ڕژاک: برینەکانی هەڵەبجە تا ئێستاش ساڕێژ نەبوون
ڕژاک بۆ ٣٦ ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە ڕایگەیاند، تەنها تاوانی خەڵکی هەڵەبجە ئەوە بوو کە کورد بوون، تا ئێستاش برینەکانی ئەو کارەساتە لەلای هاوڵاتییان ساڕێژنەبوون.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان "ڕژاک"، لە بارەی ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە لە ١٦ی ئاداری ١٩٨٨ ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: لە هەڵەبجەی شەهید لە ١٦ی ئادار، ڕژێمی بەعسی ڕووخاو بە چەکی کیمیایی هێرشی کردە سەر شاری هەڵەبجە و زیاتر لە ٥ هەزار مرۆڤ لە ماڵ و خاکی خویاندا شەهید بوون، تەنها تاوانی ئەم مرۆڤانە ئەوە بوو کە کوردن، تا ئێستاش چەندین منداڵی هەڵەبجە بێسەروشوێنن و چەندان مناڵ لە وڵاتانی دیکە گەورەکراون و بێ خێزانن، واتە ئەم دۆخە تراژیدییە تا ئێستاش بەردەوامە و ئازارەکانی خەڵکی هەڵبجە ساڕێژنەکراون.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەسەر ئەو کارەسات و کۆمەڵکوژییانەی کە بەسەر گەلەکەماندا هاتووە، پێویستە لەلایەن مرۆڤە ئازادییخوازەکانەوە سیستمی بەڕێوەبردنی جیهان دادگایی بکرێن، چونکە بەدرێژای مێژوو مرۆڤیان ڕووبەڕووی کارەسات و کۆمەڵکوژیی کردووەتەوە هەم ژینگەیان پیس کردووە و سوتاندوویانە و وێرانیان کردووە، لەم پێناوەشدا گەلان و بە تایبەت گەلی کورد دەکەنە قوربانی سیاسەتەکانی خۆیان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: تا ئێستاش لە چیاکانی کوردستان شۆڕشگێڕانی کورد بە بەرچاوی جیهانەوە کیمیاباران دەکرێن بەڵام مرۆڤایەتی چاوی خۆی داخستووە و لە ئاستی ئەم تاوانەدا بێ دەنگن، ئەو سیستمە جیهانییەی کە وەک مشەخۆر لەسەر لەش و خوێنی مرۆڤەکان ژیان دەکات تەنها بە کوشتار بەڕێوە چووە و دەچێت، ئیتر پێویستە دادگایی بکرێت و کۆتایی بەو زهنییەتە بهێندرێت و چیتر خوێنی مرۆڤەکان نەکاتە سوتەمەنی بۆ درێژەدان بە تەمەنی خۆی.
لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکە ڕژاک بانگی لە هەموو لایەنە سیاسییەکان و ژنان کرد، بۆ پاراستنی ئەم خاک و نیشتیمانە پێویستە دەستی چارەسەریی و یەکڕیزیی و پێکەوەیی بۆ یەکدی درێژ بکەن و لەم قۆناغەدا ببنە پاڵپشت و پشتیوان بۆ گەل.