کۆمەڵکوژی هەڵەبجە لە مەخمور بە ڕاگەیەندراوێک بەبیرهێندرایەوە

٣٦ ساڵەی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخمور" بەبیرهێندرایەوە.

مەخمور

 

دانیشتووانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخمور" لە ڕاگەیەندراوێکدا یادی ٣٦ ساڵەی کۆمەڵکوژی هەڵەبجەیان کردەوە، پێش خوێندنەوەی ڕاگەیەندراوەکە لە دەزگای بنەماڵەی شەهیدان بە خولەکێک وەستان ڕێز لە شەهیدان گیراو دوای ڕێزگرتن، نودەم یامان، هاوسەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی گەل قسەی کرد.

 

نودەم یامان باسی لەوە کرد کە گەلی کورد لە مێژوودا ڕووبەڕووی چەندین کۆمەڵکوژی لەو جۆرە بووەتەوە و وتی: هەزاران کەس لە هێرشی سەر شاری هەڵەبجە گیانیان لە دەستدا، ئێمەی کورد ڕووبەڕووی چەندین کۆمەڵکوژی بووینەتەوە، لە باکوور، کۆمەڵکوژی دۆڵی زیلان لە باشوور هەڵەبجە و چەندین کۆمەڵکوژی تری لەو جۆرە، ئەوە ڕوون و ئاشکرایە کە ئێمە وەک گەلی کورد زەوییەکی پیرۆزمان هەیە، بۆیە چەندین هێرش بۆ سەر وڵاتەکەمان ئەنجام دەدرێت.

 

"ئەو بەرخۆدانەی ئەنجامی دەدەین تۆڵەی ئەو کۆمەڵکوژییانە دەکاتەوە"

نودەم یامان رایگەیاند، هەموو جیهان لە بەرامبەر هێرشەکانی سەر گەلی کورد بێدەنگەو وتی: جیهان و ئەو ڕێکخراوانەی کە خۆیان بە داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ ناودەبەن بێدەنگن بەرامبەر بەو کۆمەڵکوژییانە، هەروەک چۆن ئەوان بێدەنگ بوون سەبارەت بە کۆمەڵکوژییەکانی ئەو ساڵانە، ئێستا بە هەمان شێوە بێدەنگن سەبارەت بە کۆمەڵکوژییەکانی دژی گەلی کورد، بەڵام ئێمەی کورد، بەتایبەتی خەڵکی کامپی شەهید ڕۆستەم جودی، ناتوانین بێدەنگ بین، ئەو بەرخۆدانەی ئەنجامی دەدەین تۆڵەکردنەوە دەبێت بۆ ئەو کۆمەڵکوژییانە، بەو کۆمەڵکوژیانە هەرگیز ناتوانن لەناومان ببەن.