ژنانی باشووری کورستان ڕاگەیاندراوێکیان لەسەر کۆمەڵکوژییەکەی پاریس بڵاوکردەوە
ژنانی باشووری کورستان دەڵێن: ژنان بێ دەنگ نابن هەتا دادپەروەری و یاسا جێبەجێ نەکرێت، با ئەو دەستانەی لەناو کۆمەڵکوژییەكانی ''پاریس''دان ئاشكرا بکرێ.
ناوەندی هەواڵ
٩ کانوونی دووەم، سیانزە ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر تیرۆرکردنی سێ ژنی پێشەنگی بزووتنەوەی ئازادی کوردستان کە لە ساڵی ٢٠١٣ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بە شێوەیەکی هۆڤانە تیرۆکران.
ئەم تیرۆرە لە كاتێكدا بوو كە پرۆسەی ئاشتی لە لایەن بزوتنەوەی ئازادی کوردستانەوە و بەتایبەت رێبەرەکەیەوە وەک نیازپاکییەک و بۆ هێنانەدی ئاشتی و سەقامگیری و دیموکراتیزەکردن وەکو دەستپێشخەرییەک ڕاگەیەنرا.
بەڵام ساکینە جانسز، پێشەنگی بزووتنەوەی ئازادی ژنان و ئەفسانەی زیندووی بەرخۆدانی کورد بە هاوەڵی هەردوو ژنە پێشەنگ و دیپلۆماتکار ''فیدان دۆغان'' و پێشەنگی بزووتنەوەی ژنانی گەنج ''لەیلا شایلەمەزی'' لە ناوەراستی پاریس تیرۆکران.
بکوژ کەسێکی نەتەوەپەرستی تورک بوو لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە بۆ ئەو كۆمەڵكوژییە ئامادە کرابوو، دوای دەستگیرکردنی و داننانی بەتاوانەکەیدا و لە زیندانی فەرەنسا بەشێوەیەكی گوماناوی لەناوبرا، بێگومان ئەم لەناوبردنە بۆ ئەوە بوو کە پەیوەندییە نایاساكانی نێوان وڵاتی توركیا و فەرەنسا ئاشكرا نەبێت، دواتر دەسەڵاتی دادوەری فەڕەنسا دۆسیەکەیان داخست، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت كە وڵاتی فەڕەنسا بەشداربوون لەم پیلانە قێزەونەی دەرهەق بە گەلەکەمان ئەنجام دراوە لە کەسایەتی ئەو سێ پێشەنگەی بزووتنەوەی ئازادیدا، چونکە لەناوبردنی تاوانباری سەرەکی ڕووداوەکە بەمەبەستی پاراستنی داڕێژەرانی ڕاستەقینەی پشت پەردەی ئەم تیرۆرە بووە، لەهەمان کاتدا هێشتنەوەی تیرۆرەکەیە بە نهێنی لە بەرژەوەندی تورکیا.
ئەوەی جێگەی هەڵوێستە لەسەرکردنە دووبارە دوای ١٠ ساڵ بە هەمان شێوە و لەهەمان وڵات کە وڵاتی فەڕەنسایە هەمان پیلانگێڕی دیسان دووبارە لەبەرامبەر سێ چالاكوانی تری بزووتنەوەی ئازادی گەلی كورد ئەنجامدرایەوە، ئەمجارەیان پێشەنگی بزووتنەوەی ژنانی کورد ''ئەڤین گۆیی'' و دوو چالاکوانی کورد کە هونەرمەند میر پەروەر و چالاکوان عەبدولڕەحمان کزل بوون لەم پیلانگێڕییەدا تیرۆرکران، هەرچەندە ئەمجارەیان بکوژ بە ڕەچەڵەك فەرەنسی بوو بەڵام تەنها ''١١'' ڕۆژ پێش ڕووداوەکە لە زیندان ئازاد کرابوو، هەموو ئاماژەکان ئەوەمان نیشان دەدات کە ئەم تیرۆرەشیان تیرۆرێکی ئامادە کراوە و پیلان بۆ داڕێژراو بووە.
هەرچەندە بكوژ ئێستا لە زیندانە، بەڵام هەتا ئێستا ڕاستی کۆمەڵکوژییەکە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکراوە، لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری فەڕەنساوە هەوڵی پەردەپۆشکردنی دەدرێت، بێگوومان زۆر ڕوونە ئەمە تەنها تیرۆرێک نەبوو، بەڵکو هاوئاهەنگییەکی ئاشکرای دەوڵەتانی ئەورووپا و بە تایبەتی دەوڵەتی فەرەنسا بوو لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بۆ لەناوبردنی پێشەنگانی گەلەکەمان، پەردەپۆشکردن و ئاشکرانەکردنی پیلان دارێژەر و ئەو دەزگا و رێکخراو و کەسایەتییانەی لە پشتی ئەم کۆمەڵکوژییانەوەن مامەڵەیەکی دوور لە بەها ئەخلاقییەکانی ئەو دوو دەوڵەتەیە، لەهەمان کاتدا نەگەیشتنە بە دادوەری و ئاشکرا نەکردنی حەقیقەتە لەو دۆسیانەدا.
بێگومان ئەگەر ڕاستییەكانی كۆمەڵكوژی یەكەم ئاشكرا بكرایە، ئەو دەستانە ئاشكرا بكرایە کە لەپشت ئەو پیلانگێڕییەوە بوون، هەروەها بكوژ بگەیشتایە بە سزای خۆی، کۆمەڵکوژی دووەم ڕووینەدەدا.
ئەمرۆش کە ١٣ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی یەکەم و ٣ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی دووەم تێپەڕ دەبێت بۆ ئێمەی کورد و بە تایبەتی ژنان بە گشتی هێشتا ئەو برینانە سارێژ نەبووە کە لە ئەنجامی ئەم کۆمەڵکوژییانەدا دروست بووە، ئێمەش وەكو ژنانی باشووری کوردستان ئەم تیرۆركردنانە کە پێشەنگانی ژنی بەئامانج گرتووە ساردمان ناکاتەوە لە تێكۆشان و پاشەكشەمان پێ ناکات لە ئامانج و هیواکانمان، بە پێچەوانەوە ئەم شێوازە لە تیرۆكردنی ژنان و كوشتنی ژنان دەبێتە هۆی زیاتر سووربوونمان لەسەر تێكۆشان و هەنگاونانمان بەرەو لەناوبردنی زهنیەتی رەگەزپەرستی و نەژادپەرست و فاشیستانە و ئەقڵیەتی پیاوسالاریی.
هەرچەندە هەر لە ڕۆژی یەکەمی ئەو کۆمەڵکوژییانەدا ژنانی کورد لە کوردستان و لە ئەورووپا و لە ئاستی نێونەتەوەییدا جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە، کە وەڵامی ئەو کۆمەڵکوژییە بە شۆڕش و بڵندکردنی ئاستی تێکۆشان دەدەنەوە، چونکە ژنان خاوەنی میراسێکی دەوڵەمەندی بەرخودان و خۆڕاگری پێشەنگانی ژنن، پێشەنگی بزوتنەوەی ئازادی ژنانی كوردستان ''ساكینە جانسز'' لە دوای ژنە شۆڕشگێر لەیلا قاسم بەرخودانی و تێكۆشانی ئازادیی فێری ژنانی هەر چوار پارچەی كوردستان كرد. بێگومان ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان کە ئێستا لەبەرامبەر داگیرکەران و دوژمنانی گەلەکەمان وەستاونەتەوە و بەرخودان دەکەن و لە سایەی ئەو میراسەوەیە کە لایلاکان و ساکینەکان بۆیان بەجێهێشتووین.
لە ئێستادا ڕەوشی ژن كوشتن و توندوتیژییەكان بەرامبەر بە ژنان ڕۆژ بە ڕۆژ لە بەرزبوونەوەدایە، هەموو ڕۆژ گوێبیسی كوشتنی ژنان دەبین كە بەشێوەیەكی وەحشیانە كوژراون و هەوڵی شاردنەوەی تاوانی کوشتنی ژنان دەدرێت، بەداخەوە ژنان و ڕێكخراوەكانی ژنان لەئاست ئەم زوڵمەی کە دەرەقیان دەکرێت بێدەنگن، لە بەرامبەر ئەو كۆمەڵكوژیی و کوشتنانەی كە بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێت، ئێمەی ژنان گرنگە لەم كاتەدا هەموو بەیەكەوە دەنگمان بڵند بكەینەوە بەرامبەر هەموو توندوتیژییەكان هەڵوێستی جدیمان هەبێت. بێ دەنگ بوون بەرامبەر كوشتنی ژنان و ئەم جۆرە تیرۆركردنانە وا دەكات هەر ڕۆژە و ژنێك و پێشەنگێكی تری وەك ساكینە جانسز بكرێنە ئامانج.
لێرەشەوە دەڵێین تا دادپەروەری لە بەرامبەر ئەو دۆسیانەدا پێک نەیەت، ناتوانرێت باس لە پێوەری دیموکراسی، مافی مرۆڤ و ئازادی بکرێت، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی تیرۆری سیاسی و ڕەشەکوژی تێدا ئەنجام دەدرێت.
لە کۆتاییدا دەڵێین با ئەو کۆمەڵکوژییە لە یادەوەریماندا زیندوو بهێڵینەوە تا ئەو کاتەی دادپەروەری، ئازادی و دیموکراسی فەراهەم دەبێت، ئەوەش تەنیا بە داواکردن نابێت بەڵکو بە خۆڕێکخستنکردن و تێکۆشان دەکرێت.
ژنانی باشووری کورستان
٩ کانوونی دووەم ٢٠٢٦