ژنانی كۆیە ڕۆژی جیهانی شاخیان بەرز ڕاگرت

بەشێك لە ڕێكخراو و گروپە شاخەوانییەکانی شاری كۆیە، لە ڕۆژی جیهانی شاخدا لە كەشێكی باراناویدا بەسەر چیای هەیبەت سوڵتان سەرکەوتن و ئەو ڕۆژەیان بەرز ڕاگرت.

شیا كۆیی

 

 

کۆیە-١١ی کانوونی یەکەم، لە شاری کۆیە، بەشێك لە ڕێكخراو و گروپە شاخەوانییەکان، لە ڕۆژی جیهانی شاخدا بەسەر چیایی هەیبەت سوڵتان کەوتن، کە بەشێکی زۆری شاخەوانەکان ژنبوون، هەروەها ئەوان بە گرنگی دەزانن ژنان بێنە ناو گروپەكانی شاخەوانی، تاوەکو بێبەش نەبن لە بینینی سروشتی جوانی كوردستان، هەروەها بۆ ئەوەی بە تەندروست بمێننەوە.

 

''شاخەوانی وەرزشێكی زۆر گرنگە بەتایبەتی بۆ ژنان لەڕووی دەروونی و تێكەڵ بوون بەسروشت''

نیگارحەمەد، مامۆستای وەرزش، وتی: پیرۆزبایی ڕۆژی شاخ لە هەموو شاخەوانان دەكەم بەتایبەتی شاخەوانانی كۆیە، هەروەها خۆم بەخۆشحاڵ دەزانم کە لەگەڵ گروپەكانی شاخەوانی یادی ڕۆژی شاخ دەكەینەوە لە چیای هەیبەت سوڵتان لەكۆیە.

 

وتیشی: لە ٢٠١٤وە شاخەوانین ، بەڵام لە ٢٠١٨وە بەشێوەیەکی فەرمی وەكو ڕێكخراوی ئۆسكار ئەو گروپە شاخەوانیەمان دامەزراند، هەروەها شاخەوانی وەرزشێكی زۆر گرنگە بەتایبەتی بۆ ژنان لەڕووی دەروونی و تێكەڵ بوون بەسروشت، بۆیە هیوادارم ئەو ژنانەی لەماڵەوەن ئەوانیش بێن و پەیوەندی بكەن بە گروپەكانی شاخەوانی جا لە هەر شارێك و شوێنێكبن، چونكە شاخەوانی واتە ژیان، کەواتە بابێن و بزانن بینینی ئەو شاخ و سروشتەی كوردستان چەند چێژبەخشە.

 

''من بەتەمەنم، بەڵام ئەوە ڕێگرنیە لەبەردەمم و جەستەم زۆر باشە''

نەزیفە عزیز کە ژنێکی بەتەمەنە و یەکێکە لە بەشداربووان، وتی: خۆم بەخۆشحاڵ دەزانم كە لەگەڵ گروپەكەی نیگارخانم، چونكە زۆر سەركەوتووە، هەروەها زۆربەخۆشی دەچین ودێینەوە، بەردەوامیش هەوڵدەدەم ئەو ڕۆژانەی کە دەرچوونیان هەیە منیش بچم لەگەڵیاندا، هەرچەندە من بەتەمەنم، بەڵام ئەوە ڕێگرنیە لەبەردەمم و جەستەم زۆر باشە، شاخ ڕەوی گرنگە بۆ تەندرووستی جەستە و دەروونمان بەتایبەت بۆ کەسە بەتەمەنەكانی وەكو من.

 

سەمیرە یاسین، بەشداربوویەكی دیكەی شاخ ڕەویەكەیە و وتی: پیرۆزبایی لەهەموو شاخەوانان دەكەم لەناوخۆ و دەرەوەدا، بەتایبەت گروپە شاخەوانییەکانی كۆیە، بە بۆنەی ڕۆژی شاخەوە، هەروەها ئەمڕۆ بە تێكەڵی دەچینە سەرشاخ، بەڵام ئێمە وەكو گروپەكەمان كە ڕێكخراوێكی تایبەت بە ژنانە، هەفتانە دەرچین بۆ شاخەكانی كوردستان، هەروەها شاخ ڕەوی وەرزشێكی گرنگە بۆ تەندرووستی بەتایبەت لە كەش و هەوای كوردستاندا كە سروشتێكی تایبەتی هەیە.