ژنانی سوەیدا لیژنەی لێکۆڵینەوە ڕەتدەکەنەوە: متمانەمان بەو کەسانە نییە کە خوێنمان دەڕێژن
ژنانی شاری سوەیدای سووریا داوای لێژنەیەکی نێودەوڵەتی بێلایەنیان کرد کە ملکەچی دەسەڵاتی حکومەتی کاتی سووریا لە سەردەمی جۆلانیدا نەبێت، بەڵکو لەبری ئەوە ڕاستییەکان وەک خۆی بگەیەنێت و مافی لێپرسینەوە و کەرامەتی قوربانیان بۆ بگەڕێنێتەوە.

ڕۆشيل جونيور
سوەيدا ـ ژنانی شاری سوەیدا ڕەتکردنەوەی توندی خۆیان لەو لیژنەی لێکۆڵینەوەیە دەربڕی کە سێ ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن حکومەتی کاتیەوە پێکهێنرابوو بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی شاری سوەیدا دوای ئەوەی ڕێکەوتن لەسەر ئاگربەست لە ١٩ی تەمووزدا کرا، ئەمەش دوای پێکدادانی خوێناوی نێوان گروپە چەکدارەکانی سەر بە جیهادییەکانی هەتەشە و کوتلە ناوخۆییەکانی دروز.
ئەم ڕەتکردنەوەیە کە ژنانی سوەیدا دەریانبڕیوە، تەنیا هەڵوێستێکی سیاسی نییە؛ هاوارێکی ژنانە لە دڵی ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە لەبەردەم چاویاندا ڕوویانداوە، هەروەها لە دەستدانی متمانەی تەواوی بەدامەزراوەکانی بەڕێوبەری جیهادیەکانی هەتەشە دەربڕی، کە قێزەونترین کۆمەڵکوژی دژ بە هاوڵاتیانی مەدەنی بە تایبەتی ژنان و منداڵان ئەنجامدا.
"ستەمکار چۆن دەتوانێت دادوەر بێت؟"
عەفاف عەریزی، هاوڵاتی سوەیدا وتی: ئەمڕۆ بە ناوی هەموو دایکێک، هەموو کچێک، هەموو ژنێکەوە قسە دەکەم کە چاوی لە مردن بووە و نەیتوانیوە ئەو کەسانە بپارێزێت کە لەدەستیداوە، ئەمڕۆ دەسەڵاتداران پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی ڕاگەیاند، بەڵام چۆن؟ چۆن ستەمکار دەبێتە دادوەر؟ چۆن متمانەمان بەو کەسانە هەبێت کە کوشتن و سەربڕین و سووتاندوون و دەستدرێژییان کردووەتە سەرمان؟.
ئاماژەی بەوەشکرد، ناتوانرێت دادپەروەری لە پێکهاتەیەکی لەو شێوەیەدا هەبێت، هیچ لۆژیکێک قبووڵی ناکات کە هەمان ئەو کەسەی کۆمەڵکوژییەکانی ئەنجامداوە ئەو کەسە بێت کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکات، ئێمە بە بێ بەڵگە قسە ناکەین، ڤیدیۆ و بەڵگەنامە و شایەتحاڵی ڕاستەوخۆ هەیە، هەموویان بە ڕوونی ئاماژە بە تێوەگلانی دەزگا ئاسایشییەکان و ئەندامە فەرمییەکان و ناوی ناسراو دەکەن، کەواتە بۆچی ناگەڕێنەوە بۆ ئەم بەڵگانە؟ بۆچی ڕووبەڕووی ڕاستییەکان ناببنەوە؟.
ئاماژەی بەوەشکرد، نامانەوێت لیژنەیەکی فەرمی لە پشت پەردەوە بەڕێوەبچێت، ئێمە داوای لیژنەیەکی بێلایەنی نێودەوڵەتی دەکەین کە بچێتە مەیدانەکە و بە چاوی خۆی ببینێت چی ڕوویداوە، سوەیدا هەرگیز دەستدرێژکار نەبووە، هەروەها هەرگیز هەڕەشەی لە کەس نەکردووە، بەڵام ئەوانەی داگیریان کردین ئاسایشیان نەهێناوە؛ ئەوان تانک و چەقۆ و زەلیلکردن و ترسیان هێناە، ٥٠٠ کەسیان ڕفاندووە کە ژنیشی تێدابووە و ٣٥ گوندیشیان سووتاندووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئایا داوامان لێدەکرێت باوەڕمان بەوە هەبێت کە ئەمە سوپایەکە بۆ سەپاندنی ئاسایش هاتووە؟ ئاسایش بەم شێوەیە ناسەپێنرێت، ئێمە قبوڵی ناکەین، بێدەنگ نابین، هەروەها بە لیژنەیەکی هەمان گروپ کە ژیانی ئێمەی تێکدا، ڕازی نابین.
"چیتر هەست بە سەلامەتی ناکەین"
لینا شەعرانی، هاوڵاتی گوندی دور، گوندێکی سەردەمانێکی پڕ لە ژیان و ئێستا یادەوەرییەکی پڕ لە ئازارە، بە پەشیمانییەوە وتی: لە بارودۆخێکی بەرگە نەگیراودا ماڵەکانمان بەجێهێشت، تێنەگەیشتین چی ڕوویداوە؛ هەموو شتێک لەناکاو گۆڕا، داوای ئارامیمان کرد، دەرفەتێکمان پێدان، باوەڕمان وابوو هیوایەک هەیە، کە ڕەنگە شتێک بگۆڕێت، ئەوان دەیانوت یاسای یاسادان و ئاسایشی گشتی لەوێیە بۆ پاراستنمان، بەڵام دوای ئەوەی ڕوویدا، دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد هیوای باشترمان دەخواست و هیوامان دەخواست پێشەنگی حکومەتی کاتی باشتر بێت، بەڵام پێشتر زۆرمان لە دەست دابوو و ئێستاش زیاترمان لە دەست داوە ئەوەی بۆمان ماوە هیوای ژیان بە ئاشتی و گەڕانەوەیە بۆ ناسینی واتای ماڵ و واتای خەوتنی بێ ترس.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە ئاشتەوایی و لیژنە و بەڵێنی پووچمان لێیان ناوێت، ئێمە ژیانمان دەژین، کاروبارەکانمان بەڕێوەدەبەین، ئاسایشیش بۆ خۆمان دابین دەکەین، لەوەتەی دەستیان بەسەر وڵاتدا گرتووە، هەستمان بە سەلامەتی نەکردووە، نە خواردن، نە خەوتن، نە شوێنێک بۆ پشوودان، ئێمە کاتژمێرێک لە بیابان، کاتژمێرێک لە شەقامەکان، کاتژمێرێک لە خوێندنگەکان بەسەر دەبەین، ئێمە ئەو لیژنەیە ڕەتدەکەینەوە کە ئەوان دەیانەوێت بی نێرن، هەموو جیهان ئەوەی بینی کە ڕوویدا و هیچیان توانای چاکسازییان نییە.
"ئەوەی ئەزموونمان کرد، پێناسە ناکرێت"
ڕیم شوفی، هاوڵاتی گوندی سەعلە وتی: ئەوەی ئێمە ئەزموونمان کرد پێناسە ناکرێت، ماڵی گەلەکەم سووتێنرا، تاڵان کرا و ئاوارە بوون، ئێمە چیتر متمانەمان بە ئاسایشی گشتی و سوپا و دەوڵەت نییە، هەر لایەنێک بەشداری خوێنڕشتنەکەی کردبێت، ناتوانێت ئەندامێکی لێکۆڵینەوە بێت، ئێمە بە تەواوی ئەو لیژنەیە ڕەتدەکەینەوە کە بۆی دیاریکرابوون، لێرەش کەسیش ئەوانی خۆیان قبوڵ ناکات، چوونە ژوورەوە هیچ متمانەیەک نییە جگە لە لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەن، لێکۆڵینەوەیەک کە ڕاستییەکان ببینێت و وەک خۆی ڕاپۆرتی بکات، تا ئەمڕۆش چارەنووسی ماڵەکانمان نازانین، ئایا لەناوچوون یان هێشتا وەستاون؟ تەنانەت دارەکانیش لە ڕەگەوە هەڵکەندران، کەواتە چی ماوەتەوە؟ بەڵام ئێمە بەو شتەوە دەچەسپێنین کە هی خۆمانە خاک هی ئێمەیە، کەرامەتمان هی ئێمەیە و دەگەڕێینەوە، هەرچەندە کات بخایەنێت.