کەندەکۆڵی هەولێر؛ تاوانێکی بێ سزا ماوە
١٥ـی ئابی ٢٠٠٠ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا گوندی کەندەکۆڵیان لە باشووری کوردستان بۆردومانکرد و لە ئەنجامدا ٣٥ کەسی مەدەنی کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، کۆمەڵکوژ کران و ٢٥ کەسی تریش برینداربوون. ٢٥ ساڵ بەسەر ئەو کۆمەڵکوژییەدا تێپەڕی، هێشتا بکوژان سزا نەدراون.

ناوەندی هەواڵ
کەندەکۆڵ ناوچەیەکی سەر بە هەولێرە، دەکەوێتە سێگۆشەی سنووری باشوور، باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ڕۆژی ١٥ـی ئابی ٢٠٠٠ کاتژمێر ١٦:٣٠، سوپای تورک ناوچەی کەندەکۆڵیان بۆردومان کرد، کە تێیدا ٧٠ بنەماڵە لە هۆزی هەرکی کاری کۆچەرییان لێ دەکرد.
فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ئەو شوێنانەیان بۆردومان کرد کە خێمەی هاوڵاتیانی لێبوو. شایەتحاڵانی ڕووداوەکە ڕایدەگەیەنن، لە هێرشەکەدا ٣٥ هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا، کە ١١ـیان منداڵ و ١٣ـیان ژن بوون. هەروەها زیاتر لە ٢٥ کەسیش برینداربوون.
هاوڵاتییان لە کاتی بۆردومانەکەدا بۆئەوەی ڕزگاریان بێت، هەریەکە و بەرەو شوێنێک ڕایانکرد. بەڵام هەریەکەیان لە شوێنێک کوژران. بەگوێرەی قسەی شایەتحاڵان، ١٥ ڕۆژ دوای هێرشەکە تەرمی هەندێک کەس دۆزرانەوە.
دوای بۆمببارانکردنەکە بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی سیدەکان و هەولێر کران، هەندێکیان لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستدا. بەڵام ناویان تۆمار نەکرا. هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ئەنجامی هێرشەکەدا بەگشتی ٤٠ هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە.
لەناو ئەو کەسانەدا کە گیانیان لەدەستداوە، ژنێک هەبوو کە کاتژمێرێک بەر لە بۆمببارانەکە منداڵەکەی لەدایکببوو. هەروەها کچێکی بچووکی تەمەن چوار ساڵ بەناوی بێریتانیش لە کۆمەڵکوژییەکەدا گیانی لەدەستدا. بەر لە کۆمەڵکوژییەکە ڕۆژنامەوانێک دەچێتە ناوچەکە و وێنەیەکی بێریتان دەگرێت. دوای کۆمەڵکوژییەکە ئەو وێنەیەی بێریتان گەورە دەکات و زۆر ماڵ ئەو وێنەیان لە ماڵەکانی خۆیاندا هەڵواسی.
ناسنامەی هەندێک لەو کەسانەی کە لە کۆمەڵکوژییەکەدا گیانیان لەدەستدا:
عەلی عوزێر(٣٥)، فاتمە نەبی(٢٥)، بێریتان عەلی(٤)، بەرهەم ئەحمەد(١٨)، گەلاوێژ سمالی (١٨)، فەرزانە کاکر (١)، خەڵات قادر(١٨)، بایز ئیبراهیم (٧٠)، بەسێ ئیبراهیم (٦٤)، سۆنیا محێ(٣٥)، فاتمە سەودین (١٨)، پەیمان قادر (١٧)، ڕێچان قادر (١٢)، فاتمە حەسەن(٦٠)، هەدیە مەلا حەسەن(٤٥)، نەجات ماعین(١٠)، خەدیجە ماعین(١١)، بەختیار حەجاج (١٦)، فاخر باقی عەلی (٤٠)، سورمە ئەسمەر(٣٠)شاناز فاخیر(١٥)، دڵناز فاخیر، کۆسرەت فاخیر (٥)، زوهرە سەید شێخۆ (٧٠)، سەمیر محێ(٢٥)، ڕائید قادر (١٥) و فاتمە ڕەحمان ٣٠ساڵ.
سەرەڕای ئەوەی ٢٥ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نە حکومەتی عێراق و نە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ کارێکیان لەسەر ئەم تاوانەی دەوڵەتی تورک نەکردووە. لەدوای کۆمەڵکوژییەکەوە تاوەکو ئێستا دەوڵەتی تورک زۆر کۆمەڵکوژیی تری لە باشووری کوردستان ئەنجامداوە.