ژنانی زیندانی ئەڤین دژی سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی مانگیان لە خواردن گرت
گۆلرۆخ ئیرایی پەیامێکی بڵاوکردەوەو دەرکردنی سزای سێدارەدان بۆ زیندانیانی سیاسی ژن بە "تۆڵەی توندی ڕژێم لە گەلی ئێران" ناوبرد.
ناوەندی هەواڵ
گۆلرۆخ ئیرایی، زیندانی سیاسی زیندانیکراوی بەندی ژنانی ئەڤین، پەیامێکی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس و ئینستاگرام بڵاوکردەوەو سزای لەسێدارەدانی ژنانی زیندانیی سیاسییەکانی ئێرانی بە "تۆڵەی توندی ڕژێم لە گەلی ئێران" ناوبرد و مانگرتنی ناڕەزایی زیندانیانی دژی ئەو سزایانە ڕاگەیاند.
ناوبراو وێڕای ئاماژەدان بەسزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی، هەروەها ئاماژەی بەسزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە وریشە مورادی، زیندانی سیاسی کورد لە زیندانی ئەڤین، "بەبێ ئەگەری دەرفەتێکی دادپەروەرانە بۆ بەرگریکردن لەخۆی" "بەبێ ئاماژەدان بە بەڵگەنامەی بەڵگەدار و تەنها بە ئاگاداری دادوەر سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە" و ئەم کارەی شەرمەزار کرد.
ڕاشیگەیاند، زیندانیانی بەندی ژنانی ئەڤین وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەسزای لەسێدارەدانی ئەو زیندانیانە مان لە خواردن دەگرن: وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە کوشتنەکانیڕژێم و وەک ئیدانەکردنیسزای لە سێدارەدان کە بەسەر هاوزیندانیمان وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی دەرچووە، ڕۆژی ٢٢ی تشرینی دووەم، لە بەندی ژنانی زیندانی ئەڤین مان لە خواردن دەگرین.
وریشە مورادی ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار"، کە لە مانگی ئابی ساڵی٢٠٢٣ دەستبەسەر و لە چەند ڕۆژیڕابردوودا بە تۆمەتی "یاخیبوون" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و سەرەڕای ناجێگری بوونی دۆخی تەندروستی، بەرپرسانی زیندانیش ڕێگرییان لە گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە کردووە.