دامەزراوەی بەهێزکردنی ژنانی یەمەن داوای ئازادکردنی ژنە دەستبەسەرکراوەکان دەکات

دامەزراوەی بەهێزکردنی ژنانی یەمەن داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد،ڕێوشوێنی یەکلاکەرەوە بگرنەبەر بۆ دڵنیابوون لە ئازادکردنی سەرجەم ژنە ڕفێندراو و دەستگیرکراوەکان.

یەمەن

 

لە چوارچێوەی دانوستانە بەردەوامەکان لە نێوان حکومەتی یەمەن و حوسییەکان سەبارەت بە زیندانیان و ڕفێندراوان و کەسانی بێسەروشوێنکراو، دامەزراوەی بەهێزکردنی ژنانی یەمەن داوای کرد، دۆسیەی ژنانی ڕفێندراو و بێسەروشوێنکراو بخرێتە بەرنامەی کارەوە.

 

دامەزراوەکە جەختی لە ئەو دۆخە کردەوە کە ژنانی دەستبەسەرکراو لە زیندانە نهێنییەکان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا ئەزموونی دەکەن، تیشکی خستە سەر حاڵەتە دڵتەزێنەکانی خۆکوژی وەک ئەوانەی کە بەسەر ئەسما جەربی و عائیشە مەتاری هات.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، ژمارەی ژنە دەستبەسەرکراوەکانی یەمەن بە زیاتر لە هەزار کەس مەزەندە دەکرێت.

 

هەروەها دامەزراوەکە تیشکی خستە سەر ئەو زیانە دەروونی و جەستەییانەی کە لە ئەنجامی ئەشکەنجەدانەوە هاتوونەتە ئاراوەو بووە هۆی گیان لەدەستدانی هەندێک لە ژنە دەستگیرکراوەکان و پاڵنانی هەندێکی دیکەیان بۆ لێواری خۆکوشتن یان هەوڵی خۆکوشتن، ئەم پێشێلکارییانە پێشێلکارییەکی ڕوونی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و یاسا ناوخۆییەکانی یەمەنن، کە پێویستی بە لێپرسینەوە لە تاوانباران و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەریان هەیە.

 

بەهۆی بەردەوامی ڕفاندن و دەستبەسەرکردنی ئارەزوومەندانە، کە لەم دواییانەدا دەیان کارمەندی ڕێکخراو و باڵیۆزخانە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی لەخۆگرتبوو، دامەزراوەی بەهێزکردنی ژنانی یەمەن داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات ڕێوشوێنی یەکلاکەرەوە بگرنەبەر بۆ دڵنیابوون لە ئازادکردنی سەرجەم ژنە دەستگیرکراوەکان.