"پێویستە ژنان بەهێزتر بن و خۆیان بپارێزن"

فاتیمە فەرەج ئەندامی مەکتەبی ژنان لە پارتی نەتەویی سووریا، ڕایگەیاند، ژنان و منداڵان بەهۆی شەڕە چەکدارییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە و پێویستە ژنان بەهێزتر بن و خۆیان لە بەرامبەر ئەمە بپارێزن.

دەلال ڕەمەزان

 

حەسەکە- لەگەڵ جەنگی جیهانی سێیەم کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێکرد، ژنان ڕووبەڕووی هەڵاواردن دەبنەوە و توندوتیژی بەرامبەریان زیاتر دەبێت، ژنانی چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ دەکرێنە ئامانج و ژنان زۆرترین کاریگەری شەڕیان لەسەرە، هاوکات بە هۆی شەڕیشەوە لە شوێنی خۆیان ئاوارە دەبن.

 

فاتیمە فەرەج، ئەندامی نووسینگەی ژنانی پارتی نیشتمانی سووریا، قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد و وتی: لە سووریا و غەززە و لوبنان ئاژاوەگێڕی شەڕ زۆرترین زیان بە ژنان دەگەیەنێت، زۆربەی ژنەکان دەکوژرێن و تووشی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دەبن، ئاوارە دەبن، ون دەبن، دەستگیر دەکرێن، ڕووبەڕووی دەستدرێژی دەبنەوە، لە تەمەنێکی بچووکدا ناچار دەکرێن هاوسەرگیری بکەن، هەژار و بێ خوێندن دەمێننەوە و بەرپرسیارێتی خێزانەکە دەکەوێتە سەر شانیان".

 

"یاساکانی پاراستنی مافەکانی ژنان جێبەجێ ناکرێن"

فاتیمە فەرەج ڕوونیشیکردەوە، سەرەڕای ئەو کارەساتانەی ژنان لە ململانێدا دەژین و لێکەوتەکانی شەڕەکان، هیچ یاسایەک نییە مافەکانیان بپارێزێت و ڕێگری لە توندوتیژی و هەڵاواردن بکات و وتیشی: تا ئێستا هیچ یاسایەکی تایبەت نییە کە ژنان بپارێزێت لە کاتەکانی شەڕدا. هەرچەندە نەتەوە یەکگرتووەکان یاسای ژمارە ١٣٢٣ی بڵاوکردۆتەوە کە مافی ژنان و منداڵانی لە شەڕدا دەپارێزێت، بەڵام ئەم بڕیارە تەنها لەسەر کاغەز دەمێنێتەوە و نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. هیچ یاسایەک نییە ژن و منداڵان لە هەموو جۆرە نادادپەروەری و ئەشکەنجە و ئازاردانێک بپارێزێت.

 

''نەبوونی یاسا دەبێتە هۆی هاوسەرگیری پێشوەختە"

فاتیمە فەرەج باسی لەوەشکرد، لەو وڵاتانەی شەڕی تێدایە حاڵەتی توندوتیژی دژی ژنان زیادی کردووە و دۆخی ژنان خراپتر بووە، ئەمەش کارەساتی مرۆیی لێدەکەوێتەوە و وتی: ئەگەر هیچ یاسایەک نەبێت کە مافی ژنان و منداڵان بپارێزێت، توندوتیژی ڕوودەدات، وەک لە سووریا، لە ناوچە جەنگییەکان، بارودۆخی خراپی ژیانی خێزانەکان، دیاردەی هاوسەرگیری پێشوەختە زیادی کردووە و بەشێکی زۆریان وازیان لە خوێندن هێناوە بۆ کارکردن بە مووچەیەکی کەم و ڕەنجیان لەلایەن خاوەنکارەکانەوە دەخورێت. زۆرێک لە ژنان کوژراون، دەستگیرکراون یان دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر.

 

فاتیمە فەرەج ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک داعش هەندێک لە ناوچەکەی گرتە دەست، یاسای نادادپەروەرانەیان بەسەر ژناندا سەپاند و وتی: ژنان لە ناوچەکانی سووریا بەتایبەتی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە سەردەمی داعشدا، دەستدرێژییان کرایە سەر و وەک ئامراز بەکاردەهێنران و وەک کۆیلە لە بازاڕەکاندا دەفرۆشران.

 

"پێویستە ژنان تێکۆشانی خۆیان بەرز بکەنەوە"

فاتیمە فەرەج داوای تێکۆشانی لە دژی هەموو ئەو پراکتیزانە کرد کە ئازادی ژنان سنووردار دەکەن و ڕۆڵی ئەوان لە ژیاندا قورس دەکەن و وتی: بۆ ئەوەی ژنان ڕێگری لە دڕندەیی بەرامبەر خۆیان بگرن و مافەکانیان بپارێزن، پێویستە کەسایەتی خۆیان بەهێز بکەن و خۆیان و ئەو ژنانەی کە تووشی توندوتیژی دەبنەوە، بپارێزن و لە بەرامبەر هەموو جۆرە هێرشێک بوەستن و دژی عەقڵیەتی دەوڵەت و حوکمڕانی تاکڕەوی و عەقڵیەتی دەوڵەت تێکۆشانیان بەرز بکەنەوە.