چوار کەس بە تۆمەتی سووتاندنی ئاڤان جەزای ١٧ ساڵ دەستگیر کراون

دوای ئەوەی ئاڤان جەزا جەوهەری ١٧ ساڵ بە دووگیانی بە هۆی سووتانەوە گیانی لەدەستدا، ئەمڕۆ پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، چوار کەس لەسەر دۆسیەکە دەستگیر کراون.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای ئەوەی لە ٦ی حوزەیرانی ئەمساڵدا، ئاڤان جەزا جەوهەری ١٧ ساڵ، بە دووگیانی بە هۆی سووتانەوە گیانی لەدەستدا، ئەمڕۆ سەرکەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی دواین زانیاری دەربارەی کەیسی “ئاڤان جەزا” خستەڕوو و ڕایگەیاند، پاش ڕووداوەکە چوار کەس لەسەر دۆسێیەکە دەستگیر کراون، کە بریتین لە: هاوژینەکەی، خەسوو و خەزووری ئاڤان و ئەو ژنەی، کە لە ڤیدیۆکەدا بەر گیانلەدەستدانی باسی دەکات.

 

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، کە تا ئێستا هاوژینی ئاڤان دانی بە تاوانەکەدا نەناوە.

 

جەزا جەوهەر، باوکی ئاڤان جەزا، لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو چوار کەسە و پەیوەندیان بە دۆسێیەی سوتاندنی کچەکەی، وتی: ئەو کەسانە لەسەر دۆسیەی کچەکەم دەستگیرکراون لەسەر سکاڵای ئێمە بووە، خەسووی بەتۆمەتی هەڕەشەکردن لە کچەکەم و خەزوریشی بە تۆمەتی چەواشەکاریی و بەلاڕێبردنی کەیسەکە، هەروەها ئاگاداربوونی لە دۆخی خراپی کچەکەم دەستگیرکراون.

 

باوکی ئاڤان جەختی کردەوە کە سوور دەبێت لەسەر دۆسیەی کچەکەی، بە ئامانجی ئەوەی جارێکی دیکە هیچ ژنێک بەکەم سەیرنەکرێت و نەبێتە قوربانی، وتیشی: لەگەڵ ئەوەی هێشتا لە دادگا ئەوە یەکلانەبوەتەوە، کە ڕووداوەکە خۆکوژیی بووە یاخود تاوانی کوشتن، بەڵام ئێمە بەڵگەی تەواومان لایە، کە ئاڤان پێش سووتانی لەژێر هەڕەشە دا بووە و ترسێندراوە، خۆی ئەوەی بۆ کەسێکی نزیکی باسکردووە.

 

شایەنی باسە تا ئێستا لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە لەلایەن دادوەرەوە بەردەوامە و وتەش لە چەند کەسێکی پەیوەندیدار وەرگیراوە.