ژنان فێستیڤاڵی هەنجیریان لە تەق تەق ڕەنگاوڕەنگ کردبوو

لە تەق تەق فێستیڤاڵی هەنجیر بەڕێوەچوو، ژنان بە کاری دەستی جۆراوجۆر و خواردن ڕەنگیان بە فێستیڤاڵەکە دابوو، ژنان وتیان: گرنگە کە ژن کارو پیشەی خۆی هەبێت.

شیا كۆیی

 

كۆیە – دوێنێ ١٥ی ئاب، بۆ ساڵی چوارەم فێستیڤاڵی هەنجیر لە تەقتەق بەڕێوەچوو، چونکە تەقتەق بەناوبانگە بە بەرهەمی کشتوکاڵی لەناویاندا چەندان جۆر سەوزەو میوەو هەنجیر هەیە کە دەوترێت هەنجیری تەقتەق یەکەمە، ساڵانە هەزار تۆن بەرهەمی هەنجیر  ڕەوانەی شارەکانی ناوخۆ و عێراق دەکرێن.

 

لەم  فێستیڤاڵە بەشداربووان زۆربەی ژن بوون، تێیدا كەلوپەلەكانیان ساغ دەكەنەوە هاوكات ناسینێك بۆ بەرهەمەكانیان و بەرهەمی جووتیاران دەكەن، فێستیڤاڵەکە هەم بۆ ناساندنی بەرهەمی کشتوکاڵی سنوورەکە بەو گەشتیارانەی دێنە سنووری کۆیە و تەقتەق هەمیش ڕاکێشانی گەشتیارانە.

 

دیدەن لوقمان، یەکێک لە بەشداربووەكان وتی: ئەوە بۆ چوارەم ساڵە بەشدرای فێستیڤاڵی هەنجیر دەكەین و بەرهەمەكانمان دەناسێنین كە بریتین لە هەنجیرو ترێ و هەرمێ، ئێمە لە هەنجیر دەتوانین مرەبا دروست بكەین و وشكی بكەینەوە، لەوانەیە زۆر شتی دیكەشی پێبكرێت بەڵام من نایانزانم.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو جۆرە فێستیڤاڵانە زۆر گرنگە كە تێیدا بەرهەمەكانمان دەناسێنین بە خەڵكانی دەرەوەو شارەكانی دیكە، گرنگە ژن كارو پیشەی خۆی هەبێت، چونكە بەم شێوە بەرهەمەكانیشی دەناسێنی و كۆمەڵگەش پەیوەست دەكات بەخۆی و شتەكانی خۆشی دەناسێنێت.

 

هێڤی عەفان، یەکێكە  لە بەشداربەوە ژنەكان لە هەڵەیجەوە هاتووە وتی: بە براندی لادێ بەشداریم كردووە لەم فێستیڤاڵە، كارەكەم دروستكردنی سركەی سێوی سروشتی و زەیتی سروشتیە و كۆمەڵێك شتی دییكە، لە قۆناغی دووی زانكۆوە دەستم بەوكارە كردووە ودوای ئەوەی هاوسەرگیریشم كرد هەربەردەوامم وهاوژینەکەم هاوكارمە چونكە هەرلە زووەوە دەمزانی دامەزراندن نییە بۆیە بڕیارم دا بزنسێك بكەم بۆخۆم و ئیستا شەش ساڵ دەبێت ئەو كارەدەكەم.

 

ژنێکی دیكەی بەشداربوو بە ناوی چیمەن سەید ساڵح كە بە دروستكردنی كەلانە بەشدارە لە شاری سلێمانیەوە هاتووە وتی: حەزم كرد بەشداربم لەم فێستیڤاڵە و بە كەلانە بەشدارم كە خواردنێكی كوردەوارییە، نەوەكانی ئێستامان نایناسن بۆیە حەزم كرد ئەوانیش ئاشنا بن بەم خواردنە خۆش وكوردەواریە، هەرچەندە کارەکە قورسە، بەڵام بۆ بژێوی ژیانمان باشە، گرنگە ژن داهاتی خۆی هەبێت و پشت بەخۆی ببەستێت.

 

هەم شت دەفرۆشن هەم گەشت دەکەن

نەرمین محەمەد، لە سلێمانیەوە هاتووە كە بەشیرنی بەشداری لە لە فێستیڤاڵەكەدا كردووە وتی: بە شیرنی بەشداریم وئەوە دووەم جارە لەم فیستیڤاڵە بەشدار دەبم، ماوەی ١٠ ساڵە كاری درووستكردنی شیرینی دەكەم وەك پیشەیەكی خۆم هەڵم بژاردووە بە هاوكاری هاوژین و كوڕەكانم ئەو كارە دەكەین، ئەو فێستیڤاڵە دووجار باشە لەیەك كات شیرینییەكان دەفرۆشین هاوكات بەهۆی ئەوەی تەق تەق ناوچەیەكی گەشتیاریە گەشتیش دەكەین، بۆیە دەستخۆشی لە ڕێكخەرانی دەكەین.

 

نەرمین ئاماژەی بەوەشكرد كە كاركردن ئارامی رؤحە وهەمیشە هێزت دەداتێ بۆ دەروونت و گەردنت بەرز ڕادەگرێت دەبێتە هێزێك بی بۆخۆت و هاوژینەکەت و خێزانەكەت بۆیە بەبڕوای من ژنان چەند بتوانن تواناكانی خۆیان بخەنە گەڕ، لەهەركارێكی وردەكاری بێت جیاواز لەكاری وەزیفی، چونكە خۆم ئەوەم تاقیكردۆتەوە دایكی پێنج منداڵم ونزیكەی ١٠ ساڵە ئەوە كارمە وتوانیومە سەركەوتوبم تێیدا وتەنیا سەرچاوەی داهاتمان ئەو ئیشەیە.

 

مهاباد عەبدولڕەحمان وتی: حەوت ساڵە هەر لەماڵەكەی خۆم شیرینی و خواردن دروست دەكەم و لە كۆیەوە هاتووم و  پێنجەم  فێستیڤاڵە بەشداری دەكەم، كۆمەڵێك خواردنی كوردەواریم درووستكردووە وەك دۆڵمەو یاپراخی گەڵامێو و كەلەرم و بریانی و بۆرەك و زەڵاتەو ئەوشتانە، هەربەشیوەی ئۆنلاین شتەكانم دەفرۆشم لەسەرداواكاری كریارەكانم، ئەو جۆرە فێستیڤاڵانە زۆرباشن وتییدا كارەكانمان زیاتر بەناوبانگ دەبێت و وكۆمەلێك خەڵكی نوێ دەناسین.

 

"٦٠ ژن بەکاری جۆراوجۆر بەشداربوون"

تابان باوەدین كەریم، فەرمانبەرە لە بەڕێوبەرایەتی گەشتوگوزاری كۆیە وەك لیژنە بەشداربوو لە فێستیڤاڵەكە وتی: زۆر خۆشحالبووین هەرچەندە زۆریش ماندوو بوین تا فێستیڤاڵە بەشێوەیەكی جوان و ڕێكوپێك بەڕێوە بچێت، زیاتر لە ٦٠ ژن بەكاری جۆراو جۆر بەشداری فیستیڤاڵەكەبوون، گەشتیاری زۆر زۆر  روویان لە فیستیڤاڵەكە كردووە كە گەشتیاری ناوخۆ وعەرەب ودەرەوەش هاتوون گەشتیاری بیانیشی تێدایە.