دانیشتوانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەڵامی بانگەوازییەکەی ئەنجوومەنی گشتی دەدەنەوە

دوابەدوای ئەو ڕاگەیەندراوەی ئەنجومەنی گشتی گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب بڵاویکردەوە، کە کۆکردنەوەی گشتی ڕاگەیاند، خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی بەرەو شارەکە بڕۆن، بۆ دەربڕینی هەڵوێست و پشتیوانی خۆیان بۆ خەڵک.

ناوەندی هەواڵ

 

 گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە و بەنی زەید لە شاری حەلەب لە ٦ی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە شاهیدی هێرش و تۆپبارانی سەخت بوون، کە لە ئەنجامدا کوژراو و بریندار و کۆچکردنی دەیان هەزار هاوڵاتی مەدەنی لێکەوتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەوڵی کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی دەدرێت.

 

ئەنجوومەنی گشتی گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب، ئەمڕۆ ٩ی کانوونی دووەم، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا باس لە هێرشە بەردەوامەکانی سەر ئەو دوو گەڕەکە دەکات، کە لە ٦ی ئەم مانگەوە دەستی پێکردووە، لە ڕاگەیاندراوەکەدا دووپاتی کردەوە، کە حکومەتی کاتی و گروپە چەکدارەکانی هەوڵی بە زۆر تەسلیمکردنی دانیشتووان و هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ لەناو گەڕەکە گەمارۆدراوەکاندا دەدەن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانج لێی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی نوێ و سەپاندنی شەپۆلێکی نوێی کۆچکردنی زۆرەملێ بووە، هەروەها جەختی لەسەر بەردەوامی بەرگریکردن لە گەڕەکەکان کردەوە، ئەنجومەنەکە پێشتر ئیرادەی دانیشتووان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ی دووپاتکردبووەوە کە پتەو بوەستن و بەرگری لە ناوچەکانیان بکەن، ئەوەی لە هەردوو گەڕەکەکەدا ئەنجامدرا بە "تاوانی جەنگ و قەیرانێکی مرۆیی ڕاستی'' وەسفکردبوو.

 

دوابەدوای ئەو ڕاگەیەندراوە، مانگی سووری کوردی ناردنی کاروانێکی پزیشکی و مرۆیی کە لە ١٥ ئۆتۆمبێل پێکهاتبوو بەرەو شاری حەلەب بەمەبەستی پشتیوانیکردن ڕاگەیاند.

 

دانیشتوانی جەزیرە، دێرەزۆر، تەبقە، ڕەقە و فورات لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەمڕۆ دەستیان بە ئامادەکاری کرد بۆ ئەوەی بەرەو گەڕەکەکانی شاری حەلەب بڕۆن، چونکە ئەنجومەنی گەل لەو شارانە ڕاپۆرتیان دا کە ئامادەکارییەکان لە هەموو ناوچەکان بەردەوامن.