کاروانی هەشتەمی کۆچبەرانی سەرێکانی بەرەو ماڵەوە دەڕۆن

هەشتەمین کاروانی کۆچبەرانی سەرێکانی کە پێکهاتوون لە ٤٤٧ خێزان دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، دوای ئەوەی تووشی کۆچکردن بوون کە لە ساڵی ٢٠١٩ دەستیپێکرد، ئامادەکاری بۆ بەڕێکەوتنی کاروانی نۆیەم لە هەفتەی داهاتوودا دەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

گەڕانەوەی وردە وردەی کۆچبەرانی دانیشتووانی سەرێکانی لە کامپ و پەناگەکانی شاری حەسەکە بۆ ناوچە ڕەسەنەکانیان بەردەوامە، بەپێی ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەم، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە ئازارەکانی کۆچکردن و دەستەبەرکردنی سەقامگیری خێزانەکان لە ماڵەکانیاندا.

 

ئەمڕۆ ٥ی تشرینی دووەم، گروپی هەشتەمی کۆچبەرانی سورێکانی و گوندەکانی دەوروبەری دەستیان بە گەشتی گەڕانەوەیان کرد، کاروانەکە نزیکەی ٤٤٧ خێزانی لەخۆگرتبوو، ئەمەش هەنگاوێکە کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە کارەساتی کۆچکردن و ئاسانکاریکردنە بۆ نیشتەجێکردنی دانیشتووان لە ناوچە ڕەسەنەکانیان.

 

ئەم هەنگاوە تەنها ڕۆژێک دوای ڕۆشتنی کاروانی حەوتەم دێت کە ٣٧٠ خێزانی لەخۆگرتبوو، بەرەو ماڵەکانیان لە ٧٥ گوندی ناوچە گوندنشینەکانی شارەکەدا بەڕێکەوتن.

 

ئامادەکارییەکان بۆ ڕۆیشتنی گروپی نۆیەم لە هەفتەی داهاتوودا بەڕێوەدەچێت، لەکاتێکدا هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی نزیکەی هەزار خێزانی دیکە لە کاروانی داهاتوودا.

 

شایەنی باسە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ هەزاران هاوڵاتی مەدەنی ناچاربوون لە شاری سەرێکانی و گوندەکانی کۆچبکەن، ئەمەش دوای ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تورکیا کە دۆخی مرۆیی خراپتر کرد، بەو پێیەی خێزانەکان ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن لەژێر بۆردوماندا، بەرەو کامپ و پەناگەی کاتی کۆچبکەن، بۆ دەستپێکردنی گەشتێکی دوور و درێژی ئازار لە کاتێکدا چاوەڕێی گەڕانەوەن.