پلاتفۆرمی کوشتنی ژنان ڕادەگرین: لە ساڵی ٢٠٢٥دا ٢٩٤ ژن کوژراون
پلاتفۆرمی کوشتنی ژنان ڕادەگرین ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٥ی خۆی بڵاوکردەوە، کە بەپێی ڕاپۆرتەکە لە ساڵی ٢٠٢٥ لانی کەم ٢٩٤ ژن کوژراون و ٢٩٧ ژنیش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.
ناوەندی هەواڵ
لە باکووری کوردستان و تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٥ لە ئەنجامی سیاسەتی سزانەدان و سیاسەتی دەسەڵاتداریی لە بەرامبەر کوشتنی ژناندا وێنەیەکی مەترسیداری کوشتنی ژنان سەریهەڵدا، لەو ڕاپۆرتەی کە لەلایەن پلاتفۆڕمی کوشتنی ژنان ڕادەگرین بڵاوکراوەتەوە، دەریدەخات هێرشەکان بۆ سەر ژنان لە ساڵی ٢٠٢٥دا زیادیکردووە و بەردەوامیش لە زیادبووندایە.
ڕاپۆرتەکە سەرنجی خستۆتەسەر زیادبوونی ڕێژەی گیان لەدەستدانی ئەو ژنانەی کە وەک خۆکوشتن و ڕووداو تۆمارکراون.
مردنی گوماناوی کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا ٢٥٩ حاڵەت بووە، لە ساڵی ٢٠٢٥دا بۆ ٢٩٧ حاڵەت زیادی کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە کۆی ٢٩٤ کوشتنی ژنان، لانی کەم ٢٣ ژن سەرەڕای ئەوەی بڕیاری پاراستنیان هەبووە، کوژراون، ١٧ ژنیش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژران.
٦٩ ژن بە هۆکاری وەک ڕەتکردنەوەی جیابوونەوە، ئاشتبوونەوە یان هاوسەرگیرییەوە کوژراون، ٢٩ بە هۆکاری ئابووری و ١٩٦ بە هۆکاری دیکەی نادیار کوژراون.