توشبووانی شێرپەنجە لە سوەیدا لە نێوان گەمارۆدان و مردنی هێواشدان
شاری سوەیدای سووریا لە ژێر گەمارۆیەکی خنکێنەردا دەژی کە جیاوازی لە نێوان تەندروست و نەخۆش، منداڵ و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و تەنانەت لە نێوان ئەوانەی کە بە بێدەنگی شەڕی مردن دەکەن ناکات.

ڕۆشێل جونیور
سوەیدا ـ تەنانەت توشبووانی شێرپەنجە لەو گەمارۆیە بێبەش نەبوون کە لە ١٣ی تەمووزەوە بەسەر شاری سوەیدا لە باشووری سووریا سەپێنراوە، ئەم ڕاستیە دڵتەزێنە لە شارەکەدا پەرەی سەندووە، ئەمەش دوای ئەو کارە دڕندانەیە کە جیهادیەکانی هەتەشە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجامیانداوە، لەوانە کوشتن و تاڵانکردن و ڕفاندن و وێرانکردن.
لەو گەمارۆیەی کە لە ١٣ی تەمووزەوە لەلایەن جیهادییەکانی هەتەشەوە بەسەر شاری سوەیدا دا سەپێندراوە، کە قێزەونترین کۆمەڵکوژییان لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی و ژنان و منداڵان ئەنجامداوە، گواستنەوەی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی بیرونی لە دیمەشق ڕاگیرا، کە ئەم نەخۆشخانەیە هێڵی ژیان بوو بۆ زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ توشبووی شێرپەنجەی هاوڵاتیانی سوەیدا، جگە لە نەخۆشە دێرینەکانی ناوخۆی شارەکەیان کە چارەسەریان لێ وەردەگرت، ڕاگیراوە.
نەخۆشەکان کاتیان نییە و بەرگەی دواکەوتن ناگرن، ژنان و منداڵان و گەنجانی توشبوو بە شێرپەنجە ئێستا بۆ چارەنوسی خۆیان بەجێهێڵراون، چارەسەر نییە و ڕێگاکە گیراوە، دەرمانەکان نەماون، ئەو ژەمەی کە هیوای پێ دەبەخشین، بووەتە ئاواتێکی دوور.
"دووبارە بانگەواز بۆ خۆپاراستن لە کارەساتەکە"
عەتاب غانم، پزیشکی نەخۆشی شێرپەنجە وتی: بۆ خۆپاراستن چەندین جار بانگەواز بۆ چارەسەرکردنی کارەساتی تەندروستی کراوە، ئێمە ئێستا لە سوەیدا، لە بەشی خوێن، چارەسەری توشبووانی شێرپەنجەی خوێن و بەڕێوەبردنی چارەسەری کیمیایی دەکەین، سوەیدا دووەم شاری سووریایە لەڕووی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە دوای تارتوس.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بارگرانییەی کە ڕوبەڕومان دەبێتەوە زیادیکردوە بەهۆی نەخۆشانی وەرگری چارەسەر لە نەخۆشخانەی بیرونی، پێشتر پاسێک هەبوو بۆ گواستنەوەیان و هێنانەوەیان، بەڵام ئێستا لە دوای گەمارۆدان و داخستنی ڕێگای نێوان دیمەشق و سوەیدا، چیتر ناتوانن بگەن، کە ئەمەش فشارەکانی لەسەر ئێمە زیادکردوە. ئێمە لە ئێستاوە بەدەست کەمی دەرمانەوە دەناڵێنین، ئێمە لە ئێستادا بەدەست کەمی دەرمانەوە دەناڵێنین، بەهۆی زیادبوونی ژمارەی نەخۆشەکان و داخستنی ڕێگاوبانەکان ئەم کەمییە خراپتر بووە دەرمانە بەردەستەکان تەواو دەبن و بە هاوکاری کۆمەڵەی دۆستانی نەخۆشانی شێرپەنجە هەوڵدەدەین ئەوەی لە تواناماندا بێت دەستەبەر بکەین، بەڵام بڕی زۆر سنووردارە.
عەتاب غانم ڕونیکردەوە، لەماوەیەکی زۆر کورتدا توشبووانی شێرپەنجە بەتەواوی لە دەرمانەکانیان بێبەش دەبن بەهۆی گەمارۆدان و داخستنی ڕێگەی نێوان دیمەشق و سوەیدا، زۆربەی دەرمانەکان بەرەو نەمان دەچێت، بۆ نمونە شێرپەنجەی مەمک لە سوەیدا بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبووەتەوە، جۆرێکە لەو شێرپەنجانەی کە دەتوانرێت لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدا بە دەرمانی گونجاو چارەسەر بکرێت، نەخۆشەکەش دەتوانێت بە تەواوی چاک بێتەوە، لێرەدا ئێمە وەک نەخۆشیەکی بێ هیوا مامەڵەیان لەگەڵ ناکەین، بەڵکو باوەڕمان بە ئەگەری چاکبوونەوە هەیە بە چارەسەری گونجاو، بەتایبەتی ئەگەر نەخۆشییەکە لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدا دەستنیشان بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ نەخۆشییەکانی خوێن، وەکو شێرپەنجەی خوێنی مۆخی ئێسک، دەتوانین ڕزگاربوون بەدەستبهێنین، کە ئەمەش ڕێگە بە نەخۆشەکە دەدات ژیانێکی ئاسایی بژی، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە پەیوەستە بە بەردەستبوونی دەرمان، کە بەداخەوە ئێستا کەمیان هەیە، هیوادارین ئەم دۆخە لە ڕوانگەیەکی مرۆییەوە سەیر بکرێت، ئەم توێژەی کۆمەڵگە پێش قەیرانەکە پێویستی بە چاودێری تایبەت بوو، ئێستاش دەبێت گرنگییەکی زیاتری پێبدرێت چونکە ئەوانن کە زۆرترین ئازاریان هەیە.
ڕوونیشیکردەوە، بەشێک لە هاوڵاتیان گوندە زیانلێکەوتوەکان لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بوون و هیچیان لەبەردەستدا نەماوە، ئەمە جگە لە تێچوی زۆری چارەسەری، کە پێشتر پێویستی بە زەحمەتی گواستنەوە و دەرمان هەبووە، ئێستا دوای لەدەستدانی ماڵ و حاڵی خۆیان، ئازارەکانیان زیاتر بووە، هیوادارین دەسەڵاتداران گوێ لە دەنگەکانمان بگرن، بانگەوازیش بۆ هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە لە واتای مرۆڤایەتی تێدەگەن، یارمەتی توشبووانی شێرپەنجە دەدەن.
"بەهۆی نەبوونی دەرمانەوە نەخۆشەکان گیان لەدەست دەدەن"
نوها هەنیدی وتی: نەخۆشێکی شێرپەنجەم، لە نەخۆشخانەی بیرونی چارەسەرم وەرگرتبوو، بەڵام بەهۆی بارودۆخەکە و گەمارۆدانی سوەیدا نەمانتوانی بچین بۆ چارەسەر، لە ئێستادا دەرمان لە سوەیدا بەردەست نییە، ئێمەش بەدەست ئازارەوە دەناڵێنین، نەخۆش هەیە بەهۆی نەبوونی دەرمانەوە گیانی لەدەستداوە، دەپرسێت منداڵان هەن توشی شێرپەنجە بوون، خەتای ئەوان چییە؟
ئاماژە بەوەکرد،کە سەرەڕای ئەو بانگەوازانەی پزیشکی بەرپرسی توشبووانی شێرپەنجە لە سوەیدا بۆ دیمەشقی کرد سەبارەت بە کەمیی دەرمان، بەڵام هیچ وەڵامێکان نەدراونەتەوە، وتی: پرسیاریان لە منداڵان و بەساڵاچووان نەکرد و کوشتیانن، کاتێک چونەتە ناو سوەیدا، پرسیار لەبارەی تووشبووانی شێرپەنجە ناکەن.
نوها هەنیدی دەپرسێت، خەتای بێتاوانەکان چییە؟ ئێمە دەزانین بەزەییان بە منداڵێک یان کەمئەندامێکدا نایەت کە پێویستی بە دۆزی دەرمان هەیە بۆ ئەوەی ژیانێکی ئاسایی بژی، ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە ڕویانداوە ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە گرنگی بە نەخۆشێکی شێرپەنجە نادەن، جا ژەمە دەرمانەکەیان وەربگرن یان نا، ستایشی هەوڵەکانی کۆمەڵەی هاوڕێیانی نەخۆشانی شێرپەنجە دەکات کە هەموو هەوڵێکی خۆیان دەدەن بۆ دابینکردنی دەرمانی بەردەست و بەدواداچون لەگەڵیاندا.
"قەیرانی ئاسایشی دەرمان"
سەمەر ئەبو مەنزر، ئەندامی دەستەی کارگێڕی کۆمەڵەی دۆستانی نەخۆشانی شێرپەنجە جەختی لەوە کردوەتەوە، وەک کۆمەڵەیەک کاردەکەین بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ توشبووانی شێرپەنجە، لەوانەش ژەمە دەرمان و دەرمان، بەڵام ڕوبەڕوی قەیرانێکی ڕاستەقینە بووینەتەوە، چیتر نەخۆش ناتوانن بچنە نەخۆشخانەی بیرونی، هەروەها کەمیی دەرمان هەیە، پێشتر ئێمە یارمەتی نەخۆشەکانمان دەدا بە لانیکەم بە دابینکردنی ژەمە دەرمانەکان بە نرخێکی گونجاو، بەڵام ئێستا گەمارۆدانەکە وایکردوە کە ئەوە نزیکەبێت لە مەحاڵەوە.
ئەوەی ڕودەدات بە درێژەپێدەری کۆمەڵکوژییەکە پێناسەی کردو وتی: وەک ئەوە وایە کە هێواش هێواش نەخۆشانی شێرپەنجە بکوژن بە ڕاگرتنی دەرمان و بڕینی بەخشینەکان و نەبوونی پشتیوانی.
ڕونیشیکردەوە، کە کۆمەڵەکە بەدواداچون بۆ زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ کەس دەکات کە لە بیرونی چارەسەریان وەرگرتووە، جگە لە نەخۆشە دێرینەکانیان، بەڵام سەرچاوەکان زۆر کەمن، ئەوەی لە تواناماندایە دەیکەین، بەڵام دۆخەکە خراپتر دەبێت، نەخۆشانی شێرپەنجەش کاتیان نییە چاوەڕێ بکەن.