"دەنگی ئێمە شەرمەزاری نییە، بەڵکو بانگەوازێکە بۆ دادپەروەری و ئازادی"

گروپی ناڕەزایەتی ژنان ناسراو بە "شۆڕشی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان" ڕەخنەی لە بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەرامبەر بە دۆخی ژنان لە ئەفغانستان گرت.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ٧ی ئەیلوول، گروپی ناڕەزایەتی ژنان بە ناوی "شۆڕشی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان" لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس لەسەر سیاسەتەکانی تاڵیبان کە بووە هۆی دروستبوونی سیستمی ئاپارتاید لە نێوان ڕەگەزەکاندا پەیامێکیان بڵاوکردەوە و دووپاتیان کردەوە، "ئێمە بە هەموو شێوەیەک بەردەوام دەبین لە خەبات دژی ڕژێمی تاڵیبانی ئاپارتاید، تا ئەو کاتەی توندڕەوی و ژنکوژی لەناو دەچن، من ژنم؛ دەنگم شەرمەزاری نییە، دەنگی من دەنگی دادپەروەری و ئازادییە".

 

ڕۆژی ٣١ی ئاب، وەزارەتی تاڵیبان بەناوی "فەرمان بە چاکە و ڕێگریکردن لە خراپە" یاسایەکی نوێی پەسەند کرد کە ستەم لە ژنان دەکات، یاساکە پێکهاتووە لە ٤ بڕگە و ٣٥ ماددە، ستەم لە ژن و پیاوی ئەفغانی دەکات، هەروەها سنووردارکردن بەسەر ژنان و جلوبەرگەکانیان، دەنگیان و ڕەفتارەکانیان دەسەپێنێت.

 

لە دەقی یاساکەدا دەنگی ژن بە "عەورەت" پێناسە کراوە، لە بەرامبەر ئەم یاسایەدا ژمارەیەک ژن بە دەرکەوتنیان لە ڤیدیۆ کلیپەکان و ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکان، ناڕەزایەتیان دەربڕیوە و هەڵمەتێکیان بە ناونیشانی "دەنگی ژن عەورەت نییە" دەستپێکرد و زۆرێک لە چالاکوانانی مافی ژنان بەشدارییان تیادا کرد.