکانی ژنان: ئەگەر ئێمە لە ڕێگەی “زیرەکی ژن”ەوە خۆمان ڕێکبخەین و کۆمەڵگە لە ژێر پێشەنگایەتی ژناندا دیموکراتیزە بکەین، بۆیە ژنان بە تایبەت ئەوانەی لە کۆمۆنەکاندان، پێویستە لەگەڵ هەر هەنگاوێکدا ڕێکخراوەکەیان فراوانتر و پەرەپێدانی ڕێکخستنەکەیان بکەن. ئەمەش دەبێت وەک "رێپێوانێک بەرەو ئازادی" ئەنجام بدرێت و بە سەرکەوتوویی بگاتە شارو گوند و شەقام و گەڕەک و شوێنی کار و قوتابخانە و ماڵ و ژیانی تاکەکەسی. سیستمی باڵادەستی پیاوان کە وەک "گۆڕستان سازکەر" بۆ کۆمەڵگەو هەم بۆ ژنان کاردەکات، بە ئامانجی ستراتیژی و سیاسی لەسەر ئاستی جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆیی کاردەکات، بەو پێیەی ئەم سیستمە لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا خۆی دەنوێنێت، ئێمەش وەک تەڤگەرەکانی ژنان، دەبێ خەباتێکی فرەلایەنەش بکەین. لە هەموو شوێنێک و لە هەموو کاتێکدا، لەسەر بنەمای ستراتیژی و سیاسەتی ڕزگاری ژنان. ئەمەش پێویستە.

 

ئێمە دەتوانین بوونمان بەهێزتر بکەین کاتێک لە ڕێگەی خەبات و ڕێکخستن و هێزیخۆپاراستنەوە جیهانی ماناکانمان فراوانتر بکەین. لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانین کۆمەڵگەو پیاو بگۆڕین و جیهانێک دروست بکەین کە مرۆڤەکان بەڕاستی هەناسەی تێدا هەڵمژن، بەم شێوەیە نەریتی ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان، کە ڕیشەی خۆی دەگەڕێتەوە بۆ خوشکەکانی میرابال و لەگەڵ کەسایەتییەکانی وەک ساکینە جانسز بەردەوامە، دەرگاکان بەڕووی جیهانێکی دوور لە توندوتیژیدا دەکاتەوە.

 

"با سەدەی بیست و یەکەم بکەینە سەردەمی ڕزگاری ژنان"

بۆ بونیادنانی بناغەیەکی نوێ بۆ ژیانێک کە لەسەر ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری بونیاد نراوە و بۆ زاڵبوون بەسەر توندوتیژیدا، با خەباتی بەکۆمەڵ و ڕێکخراومان بە دروشمی “ئێستا کاتی خۆپاراستنە: ڕێکخستنی ژنان لە دژی توندوتیژی!” لەم ڕۆژە جیهانییەدا بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان، با یەک دەنگ و یەک دڵ بین و سەدەی بیست و یەک بکەینە سەردەمی ئازادی ژنان.