ژنانی ئەفغانستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاڵیبان چەک هەڵدەگرن

بە هۆی ئەوەی تاڵیبان هێرشی یەک لە دوایەک دەکاتە سەر ئەفغانستان و هەوڵ دەدات ڕێگری لە ئازادی و خوێندنی ژنان بکات، ژنانی ئەفغانستان لە هەوڵی فێربوونی بەکارهێنانی چەکدان تا بە ڕووی هێزەکانی تاڵیباندا بووەستنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ژنان لە باکوور و ناوڕاستی ئەفغانستان لەگەڵ ئەوەی بەشداری خۆپیشاندانەکانیان کرد لە دژی بزوتنەوەی تاڵیبان، بڕیاریشیاندا چەک هەڵبگرن بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەیان.

 

لە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانییدا هاتووە، ژنان بە هێزەوە بەشداریان لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە تاڵیبان کردووە، کە کۆت و بەندی خستۆتە سەر ژنان و ڕێگری خوێندنیان لێدەکات و بەزۆر ناچار بە لەچککردنیان دەکات.

 

لە ڕۆژنامەکەدا هاتووە، ژنان لە ترسی ئەوەی تاڵیبان بێتە سەر دەسەڵات خۆپیشاندانیان ئەنجام داوە، کە یەکێک بووە لە خۆپیشاندانە گەورەکانی ناوچەی غور کە بەهەزاران ژن تێیدا بەشدار بوون.

 

بە وتەی حەلیمە باراستیش بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی ژنان لە ویلایەتی غور، هەندێک ژن لەناو خۆپیشاندانەکەدا دەیانویست هێرش بکەنە سەر هێزە ئەمنییەکان، دەشڵێت: زۆرێک لە ژنەکانی ئەفغانستان ئامادەن بچنە بەرەی جەنگ.

 

ڕۆژنامەنوسێک دەڵێت " هیچ ژنێک حەز بە بوونی شەڕ ناکات، بەڵکو دەیانەوێت درێژە بە خوێندنەکانیان بدەن و دوربن لە توندوتیژی"، ئاماژەی بەوەشدا، ژنان نایانەوێت لەژێر دەسەڵاتی کەسانێکدا بچەوسێندرێنەوەو وەک کاڵا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، بۆیە بەم خۆپیشاندانە نیشانی دەسەڵاتدارانی تاڵیبانیان دا کە ئەگەر شەڕیان دەوێت ئەوانیش ئامادەن.

ئەو ڕۆژنامەنوسە ئاماژەی بەوەشکرد، کە ڕۆژانە ژنان بەشداری لە خولی فێربوونی چەک دەکەن لە پایتەختی ئەو پارێزگایە.

 

 

جێگای ئاماژەیە هێرشەکانی تاڵیبان لە سەرەتای مانگی ئایارەوە زیادیکردووە و بڕیارە لە ١١ی ئەیلولیشدا ئەمریکا بە تەواوی پاشەکشەبکات، لە ئێستادا نزیکەی ٦٥٠ سەرباز ماون بۆ پاراستنی دیپلۆماتەکان لە ئەفغانستان لە کاتێکدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کابول بە کراوەیی ماوەتەوە.