دەوڵەتی تورک دهۆکی بۆردوومان کرد و فڕۆکەکانی لە ئاسمانی شەنگال دەسوڕێنەوە

ئەمڕۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورک ناوەندی گوندی بازێی لە دهۆک تۆپباران کرد و گولـلە تۆپێک بەر ماڵی هاوڵاتییەک کەوت، هەروەها بەشێوەیەکى بەردەوام فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک بەسەر ئاسمانی شنگالدا دەسوڕێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە کاتێکدا محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ بە سەردانێکی فەرمی لە هەولێرە و بڕیاریشە هەر ئەمڕۆ ١٣ی تشرینی یەکەم، سەردانی سلێمانی بکات، دەوڵەتی تورک بۆردوومان و تۆپبارانی ماڵی هاوڵاتییان دەکات و بە ئامانجیان دەگرێت، بەڵام بە هیچ شێوەیە لە کۆبوونەوەکانی کە تا ئێستا ئەنجامی داوە باسی لە لەشکركێشییەکانی دەوڵەتی تورک و بۆردوومانەکانی نەکردووە.

 

پێشنێوەڕۆی ئەمڕۆ، سوپای داگیرکەری تورک جارێكی دیکە تۆپبارانی ناوەندی گوندی بازێی سەر بە دەڤەری بەرواری باڵای لە شارۆچکەی ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک کرد، بە هۆیەوە، گولـلە تۆپێک بەر ماڵی هاوڵاتییەک کەوتووە و بە هۆشییەوە زیانی مادی زۆری لێکەوتووەتەوە.

 

هەر بەپێی زانیارییەکان، لە کاتژمێر ٨:٠٠ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆوە، جموجۆڵی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەسەر لە ئاسمانی شەنگال هەیە، دەوترێت تاکو ئێستاش بەردەوامە، ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ ١٣ـی تشرینی دووەم، ٩یەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی ناوەندی شنگال لە دەستی چەتەکانی داعشە.

 

هەروەها سێ ڕۆژ لەمەوبەر فڕۆکەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، ئۆتۆمبێلێکیان لە ڕێگای لۆفا لە چیای شەنگال کردە ئامانج و لە ئەنجامدا گەنجێکی ئێزدی بەناوی کەریم حەجی شێرۆ لە عەشیرەتی زەندینی گیانی بەختکرد، کە لە دایکبووی ساڵی ٢٠٠٧ـە و خەڵکی تلعوزێری شەنگالە.