یەپەژە سەرچەتەیەکی داعشی لە دێرەزۆر دەستگیرکرد

یەپەژە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی یەپەژە و قەسەدە، سەرچەتەیەکی داعش لە ناوچەی دێرەزۆر دەستگیرکرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ناوەندی پەیوەندییەکانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" لە بەیاننامەیەکی نووسراودا لە ماڵپەڕی خۆیدا ڕایگەیاند، سەرچەتەیەکی داعش بە ناوی "محەمەد ئەلبەخیت" ناسراو بە ئەبو حەمید لە دێرەزۆر دەستگیرکراوە.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: سەرچەتە محەمەد ئەلبەخیت کە ماوەیەکی زۆرە چالاکیی تیرۆریستی ئەنجام دەدات، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی هێزەکانی یەپەژە و  قەسەدە لە دێرەزۆر دەستگیرکرا.

 

ئەو سەرچەتەیە بەڕەچەڵەک خەڵکی ناوچەی ئەلشوهایلی دێرەزۆرە، لە ساڵی ٢٠١١ واتە لەگەڵ دەستپێکردنی گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ئاستی فەرماندەیی نەقیب لە جەشولهور داندرا، لە شاری حەلەب و عەزاز و ئیدلب چالاکانە کاری کردووە، هاوکات لە دژی یەپەگە و یەپەژە لە ناوچەی ئەلیەربی شەڕی کردووە، بەشداری هێرشەکانی دژی شەڕڤانان کرد.

 

ساڵانێکە دەستی لە ڕووداوە تیرۆریستییەکانی ناوچەکە و تورکیا هەیە، دوای ئەوەی ناوچەی دێرەزۆر لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگارکرا، ئەبو حەمید گەڕایەوە ناوچەی ئەلسوهەیل، لەگەڵ سەرۆکێک بە ناوی ئیبراهیم ئەلحەفیل باندێکی پێکهێناوە، ئەم گرووپە چەتەیەی داعش بە مەبەستی دروستکردنی گرژی و کێشە لەنێوان خەڵکی ناوچەکە و قەسەدە، هەروەها شەهیدکردنی شەڕڤانان و لەناوبردنی کەرەستەی سەربازی و هتد ئەنجام داوە.

 

لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا دەستگیرکرا

لە ٢٦ی حوزەیران، کاتێک ئەبو حەمید بە نهێنی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سووریاوە پەڕیوەتەوە بۆ ناوچەی سوهەیل لە دێرەزۆر، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لەلایەن شەڕڤانانی یەپەژە دەستگیرکرا.