هەڵمەتێک بۆ پشکنینی شێرپەنجەی مەمک لە هەڵەبجە ڕاگەیەندرا
یەکێتی ژنانی کوردستان هەڵمەتێکی هەفتەیی بۆ ژنانی هەڵەبجە ڕاگەیاند بە مەبەستی پشکنینی بێبەرامبەر بۆ شێرپەنجەی مەمک، لە ئەمڕۆوە ژنان دەتوانن سەردانی سەنتەری نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر و نەخۆشییەکانی مەمک بکەن.
ناوەندی هەواڵ
یەکێتی ژنانی کوردستان لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک سەبارەت بە چالاکییەکی هۆشیارکردنەوەی ژنان لە شێرپەنجەی مەمک ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: یەکێتی ژنانی کوردستان بە هاوکاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندرووستیی هەڵەبجە هەڵمەتی هۆشیاریی شێرپەنجەی مەمک بۆ پاراستن و هۆشیارکردنەوەی ژنان ڕاگەیاند.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەڵمەتێکی یەک هەفتەییە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک بەبێ وەرگرتنی هیچ بڕە پارەیەک، لەگەڵ ئەوەشدا ژنان دەتوانن لەو ماوەیەدا سەردانی سەنتەری نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر و نەخۆشییەکانی مەمک بۆ ئەنجامدانی پشکنین بکەن.
باس لەوەشکراوە، لە ئەمڕۆە دەتوانن سەردانی سەنتەرەکە بکەن و پشکنینەکان لە کاتژمێر ٨:٣٠ـی بەیانی تا ١٢:٠٠ـی نیوەڕۆ ئەنجامدەدریت.