چیمەن ڕەفیق؛ ٣٣ ساڵ خزمەتی بێپچڕان لە یەکێتی ژناندا
چیمەن ڕەفیق لە یەکێتى ژنان دواى ٣٣ ساڵ خزمەت بەژنانى سنوورى کۆیە، کە لە بارودۆخە ناخۆشەکاندا لەڕێگەی کاری ڕێکخراوەییەوە هاوکاری ژنانی دەکرد هێشتا دەڵێت: لە توانامدا بێت بەردەوام دەبم.
شلێر کۆیی
کۆیە_چیمەن رەفیق عەبدولکەریم، لە ساڵى ١٩٥١ لە گەڕەکى هەواوان لە دایکبووە بە هۆى بارودۆخى ژیانى باوکی، خوێندنى لە کۆیەو بەسڕەو کەلار تێپەراندووە دواجار تا پۆلى پێنجى ئامادەیی خوێدنەوەو لەخوێندن دابڕاوە ولە ساڵى ١٩٩١وە دەستى بەکارى ڕێکخراوەیی ژنان کردووە تا مانگى ئابى٢٠٢٦ بەتەواوى دەستبەردارى پۆستى بەرپرسی لقى کۆیەى یەکێتى ژنان بوو.
چیمەن ڕەفیق بۆ ئاژانسەکەمان باسی لە ژیانى و بەشێک کارەکانى کردو وتی: من ژیانم زۆر ئەولاو لاى کردووە، بنەماڵەیەکى کورد پەروەر بووین، ژیانم لەمنداڵیەوە زەحمەت بوو هەر ساڵەو لە شوێنێک خوێندنم کردووە، بەهۆى ئەوەى باوکم نەفی کرابوو رایانگواست بۆ پارێزگاى بەسرە لە عێراق، ئەو کات پۆلى دووى سەرەتایی بووم، دوایی چووینە شارى کفرى دواى چەند ساڵێک هاتینەوە کۆیە، دووبارە لەکۆیە چوومەوە بەر خوێندن، پاشان بەهۆى ئەوەى باوکم یەکەم قاسە بوو پێشکەشى شۆرشى کرد دوورخرایەوە ئەو جارە ناردیانەوە بۆ شاری رومەیسە لە باشووری عێراق، دوایی دیسان هاتینەوە کۆیە، تا پۆلى پێنجى ئامادەییم خوێند بەهۆى هاوسەرگیری لە خوێندنگە هاتمە دەرێ، چونکە ئەوکات بڕیار هات هەرچى هاوسەرگیری بکات نابێت بچێت بخوێنێت تەنیا دەتوانى لە ئێواران درێژە بە خوێندن بدەى، ئەوەش بۆمن قورس بوو بۆم نەگونجا، هەرچەندە زۆرم حەز دەکرد خوێندن تەواو بکەم، ئێستا خاوەنی شەش منداڵم هەموویان خوێندنیان تەواو کردووە.
لە ساڵی ١٩٩١دەستی بە خەبات کردووە
چیمەن رەفیق وتیشى: سەبارەت بە کارى ڕێکخراوەییم ئەو هەموو کارەى ئێمە کردمان بە چەندین چاوپێکەوتن تەواو نابێت و لێرە باسی بەشێک لە ژیان و کارەکانم دەکەم، بیرمە لە مانگى ئایاری ١٩٩١ خاتوو سویل عوسمان پەیوەندی پێمەوە کردم ئەو یەکەم ژن بوو خەباتى ژنانى لە شاخەوە هێنایەوە ناو شار کاتى راپەڕین، پێى وتم کار بکەم وەک بەرپرسى لقى یەکیتى ژنانى کوردستان منیش رازى بووم، دوایی کە پرۆژەکان دەرچوون بۆ کۆیە منى کردە بەرپرسی پرۆژەکان لە ٣ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٣ بەفەرمى دەست بەکارى ڕێکخراوى ژنان بووم, بەردەوام بوم تا مانگى ئابی ٢٠٢٦ واز م هێنا.
"لەو بارودۆخە ناخۆشەدا چەندین خولی جۆراوجۆرمان بۆ ژنان کردەوە"
"چیمەن خانى یەکیتى ژنان" کە بەو نازناوە ناسراوە وتی: ئەوکات بارودۆخ زۆر ناخۆشبوو بەتایبەت بۆ کەسوکارى ئەنفالکراوان و شەهیدان کە هەموو ماڵیان لێ تێکچوو بوو، منداڵیان هیچ نەبوو بیخۆن و ئێمە لەگەڵ ڕێکخراوەکان هەوڵماندا بۆ باشکردنى ژیانیان ئەویش بەکردنەوەى چەندین خولى جۆراو جۆر، لەبواری خولی دروومان، ڕاهێنانی پیشەیی، پرۆژەی ئاژەڵداری بۆ ٤٦٠ ژنی بێهاوژین، ئەنفالکراو و هەژار بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی داهاتی خۆیان.لەکۆتاییدا ئامێری درومانمان پێدەدان، گرنگترین خولمان خولی نەهێشتی نەخوێندەواری بوو چونکە زۆربەی ئەو ژنانە بێبەش ببوون لە خوێندن، بارودۆخی ئەوکات زۆر خراپ بوو، هەبوو هاوژینەکەی گیرابوو، هەبوو هەموو منداڵەکانی گیرابوو کارەساتی ئەنفال زۆر گەورەبوو زیانێکی زۆری لە ژنان دا، ئێمەش لەگەڵ ڕێکخراوە بیانییەکانی ئەوکات هەوڵماندا بەو خولانە پاڵپشت بین و بیانخەینە سەر کارێک گەر کەمیش بێت.
"زۆر ژنی بێ تاوان دەکوژرا"
چیمەن ڕەفیق نەشی شاردەوە کە ئەوکات توندوتیژی یەکجار زۆر بوو وتی: ژن زۆر دەکوژرا خۆیان دەسووتاند، زۆر ژنی بێ تاوان دەکوژرا، هەر ژنێک پێی خۆشبوایە هاوسەرگیری بە کەسی دڵخوازی بکات دەیان کوشت، هەر ژنێکی گەنج هاوژینەکەی شەهید بوایە یان ئەنفال دەبوو هاوسەرگیری بکاتەوە، یان ماڵە خەزورانی منداڵەکەیان لێ وەردەگرتەوە، دەیان وت بڕۆ هاوسەرگیری بکەرەوە.
یەک چیرۆک لە هەزاران
چیمەن رەفیق چیرۆکە راستەقینەکانی لەبیر نەکردووە بەڵام ئەوەی زۆر ناخی هەژاندووە تا ئێستا لە ئەندێشەی ماوەتەوە وەک خۆی وتی: چیرۆکی ئەو ژنە گەنجەی هاوژینەکەی ئەنفال ببوو یەک منداڵی هەبوو کەسوکاری دەیانویست هاوسەرگیری بکات و منداڵەکەش بدەنەوە بە ماڵە باوانی، ئەوژنە دەهاتە لام دەیوت تخوا مەهؽڵن لە منداڵەکەم ببمم منداڵەکەش دەیگوت تخوا دایە جێم مەهێڵە من و دایکەکەش دەستمان کردە گریان زۆر ناخۆشبوو، منیش نەمدەتوانی ڕێگری بکەم لەو دیاردانە ئەوکات تازەش دەستبەکارببوم زۆر ناخۆشبوو، پاشان منداڵەکەشیان لێسەندو هاوسەرگیریان بە ژنەکەش کرد بەداخەوە، نەماندەتوانی هیچ بکەین.
دەربارەی ئاستەنگییەکان و جیاوازی کاری رێکخراوەیی جاران و ئێستا چیمەن رەفیق وتی: جیاوازیەکان زۆرن کارکردن لە ساڵی نەوەتەکان بە بەراورد بە ئێستا زۆرن، ساڵی نەوەتەکان بەهۆی ئابڵۆقەی ئابووری و بارودۆخی سەختی کۆمەڵایەتی، ژنان بەرەوڕووی توندوتیژی زۆرتر دەبوونەوە، ئەوکات ئێمە هەوڵماندەدا بە ئاشتەوایی کێشەکان چارەسەر بکەین، پێکمان دەهێنان لەگەڵ قومری حەمەد کە لەبەشی کۆمەڵایەتی بوو، ژنان هەمیشە ئاشتی خوازبوون، لەکاتی کار کردنم زۆرجار ڕووبەڕووی هەڕەشە بوومەتەوە، بەچەک هاتونەتە سەر بارەگای یەکێتی ژنان هاتوونەتە مالم یان لەکاتی کارکردن بەڵام نەجاتم بووە، هەرجارەو بەبیانویەکەوە، بۆیە کە هاتمە ناو کار ئەوانەم دەدیت زۆر لام سەیر بوو دەموت چۆن پیاو لەژن دەدات، چونکە لەناو بنەمالەی من هیچ شتی وام نەدیبوو دەموت چۆن دلێان دێت لێتان بدەن ژنەکان دەیانوت چیبکەین !.
لە کۆتایی قسەکانی چیمەن ڕەفیق داوایکرد هەموو رێکخراوەکان لە خزمەتی ژناندا بن و ژنان بەرەوپێش ببەن وتی: چونکە ئێستا زۆرمان ماوە بگەین بە ئامانج، تا لەتوانامدا بێت بەردەوام دەبم، بەژنان دەڵێم تا پێتان دەکرێت کار بکەن، کاری باش بکەن و باش بن لەگەڵ هەموو دەوروبەرتان.