ژنان شەو و ڕۆژ کۆمەڵگەکان دەپارێزن

ژنانی شاری حەسەکە، کە شەو و ڕۆژ لە کۆمۆنەکاندا بەرگری لە گەڕەکەکانیان دەکەن، دووپاتیان کردەوە، کە هێرش بۆ سەر زەوییەکانیان سیستەمی کۆمۆنی دەکاتە ئامانج کە لەسەر بنەمای ژیانی کۆمەڵایەتییە.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- سوای ئەوەی ناوچە کوردنشینەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەلایەن چەتەکانی هەتەشە و داعش و دەوڵەتی تورکیا کەوتۆتە بەر هێرشی دڕندانە، ئیدارەی خۆبەڕێوبەری بانگەوازی سەفەربەری ڕاگەیاند، دوابەدوای بانگەوازی سەفەربەرییەکەش ژنانی کۆمۆنەکان شەو و ڕۆژ بەرگری لە گەڕەکەکانیان دەکەن و پشتیوانی هێزە سەربازییەکانیان دەکەن، هەروەها ئەو ژنانە لە ڕێگەی دەزگاکەمانەوە هەڵوێستی خۆیان لە بەرامبەر ئەو هێرشانە دەربڕی.

 

''ئامانج لە هێرشەکان لەناوبردن و دابەشکردنی کۆمەڵگەیە''

جیهان ئەمین، پاڵپشتی خۆی بۆ هێزە سەربازییەکان و گرنگی کۆمۆنەکان لەم قۆناغە هەستیارەدا دووپاتکردەوە و جەختی لەسەر پێویستی پاراستن کردەوە، وتی: ''ئامانج لەم هێرشانە، وێرانکردن و پارچەپارچەکردنی کۆمەڵگە و مەترسی لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتییە، بۆیە وەک خەڵکی ناوچەکە ئەرکی سەرشانی ئێمەیە کە خاکی خۆمان و گەلەکەمان بپارێزین''.

 

هەروەها تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ژنان لە پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا و داوای لە ژنان کرد بە یەکگرتوویی بۆ ڕۆژئاوا و داهاتووی گەلی کورد لەوێ بوەستن.

 

''هەنگاوی گرنگمان ناوە''

عەزیزە عەبدوڵای تەمەن ٥٠ ساڵ، ڕۆژانە چەکێک هەڵدەگرێت و بەشداری بەرگری لە گەڕەکەکەی دەکات، ئاماژەی بەوەکرد، ''بەم هێرشانە هەنگاوێکی گەورەمان ناوە بەرەو پتەوکردنی یەکڕیزیی کورد، هیچ کەسێک ناتوانێت لەبەردەم یەکڕیزیی گەلی کورد بوەستێت''.

 

هەروەها دڵخۆشی خۆی بە خۆڕاگری گەلی کورد لە بەرامبەر ئەو هێرشە دڕندانە دەربڕی و داوای لە هەموو کوردانی جیهان کرد کە خەباتی خۆیان بۆ خوشک و براکانیان بەهێزتر بکەن، وتیشی: ''ئەمڕۆ دەیانەوێت کۆتایی بە بوونی گەلی کورد بهێنن، ئێمەش پەیامێک دەنێرین: گەلی کورد خاوەنی ئایدۆلۆژیا و فەلسەفەیەکی پتەوە و توانای تێپەڕاندنی هەموو ئاستەنگێکی هەیە، ئەمڕۆ ئێمە لە ڕێگەی گردبوونەوە بەرگری لە گەڕەکەکانمان دەکەین، بە ویژدانێکی پاکەوە ئەرکی خۆمان جێبەجێ دەکەین، پشتیوانیش لە هێزەکانمان دەکەین''.