ئاهەنگی نەورۆز لە ناوچەی داشتمەری شاری مهاباد بەڕێوەچوو

سەرەڕای بارودۆخی ئەمنی و داخستنی ڕێگاوبانەکان، مەراسیمی نەورۆز لە شاری داشتمەری مهاباد بە ئامادەبوونی لانیکەم ٢٠ هەزار کەس و ژنانی دەست بە مەشخەڵ بەڕێوەچوو.

مهاباد

 

لەگەڵ هاتنی نەورۆز وەک ڕەمزی ئازادی و ژیان، ساڵانە خەڵکی کوردستان ئاگری نەورۆز داگیرسێنن، ئەمساڵیش سەرەڕای ئەو فشارە زۆرانەی کە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە بەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سەپێنراوە، ئاگری نەورۆز لە لایەن ژن و پیاوەوە لە ناوچەی داشتمەری مهاباد کە دەکەوێتە سەر ڕێگای مهاباد-سەردەشت هەڵکرا.

 

لە ئاهەنگەکەدا نزیکەی ٢٠ هەزار کەس ئامادە بوون، بەرخۆدان و تێکۆشان ڕەنگێکی جیاوازی وەرگرت بە کاریگەری "ژن، ژیان، ئازادی" و خەڵک بە شێوەیەکی جیاوازتر لە هەموو ساڵێک پێشوازییان لە نەورۆز کرد، ژن و پیاوان بە دەوری ئاگرەکەدا کۆبوونەوە و بە جلوبەرگی ئازادانە وتنەوەی دروشمی ئازادی و خولانەوەی جامانە نەورۆزیان پیرۆز کرد.

 

سوهەیلا مەلەکی، یەکێک لە بەشداربووانی ئاهەنگەکە وتی: خەڵکێکی زۆر بەشدارییان لەم ئاهەنگەدا کرد بۆ پێشوازیکردن لە نەورۆز، بەڵام بەهۆی داخستنی ڕێگاوبانەوە خەڵکێکی زۆر نەیانتوانی بێنە ئەم ناوچەیە، لە ئاهەنگەکەدا ژنان بە سووڕانەوە بە دەوری ئاگر و هەڵگرتنی مەشخەڵی ئاگر دەربڕینێکی ژنانەی ئازادییان پیشان دا.

 

ئەم ڕۆژە و ئامادەبوونی بەرچاوی خەڵک ڕژێمی ترساندبوو و دوای ماوەیەکی کەم لە مەراسیمەکە، هێزە ئەمنییەکان ڕێگاکانیان داخست و ڕێگریان کرد لە جوڵەی خەڵک لەم ناوچەیەدا، ئەمەش وایکرد زۆر کەس نەتوانن لە شەقامی سەرەکییەوە خۆیان بگەیەننە ئاهەنگەکە، هەروەها بەپێی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان، هێزە ئەمنییەکان بە ڕەفتاری قێزەون و ئەنجامدانی پشکنینی توند بە مەبەستی هەراسانکردنی خەڵک هەوڵی تێکدانی مەراسیمەکەیان داوە.

 

بەڵام سەرەڕای هەموو سەختی و گوشارە سەپێندراوەکان، خەڵکی مهاباد مەراسیمێکیان بۆ پێشوازی لە بەهاری ژن، ژیان، ئازادی بەڕێوە برد و ئاگری نەورۆزیان داگیرساند، تا ببێتە مژدەیەکی خۆش بۆ خەبات و خۆڕاگری و ئازادی.