نیگەرانی ژنانی کۆچبەری ئیدلب لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان زیادی کردووە

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان، ژنانی کۆچبەر لە کامپەکانی باکووری ئیدلب لەژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورکیادا ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە. دەیان هەزار خێزان لە کامپەکاندا دەژین کە لە قوماش دروستکراون.

هەدیل عومەر

 

ئیدلب- ژنانی کۆچبەر لە ئیدلب لەژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیادان، لەگەڵ هاتنی وەرزی زستاندا ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە. بەهۆی نەبوونی ژێرخانی دروست و لە ئەنجامدا مەترسی بەزاندنی ئاو لە چادرەکاندا زۆرە، ژنان بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕن.

 

کەرەستەی پاراستن و کەڤەری دژە ئاوی کامپەکە و هەروەها بچووکترین شێوازەکانی گەرمکردنەوە پێویستییەکی گرنگن کە ئازاری بەردەوامی کۆچبەران کەم دەکەنەوە. ژنانی کۆچبەر کە لە کامپەکاندا دەژین نیگەرانی خۆیان بۆ دەزگاکەمان دەربڕی.

 

''زستان لە کامپدا کابوسێکە کە خۆی نوێ دەکاتەوە''

حەمیدە بۆشناق، ژنێکی کۆچبەری تەمەن ٣٠ ساڵە و ماوەی ٤ ساڵە لە کامپەکانی بەردەقلی لە باکووری ئیدلب نیشتەجێیە و دەڵێت: زستان کابوسێکی نوێیە لە کامپەکەدا. ئێمە بۆ دانانی چادرەکانمان شەڕ لەگەڵ کاتدا دەکەین. بەڵام لە کۆتاییدا ئاوەکە دەچێتە ناوەوە و سەرما و شێ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. منداڵەکانم شەوانە لە سەرما لە خەو هەڵدەستن. تەنها بەتانی تەنکمان لە دەستدایە".

 

حەمیدە بۆشناق ڕایگەیاند، چەندین جار هەوڵیداوە چادرەکەی دابنێت و وەک ساڵانی ڕابردوو پەچە و کەڤەری پلاستیکی بەکاربهێنێت، بەڵام با و باران ڕێگەی پێنەدا خۆی ئامادە بکات. هەرەوەها ئاماژەی بەوەشکرد، دەیەوێت بچمە شوێنێکی گەرمتر بۆ منداڵەکانی و چادرێکی باشتر بەدەستبهێنێت، بەڵام هیچی نییە، چونکە کەس یارمەتی پێشکەش ناکات.

 

"بچووکترین شتەکان دەبنە گەورەترین سەختی"

فاتمە زکرا، کۆچبەرێکی تەمەن ٤١ ساڵە و لە کامپەکانی وەهلا لە باکووری ئیدلب دەژی، دایکی ٥ منداڵە و دەڵێت: زستانی ڕابردوو ئاوی باران هاتە ناو چادرەکەمانەوە. ناچار بووم منداڵەکانم ببەم بۆ ماڵی یەکێک لە خزمەکانمان. شەوێکی زۆر بەئاگا بووین چونکە سارد بوو، بەهۆی نەبوونی بەتانی، نیشانەی نەخۆشیشمان هەبوو، جارێکی تر ناتوانم منداڵەکانم بەم شێوەیە ببینمەوە. بچووکترین شتەکانی وەک گەرمکردنی خواردن یان جل شۆردن دەبنە گەورەترین ئاستەنگ، لەگەڵ نەبوونی ڕێگای سەلامەت، ناچار دەبین لە دەرەوەی کامپەکە ئاگر بکەینەوە، بەڵام ترسی ڕووداو بەردەوامە. هیوادارم بتوانین لە شوێنێکدا بژین کە منداڵەکانمان لە سەرمای زستان و نەخۆشییەکانی بپارێزێت".

 

بانگەوازی بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی

جەمیلە شهامی ژنێکی بەساڵاچووە و بەتەنها دەژی و کەسی نییە یارمەتی بدات لە دانانی چادرەکەیدا ئەو دەڵێت: سەختی لە ژیان و کۆچکردندا، هەروەها لەدەستدانی منداڵەکانم، وای لێکردم بە تەنیا بژیم، بەڵام سەرما ڕەحم ناکات، زەوی دوای هەموو بارانێک تەڕ دەمێنێتەوە، بۆیە ساردتر دەبێتەوە.

 

جەمیلە شهامی داوای لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کرد کە یارمەتیان بدەن بۆ دابینکردنی تەختە بۆ بنی چادرەکانیان کرد،؛ چونکە ناتوانن لە زستانێکی سەختی تردا بژین.