دیبەیتێک لە بارەی هەموواری یاسای باری کەسێتییەوە ڕێکخرا

لە دیبەتێکدا هەریەک لە نیان عومەر، پارێزەر و بەهار عەبدولڕەحمان، یاساناس و تریفە جەلال چالاکوانی مافی مرۆڤ باسیان لە لێکەوتەکانی هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عێراق کرد.

سلێمانی 

 

ئەمڕۆ لە هۆڵی ڕێکخراوی ئازادبوون لە شاری سلێمانی، لەلایەن ڕێکخراوی نیشتمانی هەمەوان بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکوانانی مافەکانی ژنان و ڕۆشنبیران، دیبەیتێک بە ناونیشانی “یاسای باری کەسێتیی و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە و خێزان” لە دژی هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی بەڕێوەچوو.

 

پارێزەر نیان عومەر لە سەرەتایی سیمینارەکەدا وتی: ئاینی ئیسلام سەرچاوەی یاسای باری کەسێتییە بۆ حوکمدان لەسەر بنەماکانی شەریعەتی ئیسلام، بابەتەکانی ناو یاسای باری کەسێتیی هەموو حکومدراون لەسەر بنەمایەکی شەرعی، کە هەمووی لە مەزهەبەکانەوە وەرگیراوە.

 

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەمووارە دەگەڕێتەوە بۆ مەزهەبە جیاوازەکان، چونکە مەزهەب بڕیار لەسەر پڕۆسەی هاوسەرگیریی دەدات و دواجار دەبێت دادگاکان پەسەندی بکەن، ئەمە کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر کۆمەڵگە.

 

هەروەها بەهار عەبدولڕەحمان یاساناس و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمان وتی: یاسای ژمارە ١٨٨ـی ساڵی ١٩٥٩ ماوەی ٦٥ ساڵە بەرکارە، یەکێک بوو لە یاسا باشەکان، هەتا ئێستا ١٩ جار هەمووار کراوەتەوە، بێجگە لە گۆڕانکاریەکی بچووک ئەم یاسایە هێندە پتەو بووە، کە پێویستی بە گۆڕانکاری گەورە نەبووە، ئەم یاسایە مەدەنی بووە لە بنەماکانی شەریعەتی ئیسلامەوە سەرچاوەی گرتووە، یاسایەکە هەموو هاوڵاتیانی خۆیانی تێدا دەبیننەوە بە هەموو مەزهەبەکان و ئاینەکان و نەتەوەکانەوە، هیچ هۆکارێک نییە بۆ هەموواری ئەم یاسایە، ئەمەی ئەمان دەیانەوێت هەمووار نییە بەڵکو گۆڕینی یاساکەیە سەرلەبەری.

 

ئەوەشی خستەڕوو، ئەمەی ئەوان دەیانەوێت مەترسیدارە، چونکە هێندەی ڕەهەندی سیاسیی و مەزهەبی هەیە هێندە ڕەهەندی خزمەتکردنی نییە بە کۆمەڵگە، لەبەر ئەوەی دەیانەوێت هەیمەنە و فراوانخوازی لایەنێکی دیاریکراو لەسەر ئاستی عێراق برەوپێبدەن، خۆیان زاڵ بکەن ئەمە ڕەهەندە سیاسییەکەیەتی، دەڵێن تاکەکان ئازادن بەپێی مەزاهیبی خۆیان ئەمانە ڕەچەڵەکی کۆمەڵگە تێک دەدات.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم یاسایە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی جیابوونەوە و پێشلکردنی مافی منداڵ و زەوتکردنی مافی خوێندن و ژیانی منداڵەکانمان، دەبێتە هۆی ئەوەی توندوتیژی زیاد بکات ئەگەر توندوتیژی جەستەیی نەبێت، توندوتیژى دەروونی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، کە یەکێکە لە خراپترین توندوتیژییەکان کە بەرامبەر مرۆڤ بکرێت.

 

هەروەها تریفە جەلال چالاکوانی مەدەنی وتی: ئەم هەمووارە هاندانە بۆ فرەژنیی و دەستدرێژیکردنە سەر کچانی نۆ ساڵ، لە ژێر ناوی هاوسەرگیریدا، کە ئەمە توندوتیژیی و سوکایەتی پێکردنە بە ژنان له‌ ڕووى یاساییه‌وه‌ و زۆر ناعه‌قڵانییه‌، چونکه‌ یاسایه‌که‌ توێژى منداڵ ده‌گرێته‌وه‌ و به‌ گوێره‌ى جاڕنامه‌ى جیهانیی بۆ مافه‌کانى مرۆڤ، له‌ خوار ته‌مه‌نى ١٨ ساڵ به‌ منداڵ هه‌ژمار ده‌کرێت، بۆیه‌ ئه‌مه‌ پێشێلکاریى مافه‌کانى مرۆڤە.

 

لە کۆتایدا وتیشی: هەموواری یاسای باری کەسێتیی نەهێشتنی ڕۆڵی دادگاکانە و پێشێلکارییەکی زەقە بەرامبەر منداڵان و ژنان، هەموواری یاساکە لە ڕووی تەندروستیی و یاساییەوە ڕێگەپیێدراو نییە.