لە ڕووداوە جیاجیاکان لە سووریا ١٣ کەس کوژراون

تێکچوونی ئەمنی لە سووریا بووەتە هۆی کوژرانی ١٣ کەس لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ئەویش لە ئەنجامی ڕووداوە جۆراوجۆرەکان، لەوانە دزی چەکداری و ڕووداوە ئەمنییەکان.

ناوەندی هەواڵ

 

 ئەو ناوچانەی کە لەلایەن چەتەکانی هەتەشەوە کۆنتڕۆڵکراون، دۆخێکی نائەمنی و پەرەسەندنێکی مەترسیدار لە کوشتنەکان بەخۆوە دەبینن، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٣ کەس کوژراون.

 

بەپێی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ژنێکی بەساڵاچوو لە کاتی دزییەکی چەکداری لە ماڵەکەی لە گەڕەکی "الزاهرة"ی کۆنی دیمەشق لە هێرشێکی توندوتیژدا کوژراوە، هەروەها ئەکتەری سووری هودا شەعراوی لەناو ماڵەکەی خۆیدا لە گەڕەکی "باب سريجة" کوژرا، کە پێدەچێت هۆکارەکەی دزی بێت.

 

گەنجێکی خەڵکی عەفرین لەکاتی هەوڵدان بۆ هەڵاتن لە ڕەققە بەرەو ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات ''هەسەدە'' لەلایەن چەتە جیهادییەکانی هەتەشەوە کوژرا، ڕووداوەکە توڕەیی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

 

لە گوندێکی عەفرین لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب، چەند چەکدارێکی نەناسراو بە ماتۆڕسکیلەوە تەقەیان لە تاکسییەک کردووە و لە ئەنجامدا سێ ژن گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لە گوندێکی لە ڕۆژئاوای جەندێرس، تەرمی ژنێکی نەناسراو لە نزیک یەکتربڕینی کفردەلی تەحتانی، لە هەلومەرجێکی نادیاردا دۆزرایەوە.

 

لە گوندەکانی باکووری ڕەققە، لە شارۆچکەی تەوال عەبات، لە ناوچەی سلوک، کەسێکی مەدەنی بەهۆی تەقینەوەی مینی چێندراوەوە گیانی لەدەستدا، بەهەمان شێوە لە ئیدلب لە گوندی دیر شەرقی ڕووداوی کوشتن ڕوویدا، کە پیاوێک هەڵیکوتایە سەر ماڵی خێزانی هاوژینەکەی و تەقەی کرد و لەئەنجامدا پێنج کەسی کوشت.

 

ئەم ڕووداوانە ڕەنگدانەوەی دۆخی ئاژاوەی ئەمنی و تاوانە بەربڵاوەکانە لەو ناوچانەی کە لەلایەن چەتەکانی هەتەشەوە کۆنتڕۆڵکراون، ئەمەش بەهۆی لاوازی جێبەجێکردنی یاسا و لێپرسینەوەیە.